لەبەرامبەر هێرش و داگیرکارییە سیاسییەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە خەڵکی باکوری کوردستان تووڕەیی خۆیان دەردەبڕن و لە ئێستادا لەسەر شەقامەکان لە چالاکیدان دژی فاشیزمی تورک.
دوای ئەوەی دوێنێ بە فەرمانی دەسەڵاتی فاشیستی تورک شارەوانییەکانی ئامەد، مێردین و وان داگیرکرا و ڕادەستی خۆسەپێنەکانی ئاکەپە کران، توندتر و بەرفراوانتر لە دوێنێ، ئەمڕۆ خەڵکی باکوری کوردستان لە مەیدانەکان تووبڕەیی خۆیان دەردەبڕن.
سەرەڕای هەموو ڕێگریی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر خۆپێشاندەران، خەڵکی کورد لە باکوری کوردستان بۆ خاوەنداری لە ئیرادە و دەنگی خۆیان لە شارەکانی ئامەد، وان و مێردین ڕژاونەتە مەیدانەکان و تووڕەیی خۆیان بەرامبەر دەسەڵاتی فاشیزم و سیاسەتی دژبە کورد دەخەنەڕوو.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لەو خۆپێشاندانەدا چەندین کەس لەلایەن پۆلیسی تورکەوە بریندارکراون کە پەرلەمانتارانی هەدەپەشی تێدایە، هەروەها ژمارەیەکی زۆریش لە خۆپێشاندەران دەستگیرکراون.
یەکێک لە برینداران، ئایشە ئاجار باشاران پەرلەمانتاری هەدەپەیە، کە ئێستا گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ گروپی پارێزەرانی سەردەم، کۆمەڵەی پارێزەرانی سەردەم، گروپی پارێزەرانی ئازدایخواز و دیموکرات بە هاوکاری پەرلەمانتارانی هەدەپە، لە شاری ئیستەنبوڵ ویستیان لەبەردەم دادگای ئەو شارە بە ڕاگەیەندراوێک ئەو هێرشانە شەرمەزار بکەن، بەڵام پۆلیسی دەوڵەتی تورک هێرشی کرد و ڕێگەی نەدا پارێزەران ڕاگەیەندراوەکەیان بخوێننەوە.
لە ئێستادا خۆپێشاندان دژی ئەو کودەتا سیاسییەی دەسەڵاتی ئاکەپە دژبە ئیرادەی گەل، لە شارەکانی ئامەد، مێردین و وان بەردەوامە و پۆلیسی دەوڵەتی تورک ناوبەناو هێرشی خۆپێشاندەران دەکات و گەلیش ڕووبەڕووی هێرشەکانیان دەبنەوە و بەرخۆدان دەکەن.