بەپێی ئامارەکانی #هەپەگە# لە 4 بۆ 5 ڕۆژی ڕابردوو زیاتر لە 100 سەربازی سوپای تورکی داگیرکەر کوژراون، ئەوەش بە ڕوونی نیشانەی ئەوەیە، کە دەوڵەتی تورک لە زەلکاودا چەقیوە. ئەوەش هێز و ئیرادەی گەریلا بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا دەردەخات و سەلێنەری ئەوەیە، کە ئەوەندە ئاسان نییە داگیرکەران ئەو چیا و شاخانە لە دەستی ئەو گەنجانە دەربهێنن، کە لەسەر ڕێگاکەی عەگید و زیلانن.
گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار ڕایدەگەیەنن، بێگومان نیشتمانی کوردان نابێتە بەهەشت بۆ داگیرکەران. بۆ گەریلاکانی حەفتانین ئەوە تەنها شەڕی ڕزگاری لە دژی داگیرکەر نییە، بەڵکو تێکۆشانی ئازادی، دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی، ئازادیی ژن و پاراستنی مافی هەموو گەلانە.
وەک دەزانرێت تاکە سەرچاوەی #پەکەکە# #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# ڕێبەری گەلی کورد و شەهیدانە. هەموو هێز، توانا، حەماسەتی ژیان، ورە و وزەی ناکۆتایی خۆیان لە فەلسەفە و ڕێکخستنی ڕێبەر ئاپۆ وەردەگرن. لەگەڵ ئەوەشدا نەریت و کولتوری تێکۆشانی شەهیدانیان بۆ خۆیان چەسپاندووە و ورەی بونیاتنانی ژیانێکی نوێ بووە بە سەرچاوەی هێزی گەریلا.
یەکێک لە هێزەکانی تری پەکەکە و گەریلاکان، کە ئەمڕۆ لە حەفتانین شەڕ دەکەن، ئەو پشتیوانییەیە، کە لە گەلەوە وەریدەگرن. هەر ڕاپەڕین و ڕێپێوان و خۆپیشاندانێک، هەر ناڕازیەتییەک، هەر بەشداریکردن لە ناو ڕیزەکانی گەریلادا بۆ گەریلا دەبێتە هێز و ورە. ئەوەش یەکێک لە فاکتەرە بنەڕەتییە گەورە و بەهێزەکان بە گەریلا دەبەخشێت و دەبێتە قەڵا و پاڵپشتی.
گەریلا و گەل ئەو فاکتەرانە کە لە یەکتری دانابڕێن. هەر کە گەریلا شەڕ دەکات، گەل بە هێز دەبێت و کاتێک گەل ورەی وەرگرت و بەکاری هێنا، گەریلاش سەرلەنوێ هێزی خۆی لە شەڕدا کۆ دەکاتەوە و بەو شێوەیە تێکۆشانی شۆڕشگێڕی کە هەرگیز کۆتایی پێنایەت دەئافرێنێت. تێکۆشانی گەریلا و هەڵوێستی گەل سەرکەوتنی ئازادیخوازانەیانی لێدەکەوێتەوە.[1]