محەممەد ڕەزا نیکبەخت، سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی لۆڕستان ڕایگەیاند، ڕێژەی خۆکوشتن لەم پارێزگایەدا زۆر بەرزە و بەجۆرێک کە پلەی چوارەم پارێزگای لە ئاستی ئێراندا هەیە.
سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی لۆڕستان، ئامار و داتاکانی پەیوەندیدار بە خۆکوشتن بە ئاماری زۆر نهێنی ناودەبات و دەڵێت: لەوەتەی کۆرۆنا تەشەنەی سەندووە خۆکوشتن کەمتر بووەتەوە.
پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش ئامارەکانی خۆکوشتن لەو پارێزگایە ڕوو لە کەمبوونەوە بوون. محەممەد عەلی دریک، جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی لۆڕستان، کۆتاییەکانی پاییزی 2019 ئاماژەی بەوەکردبوو، ساڵی 2017 لەو پارێزگایەدا لە هەر 100 هەزار کەس 11 کەس هەوڵی خۆکوشتنیان داوە، بەڵام ئامارەکانی ساڵی 2018 بووەتە 9 کەس لە هەر 100 هەزار کەسدا.
بەگوتەی نیکبەخت، لە پارێزگای لۆڕستاندا خەڵک زیاتر بە ژەهری کشتوکاڵی هەوڵی خۆکوشتن دەدەن، بۆ نموونە حەبی برنج یان حەبی نیسک.
بەگوتەی محەممەد عەلی دریک، 30% تاوەکو 40%ی خۆکوشتنە سەرکەوتووەکان، لەڕێگەی حەبی برنجەوە دەکرێن (ئەم جۆرە حەبە لەکاتی بەکارهێنان دوای سێ بۆ چوار کاژێر کاریگەری لەسەر دڵ و کۆئەندامی هەناسەدان و مێشک دەبێت، ئەمجۆرە حەبە دەخرێتە نێو برنجەوە بۆ ئەوەی بەزوویی خراپ نەبێت).
مەحموود سەمینی، جێگری پارێزگاری لۆڕستان، دەڵێت: ڕێکخراوی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری دەبێت چاودێری بەسەر ناوەندەکانی دابەشکردنی ژەهرەکانی کشتوکاڵدا بکەن و بەشێوەی یاسایی و کۆنترۆڵکراو بە خەڵک بدرێن. بەگوتەی سەمینی، ژنانی کابان زیاتر لە توێژەکانی دیکە هەوڵی خۆکوشتن دەدەن.[1]