لە10-02- 1970دا، بەهەوڵ و هیممەتی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نوسەرانی کورد، مۆڵەتی ڕەسمی کارکردنی ئەو ڕێکخراوە لە#وەزارەتی ناوخۆ#ی عیراق وەرگیراوە، لەو کاتەوە هاتە مەیدانی کارو خزمەتی ئەدەبی و ڕۆشنبیری و لەو بوارانەدا خزمەتێکی زۆری پێشکەشکردووە.
هەرچەندە ئەم ڕێکخراوە، ڕێکخراوێکی کەلتوری و پیشەیی شاربوو، بەڵام قەڵەمەکانی هاوشانی چەکی پێشمەرگە لەخزمەتی شۆڕش و گەل و نیشتماندا بوون، چەندین نووسەر تووشی گرتن و ڕاونان بوون و بەشێک لەو قەڵەمە جوامێرانە لەکۆڕی خەباتی شارو شاخدا گیانی خۆیان بەئازادی کوردستان بەخشی و شەهیدبوون.
یاخی لە بەعس، ڕژێمی بەعس وەک ڕێکخراوێکی یاخی سەیری یەکێتیی نووسەرانی کوردی کردووە، هەربۆیە ساڵی 1980 هەڵیوەشاندەوە و کردی بەبەشێک لەرێکخراوی (ئەدیبان و نووسەرانی عیراق). ڕاستە یەکێتیی نووسەران وەک ڕێکخراو هەڵوەشایەوە، بەڵام نووسەرانی ئازا و خاوەن هەڵوێست هەر لەبەرەی گەل مانەوە و قەڵەمەکانیان لەخزمەت وشەی پیرۆزی کوردی و کوردستاندا بوون و بەرهەمەکانیان بەناوی خوازراو لەبڵاوکراوەکانی شاخدا بڵاودەکردەوە.
دوای ڕاپەڕین دامەزرایەوە
لەدوای ڕاپەڕینی ئازادیی ساڵی 1991، جارێکی تر یەکێتیی نووسەران دامەزرایەوە و هاتەوە مەیدانی تێکۆشانی ئەدەبی و ڕووناکبیری و تائێستاش بەردەوامە و لەمێژووی پڕشکۆی تەمەنیدا خزمەتی زۆری کردووە و خاوەنی خەرمانێک دەستکەوتی ئەدەبی و ڕووناکبیرییە.[1]