- ئامادەکار: پشتيوان ئەکبەر حەفتاچەشمەیی
- قەرەحەسەن (لەیلان) ناحیەکە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سەنتەری شارۆچکەی ناوەندی پارێزگای #کەرکووک#ە،
سەنتەری ئەم ناحیە شارۆچکەی لەیلانە کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری کەرکووک بە دووری 20کم.
مێژووی پێکهێنانی ئەم ناحیە بەشێوەیەکی فەرمی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1937ز لە سەردەمی مەلیک غازی کوڕی مەلیک فەیسەڵی یەکەم (بەپێ بڕیاری شاهانه ژمارە 58 لە #08-02-1937# کە لە ڕۆژنامەی وەقائیعی فەرمی عێراقی ژمارە 1556 لاپەڕەی 3 بڵاوکراوەتەوە). هەڵبەتە پێش ئەم مێژووە ئەم ناوچەیە بەناوی قەرەحەسەن هاتووە، لە بیستەکان و سییەکانی سەدەی بیستەمدا لە لایەن شێخ حەبیب کوڕی شێخ عەلی تاڵەبانی بەڕێوەدەبرا لە ساڵی (1919 تاکو 1925) وپاشان لە لایەن شێخ حەسیب تاڵەبانیەوە (1925 تاکو 1937).
لە سەرەتای پێکهێنانی ناحیەکە سەنتەرەکەی لە گوندی خاڵۆبازیانی بووە، کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری کەرکووک بە دووری 15کم، پاشان لەبەر بارودۆخی سیاسی وکۆمەڵایەتی سەنتەری ناحیەکە گوازرایەوە بۆ گوندی لەیلان.
ناوی ناحیەکە (قەرەحەسەن) دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان که بەناوی کەسایەتیەکی ئەم ناوچەیە وە ناو نراوە کە ئەویش(ئیسماعیل قەرەحەسەن) بووە کە خاوەن موڵک وماڵ ودەسەڵات بووە وگوندێکی بەناوە بووە ئەویش گوندی حەساری قەرەحەسەنە کە دەکەوێتە تەنیشت گوندی خاڵۆبازیانی.
سنووری کارگێڕی شارەدێی قەرەحەسەن هەموو گوندەکانی ڕۆژهەڵات وباشووری ڕۆژهەڵاتی شاری کەرکووکی گرتبوەوە، کە قەزای #چەمچەماڵ# لە ڕۆژهەڵاتیەوە وناحیەی ڕێدار (شوان) لە باکوورە، ناحیەکانی #داقوق# وقادر کەرەمیش لە باشورەوە، سەنتەری قەزای کەرکووک لە ڕۆژئاواوە.
لە نێوان ساڵەکانی 1937ز بۆ 1977ز ژمارەی گوندەکانی سنووری کارگێری ناحیەی قەرەحەسەن لە کاتە جیاوازەکاندا گەیشتە 70 حەفتا گوند، ئەمەش ناوەکانیانە:
خاڵوبازیانی، زەنگەنە، حەفتاچەشمە، شۆرجە، کەوەڵە، باشبڵاخی سەروو، باشبڵاخی خواروو، شێخ جیری خواروو، شێخ جیری سەروو، قەرەوەیس، شێردەرە، تەیمەزاوا، ئۆمەرەگەدە، حەسار قەرەحەسەن، مەملی، جافان قەرەحەسەن، میرە سوورە، حوسێن ئیسلام، قازان بڵاخ، تەرجیل، ئۆسمان لەکە، خدربەگی کۆن، خدربەگی تازە، قشڵاخ کۆن، ترکەشکان سەروو، ترکەشکان خواروو، شوانە، پەڵکانە، بان لەیلان، فەرقان، قایش پاشا، حەمک، حەسەن خانە، سیامەنسوور کۆن، سیامەنسور تازە، پوزڵ، نزراوا، چیمەن، خدر بڵاخ، تەپەلوو، باوا، عالیاوا، بەیان لوو، مەتارە، مامشە، سۆلکان، ساڵەیی، تەپە سەوز، تۆپخانە، قەرەهەنجیر، چیمەنی گەورە، چیمەنی بچووک، شۆریجە، هەیبە، ساتی، جڵفە، گورگەیی خان، سەیدان، بنە، ڕجێبات، قەرەلوو، ساری تەپە، زندانە، شرینجە بڵاخ، تۆقماقلوو، یەحیاوە، بزەڵە، پەنجا عەلی، حسن ئاوا، جەوەڵ بۆر، یارمجە.
پێوانەی خاکی ناحیەی قەرەحەسەن وگوندەکان 1057 کیلۆمەتر دووجا بووە، بەڵام ئەم ڕووبەرە کەم بووەتەوە لە دوای ساڵی 1977تەوە. بەپێ بڕیاری ژمارە 652 لە 3/11/ 1977 ناحیەی قەرهەنجیر (رەبیع) دامەزرا لە سنووری جوگرافیای گوندەکانی ناحیەی قەرەحەسەن وژمارەیەک لە گوندەکانی خرانە سەری.
پاش پرۆسەکانی جینۆسایدی گەلی کوردستان عێراق لە ساڵەکانی 1987 و1988 کە ڕژێمی بەعسی عێراق ئەنجامی دا، کە تێدا 4500 گوند وشاۆچکەی کوردستانی وێران وتاڵان کرد ودانیشتیوانەکەشی جینۆساید کرد، ڕژێمی بەعس ژمارەیەک لە ناحیە ویەکە کارگێڕیەکانی نەهێشت یەکێک لەو یەکە کارگێریانە ناحيەی قەرەحەسەن بوو بەپێ بڕیاری ژمارە 821/6481 لە #03-06-1987# لە ساڵی 1989 گوندەکانی سنووری ناحیەی قەرەحەسەن خرانە سەر ناحیەی تازە لە باشووری شاری کەرکووک بەپێ بڕیاری ژمارە 36438 لە 24/12/1989.
لە سەرەتای ساڵی 1999ز دووبارە ناحیەی قەرەحەسەن گەڕایەوە بەڵام ناوەکەی گۆڕدرا بۆ ناحیەی ئوم ئەلمعارک.
پاش پرۆسەکانی ئازادی عێراق لە 2003ز لە لایەن هاوپەیمانی نێودوڵەتی کە تێدا ڕژێمی بەعس ڕوخێنرا، بەپێ ڕەزامەندی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە 10/6/2013 دووبارە ناوە ڕەسەنەکەی قەرەحەسەن گەڕێندرایەوە بۆ ناحیەکە.
لە ئێستادا سنووری کارگێری ناحيەی قەرەحەسەن (لەیلان) چل (40) گوند وکەرت لە خۆدەگرێ، کە ئەم گوندانەن:-
(لەیلان، حەفتاچەشمە، حەمک، شۆرجه، شوانه، قازان بڵاخ، تەرجل، یەحیاوە، ڕجێبات، قەرەلو، تۆقماقلو، یارمجە، صاری تەپەی گەورە، صاری تەپەی بچووک، زیندانە، شرینجە بڵاخ، ترکەشکان، فرقان، قەیسەری، خدر بەگ شێخ محەمەد، خدر بەگ شێخ حوسێن، تەپەلو، بیانلو، عەلیاوا، تۆپخانە، باوا، صاڵەی، مامشە، سولکان، تەپە سەوز، خدر بڵاخ، نزراوا، پەڵکانە، سیامەنسور، شوانە، ئۆسمانلەکە، میرە سورە، بزڵە، قەرەحەسەن، حەسەن خانە، چیمەن).
لەیلان بوەتە سەنتەری ناحیەکە کە لە ئێستادا بوەتە شارۆچکەیەک، دەربارەی ناوی لەیلان چەند بۆچونێک هەیە لەوانە کە ناوی لەیلان لە ئارامییەوە هاتووه ومانای دڵی سپی یان گوڵی شلێری سپی دێ، لە زمانی کوردیدا لەیلان بەواتای سەراو دێت، هەندێکیش ناوەکە دەگەڕێننەوە بۆ تیرەی لەیلان کە نیشتەجێ ئەم ناوچەیەن.
یەکەم بەڕێوەبەری ناحیەکە (تەوفيق ئەفنەدی) بووە، پاشان (ئیبراهيم يەعقوبی) پاشان ڕۆشنبیر ونووسەر وتێکۆشەر (شاکر فەتاح هەمەوەندی) لە چلەکان، پاشان (صوبحی یەعقوبی) لە ساڵی 1947، پاشان (سەعيد قەزاز) پاشان (هادی ڕەشيد چاوشلی) لە ناوەڕاستی پەنجاکان، پاشان (جەمال سائیب) برای هونەرمەند (شەماڵ سائیب)لە ساڵی 1958، پاشان (عەبدولئەمیر) لە ساڵی 1970، پاشان (حاجی تاهیر) لە 1978.
پاش پرۆسەکانی ئازادی عێراق لە 2003ز ئەم پۆستە لە لایەن (محەمەد وەيس عەلی) بەڕێوە دەبرێ تاکو ئێستا.
گرنگترین هۆز وتیرەکانی نیشتەجێ ناحیەی قەرەحەسەن وگوندەکانی ئەمانەن: بەرزنجه، هەمەوەند، زەنگەنە، تاڵەبانی، جاف، سيامنسور، شێخان، جەباری، ساڵەیی، بڵباس، لەیلانی، بەيات، پیر خدری، ڕۆژبەيانی، گل، دەلۆ، بابانی، داودە، لەک، لور، گۆران، ڕجێبات، جرێسات، گضات، معامرە، مەعاضيد.
ناحیەی قەرەحەسەن وگوندەکانی گرنگی ئابووری هەیە
چونکە زەوی خاکەکەی بە پیتە ودەگونجێ بۆ چاندنی
هەموو جۆرە ڕووەکێک ودانەوێڵەک لەبەر بوونی سەرچاوەی ئاو، وه دەگونجێ بۆ بەخێوکردنی هەموو جۆرە ئاژەڵێکی ماڵی. جگە لە بوارە کشتوکاڵیەکەی ئەم ناوچەیە ناسراوە بە بوونی نەوت لەژێر خاکەکەی دا، لە ئێستادا شەش 6 کێڵگە نەوتی تێدایە، لە سنووری ئەم ناحیە یەکێک گەورەترین کارگەی چیمەنتۆی لێیە.
ئەم ناوچەیە جگە لە بوارە کشتوکاڵی وپشەسازیەکەی گرنگی مێژووی هەیە کە لەم ناوچەیەدا چەندەها شوێنی مێژوویی و دێرینی تێدا.
ناوچەی قەرەحەسەن چەندەها شوێنی دڵڕفێن وگەشتیاری تێدایە وەک گرد وچەم ڕووبەرە ئاویەکان وەک بەنداوی شیرین و بەنداوی پەڵکانە کە دەبنە خاڵی گرنگ بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران لە شوێنە جیاوازەکانەوە بۆ ئەم ناوچەیە، کە دەبێتە داهاتێکی دارایی و ئابووری باش بۆ دانیشتوانی ناوچەکە وپارێزگای کەرکووک.
- ئا: پشتیوان ئەکبەر حەفتاچەشمەیی.[1]