هەڤاڵ دڵبەند مستەفا بەرێوەبەری گشتی ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان
خوشک و برایانی ئێزگەوان
لە بیرەوەری چلودووساڵەی دەستپێکردنی پەخشی دەنگی گەلی کوردستاندا پیرۆزباییەکی بەهاریتان لێ دەکەین. لە ئێوە و لە تێکۆشەرانی دێرین، لەوانەی بۆ ئایندە دەبنە درێژەپێدەری ئەم کاروانە، پیرۆز بێت.
ئێزگەکە، وەک لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا ناوی باوە، تەمەنی پڕ بەرەکەتی نزیکەی هاوتەریبی خەباتی یەکێتی و شۆڕشی نوێیە.
ئەم ناوەندە ئاوەدانە بە کەرەستەی قاچاخ و تولە ڕێی شاخەکانی کوردستانا گەیشتە ناوچە ڕزگارکراوەکان. مزگێنی دەنگی شۆرشی دا بە گوێی یار و نەیار، دۆست و دوژمندا. چەند جار لەتەمەنی شۆرشی نوێ لە چەند وێستگە شوێنی گۆریووە، بەڵام قەت سەنگەری نەگۆڕییەوە، کە سەنگەری ئاشتی، دیموکراتی، مافی مرۆڤ، چارەی خۆنووسینە.
هەمیشە قسەی ئەم ئێزگەیە تاپۆ و سەندی ڕاستی، بەڵگەی شەهادەتی کاروانی شەهیدان بووە، سەری پێ سپێردراوە و جفرەی ڕاپەڕین و شانەکانی ڕێکخستن و مژدەکانی چالاکی پێشمەرگانەی جاڕ داوە.
ئەم ئێزگەیە، وەک سروشتی هەر ئێزگەیەکی تر، پەخشی لە هەوایە، بەڵام لە یادەوەری گەلەکەمان نەقشی بەرد و سەرزەمینی پتەوی خیتابی میدیایی بەرپرسانەی یەکێتییە، هەر دەمێنێ و باڵا دەکات.
هەڤاڵان !
بەم هەموو مێژووەوە ڕوومان لە وەرزی نوێبوونەوەیە، ڕوومان لە کۆنفرانسی ڕاگەیاندن و ڕۆژی میدیای یەکێتییە. دەبێ مێژووە دێرینەکە هاندەرمان بێت، بەڵام نەشمان ترسێنێ تا ڕادەی سڵکردنەوە لە نوێگەری.
ڕاستە نوێبوونەوە هەنگاو بە هەنگاو دەکرێت، بەڵام واش نا کە سست بێت. سەرەڕای سەبری یەکێتی و جەماوەر و تێپەڕینی قۆناغی کۆڕۆنا و بەربەستی نەخوازراو، چانسێکی باشمان لە پێشە، کە دەبێ چۆڕبری بکەین ئەگینا گەشەی تەکنەلۆژیا کە بۆ هەموو میدیاکانی تریش دەستەبەرە، زۆر چاوەرێمان ناکات. پێویستمان بەوەیە بە سینگفراوانی و چاوی ڕخنەوە ڕێڕەوی ئێزگەکە و میدیاکەمان ڕاست بکەینەوە و بیخەینەوە سەر ڕاستەرێی هێڵی سیاسەتی گشتی یەکێتی. لەسەر سێ تەوەر ئێزگەکەمان پەرەپێبدەن:
- کار و کۆششی ڕۆژانە ڕانەگرین
- بەرنامەی گەشەپێدانی توانای ماددی و مرۆیی دابنێین، خولی مەشق و ئەبدەیتکردنەوە دەستپێبکەین
- هەموو تەکنەلۆژیای نوێ بخەینەگەڕ مادام ئیتر وەک جاران هیچ قاچاخ نییە ولێی مەحروم نین.
هەڤاڵان
توانای کچان و کوڕانی یەکێتی و کوردەواریش سامانێکی گەورەیە کە ئێمە لە پێشترین کەڵکی لێوەرگرین بۆ نوێبوونەوەی ڕاگەیاندنەکەمان.
دوای زیاتر لە چوار دەیە چاومان لە ئایندەیە کە چەندین دەیەی تر ئێزگەکەکەمان بگەشێتەوە، پەخشەکەی ئاسمانی وڵات بتەنێتەوە و مەشخەڵانی شۆرشی نوێی ئەمجارە بە تەکینکی میدیای نوێ قەدبڕێکی چۆنایەتی بکات.
هیچ شتێک مەحاڵ نییە. هەقمانە باوەڕمان پێتان هەبێ و هەقتانە پشتیوانی هەڤاڵانی مەکتەب و سەرکردایەتی یەکێتیش بخوازن.
نەورۆزی یادەکەتان پیرۆز و نۆ ڕۆژی نوێبوونەوەتان باش
مەکتەبی ڕاگەیاندن
#20-03-2021#