کاک نەوشیروان ئەیویست ئەم موڵک و ماڵە لەسەر کومپانیای وشە تاپۆ بکات کە هی خۆی بوو
#سالار عەزیز#
لە ساڵی 2001دا کاک مولازم عومەرو کاک قادری حاجی عەلی و من بڕیارمان دا کاروباری حیزبی لەناو یەکێتیدا نەکەین، هەر وەک ئەندامێکی یەکێتی لەماڵی خۆمان دابنیشین و تەرەفداری هیچ دەسته و گروپێکیش لەناو یەکێکێتیدا نەبین. لەهەڵبژاردەکانی ناو خۆدا بێلایەن بوین و بەرنامەکەی کاک نەوشیروانمان پێ پەسەند نەبو. هەرچەندە درێغیمان لە ڕاو بۆچونەکانی خۆمان لە بوارە سیاسی و ڕاگەیاندنەکاندا نەکردوە.
پاش وازهێنانی کاک نەوشیروان و وەرگرتنی گردی زەرگەتە و ئەپارتمانێکی گەوره و 280 دۆنم زەوی له بازیان و دە ملیۆن دۆلار لەلایەن #مام جەلال#ەوە، ئێمە یانی کاک مولازم عومەرو کاک قادری حاجی عەلی و من، به چاکمان زانی لەگەڵ کاک نەوشیرواندا لەمەڕ پێکەوە کارکردنێکی نوێ ئەم جارەیان به شێوازێکی جیاواز لەناو یەکێتیدا، گفتوگۆ بکەین. پاش چەندین جار دانیشتن و وتووێژ، لەئەنجامدا دەستەیەکی پێنج کەسیمان وەک سەرکردایەتی ئەم مینبەرە پێکهێنا کە بەشێوەیەکی ئاشکراو دیموکراتیانه و سەردەمیانە لە پێناوی چاکسازی لەناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا درێژە بەخەباتی بدات.
ئەوەی ئەبوە بەربەست لەم کارەدا هەوڵی کاک نەوشیروان بو، کە ئەیویست ئەم موڵک و ماڵە لەسەر کومپانیای وشە تاپۆ بکات کە هی خۆی بو. بۆیە ئێمە پێمان وت باشتروایە بەناوی تۆوە نەبێ، ئەم ڕێبازە یەکێ لەکارە گرنگەکانی چونەوەیە بەگژ ئەوانەی تەماعیان لەسەروەت و سامانی خەڵک و ئەم نیشتمانەیە، با هەوڵبدەین ڕێگەکی دی بدۆزینەوە. کاک نەوشیروان وتی با بەناوی هەرپێنجمانەوەی بکەین. ئێمە ڕەتمانکردەوه و ڕازی نەبوین و به شۆخییەوە وتمان یانی که مردین مناڵەکانمان بێن و بڵێن بەشی باوکمانی پێوەیە!!!
چوینە لای کاک ڕوشدی عەزیز، که لەبەشی یاسایی گردەکه کاری ئەکرد، بۆ ئە وەی بتوانێ دەرچەیەک بۆ ئه و مەسەلەیە بدۆزێتەوه و تاپۆکەی بخرێتە سەر جەمعیەتێک، یا ڕێکخراوێک، هەتا ئەم مینبەرەش هەبێ و بەردەوام بێت، یا ببێتە شتێکی دی بتوانرێ سود له و موڵک و ماڵە وەربگیرێ... دوای نەمان یا هەڵوەشاندنەی ئەم قەوارەیەش ئەوا ببەخشرێت بە زانکۆ یا هەر پرۆژەیەکی خەیری، بەڵام سەرکەوتو نەبو!
دواجارکاک مولازم عومەر چووە لای کاک (دڵشاد عوسمان) که شارەزاییەکی باشی له و بوارانەدا هەبو... ئه و توانیبوی بەرنامەیەک یا سیغەیەک بۆ گرفتەکە بدۆ زێتەوە. کاک نەوشیروان ئامادە نەبو تەماشای بابەتەکەش بکات. دواجار نیشانی دا که لەسەر کۆمپانیای وشه و تاپۆی ئەکات کە هەمو پشکەکانی هی خۆی بون.
من چەند جار ناچارکراوم که لەسەر ئەم مەسەلەیه و گەلێ مەسەلەی زۆر گرنگ قسه بکەم و چەواشەکارییەکان ڕاستبکەمەوە، حیکایەتەکان وەکو خۆی چۆنە بگێرمەوە، بەڵام هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی گۆڕان لە مەڕ پاراستنی یەک پارچەیی هەرێم و پارێزگاری ئەم قەوارەیە بێدەنگیم لێکردوە.
ماوەیەک بەسەر چوو کاک مولازم عومەرو کاک قادر لەگەڵ مندا قسەیانکرد که چیتر نایانەوێ لەگەڵ کاک نەوشیرواندا بمێننەوە...، بەڵام بەو سیفەتەی کە ئێمە سێ هاورێی هەمیشە پێکەوە بوین و ماوەیەکی درێژمان لە ناو ئەم گێژاوو ڕوداوانەدا بەسەر بردبوو، زۆرهەوڵم دا پەشیمانیان بکەمەوە بێ سوود بوو. هەرچەندە من دڵشکاوتر بووم، بەڵام دەستهەڵگرتن له پەیامێک که خۆمان نەخشەکێشەکەی بوین لای من ستەمێکی گەورەبو. ئەوان ڕۆیشتن... ئیتر چی ڕویداو چی بەدوادا هات... لێرەدا منیش باسەکەم ئەوەستێنم و بۆ بیرەوەریەکانی بەجێ ئەهێڵم.