#هێرش ڕەسوڵ#
هەرچەند دەرفەتم زۆر کەم بوو، بەڵام هەرچۆنێک بوو، لە چەند مانگی ڕابردوودا و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەلیکترۆنییدا، توانیم نوێترین ڕۆمانی (#نیهاد جامی#) بخوێنمەوە.
نیهاد پتر وەک نووسەر و شانۆکار و ڕەخنەگری شانۆیی ناسراوە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە کار لە نووسینی چیرۆک و نۆڤلێت و ڕۆمانیش دەکات.
ئەم کارە تازەیەی ناونیشانی (#کارینا#)ی هەڵگرتووە. کارینا بەپێی ئەندێشەسازیی ڕۆماننووس یەکێکە لە ئەندامانی (بنەماڵەی خەیاڵ). کچێکە، لە دایک و باوکییەوە بە خەیاڵ دەژی، بە خەیاڵ بیردەکاتەوە، بە خەیاڵ ڕەفتاردەکات و، دەیەوێت هەر بەو خەیاڵەوە ئاییندەی خۆی بنەخشێنێت.
ئیشی من نییە لەم کورتەنووسینەدا، چیرۆک یان چیرۆکگەلی نێو ڕۆمانەکە بگێڕمەوە و ڕووداو و کەسێتییەکانی ئاشکرابکەم، هێندەی دەمەوێ تەنیا وەک خوێنەرێک هەست و بینینی خۆم بە کورتیی بخەمەڕو.
سەرەتا، نایشارمەوە هەم چێژم لە خوێندنەوەی (کارینا) وەرگرت، هەم قووڵییم لێ ڕەچاوکرد.
پەیکەری ڕۆمانەکە بریتییە لە سێ پەرتووک لەناو پەرتووکێکدا، هەریەکەیان گێڕەڕەوەی خۆی هەیە، پاشان هەمایان لە هێڵێکی چیرۆکئامێزدا یەکدەگرنەوە. وەکچۆن کەسێتیی ڕاستینەی ڕۆماننووسیش (نیهاد) لە کۆتاییدا یەکێکە لەوان.
گێڕانەوە لە (کارینا)دا زیاتر بە زمانی کەسی یەکەم و کەسی سێیەمە، کەوا لەلایەن کارەکتەرە سەرەکیی و لاوەکییەکانەوە چیرۆکە جیاوازەکان نمایشدەکرێن.
تەکنیکەکەشی جادوەواقیعیی (ڕیالیزمی سیحری)یە و شێوازێکی جوان و سەرنجبەرە.
بۆ لایەنی زمانەوانیی، ڕێنووس و خاڵبەندیی هەست بە جۆرێک لە پەلە دەکرێت، چونکە هەندێک هەڵەی تێدایە، بەڵام کەمیان هەڵەی گەورە و ماناگۆڕن.
ناکرێت من لێرەدا ناوەرۆکی ڕۆمانەکە بخەمەڕو، بەڵام تەنیا دەمەوێ هێندە بڵێم؛ (کارینا) ڕۆمانی دەستنووسە خوێناوییەکانە، دەفتەری نەخوێنراوەی نەوەی ئازاردراو و بێئومێدی دوای ڕاپەڕینی 1991ە، یاداشتی ڕۆژنامەنووسە گەنجە تێرۆرکراوەکانە.
تەوەری ڕۆمانەکە، تەنیا لە دەوری بابەتی سیاسیی ناخولێتەوە، بەڵکوو لایەنی ئابووریی، کۆمەڵایەتیی، کولتووریی_یش دەگرێتەخۆ.
چیرۆکەکانی نێو (کارینا) پڕن لە فڕین و ونبوون، سەرڕێژن لە کوشتنی هیوا، بێهودەیی، گەمژاندن، لەسەر دەستی نەوەی دوەمی سیاسەت لەم نیشتمانەدا.
بەو هیوایەی، (کارینا) تەنیا لەنێو جاڵجاڵۆکەتۆڕی جیهانییدا نەمێنێتەوە و بە کاغەزییش چاپکرێ و بکەوێتە نێو ڕەفەی پەرتووکخانەکانیش.
سەرکەوتن و بەردەوامیی بۆ نیهاد جامی.[1]