#هەڵەبجە#؛ زانیاری و ئامار لە بەڵگەنامەیەکی مێژووییدا
#ئەسعەد جەباری#
تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و قڕکردن و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە یەکێک لە دڕندەترین مەرگەسات و جینۆسایدی چارەکی کۆتایی سەدەی بیستەم دەناسرێت لەسەر ئاستی ناوچەکەو جیهان، نەک هەر دژ بە کورد کرابێت بەڵکو دژ بە هەموو مرۆڤایەتی کراوە، بەڕادەیەک کە جیهانیش لە ساتەوەختی ئەو کارەساتە ویژدانهەژێنەدا نەیتوانی لەئاست ڕووداوەکەدا بووەستێ و بەری پێبگرێت!، بەڵکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگی هەڵبژارد بەهۆی سیاسەتی لارەسەنگ و کپکردن و بێدەنگکردنی جیهان لەئاست ڕووداوەکەدا لەلایەن ڕژێمی ئەوسای عیراقەوە.
لە ئێوارەیەکی پڕ خەندە و خۆشی هەڵەبجەی سەرکەش، لە ڕۆژی دووەمی خۆشی و شادی ئازادکردنی شارەکە لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی چوار شەممە #16-13-1988# فڕۆکە مەرگهێنەرەکانی ڕژێمی بەعس بۆ تۆڵەسەندنەوەو ڕشتنی ڕقی گڵاویان، کەوتنە بۆردومانکردنی شارەکە و لەهەموو لایەکەوە بە بۆمبی کیمیایی و تۆپی دوورهاوێژ ئەو شارە جوانەیان نغرۆی ژەهر و خوێن کرد، قوربانییەکان خۆی دەدا لە نزیکەی پێنج هەزار شەهید و بێسەروشوێن و 15 هەزار بریندار و بە سەدان هەزاری تر دەربەدەر و ئاوارە، بێجگە لەخاپوورکردنی هەزاران ماڵ و خانووبەرە و دامەزراوەی حکومی و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی و ئایینی و هەڵتەکاندنی ژێرخانی ئابووری شارەکە و کوشتنی سەدان هەزار سەر مەڕوماڵات و پەلەوەر و بەتاڵابردنی سەروەت و سامانی شارەکە و گوندەکانی دەوروبەری هەتا سەنتەری شارەدێی سیروان.
ئەم تاوانە مرۆییە چەند پەڵەیەکی ڕەش بێت بۆ تاهەتا بەتەوێڵی ڕژێمی سەدام حوسێنەوە، دووبەرامبەر پەڵەیەکی ڕەشترە بەنێوچەوانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری چەک و گازی کیمیایی ئەوانەی هاوکاربوون بۆ لێدانی کورد بەو چەکە قەدەغەکراوە.
بە شەهیدکردنی هەڵەبجە ڕژێم دەرگای بۆ کرایەوە کە تاوانی گەورەتر بکات لە گوندەکانی تری کوردستان لە #گەرمیان#ەوە تا کوێستان هەمان گازی ژەهراوی بڕێژێ بەسەر خەڵکی بێ تاوان و سڤیل لە زۆرێ لە گوندەکان.
$یەکەم ساڵڕۆژی هەڵەبجە$
لە بیرەوەریی یەکەم ساڵڕۆژی شەهیدکردنی هەڵەبجە لە #13-03-1989#، بە هەوڵ و کۆششی لقی #سلێمانی# حزبی سۆسیالستی کوردستانی ئەوسا، ئاماری بەشی هەرە زۆری ناوی شەهیدانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە کۆکرایەوە و لە دووتوێی نامیلکەیەکدا لە (چاپخانەی شەهید ساڵح یوسفی) چاپکرا، لەو ساتەوەختەدا کارێک دەگمەن بوو، نامیلکەکە بەزمانی عەرەبی و بە ناونیشانی (#ضحایا مجزرة حلبجة؛ أسماء وأرقام#- قوربانیەکانی قەسابخانەی هەڵەبجە)، ئەو نامیلکەیە بەڵگەیەکی زیندووە بۆ ڕای گشتی و جیهان، بڵاوکردنەوەی بەشی هەرە زۆری ناوی شەهیدان و داتا و تەمەن و پیشەو ڕەگەزیان لەم نامیلەکەیەدا بۆ ئەوسا کارێکی سەخت و گران بووە، نامیلکەکە ناوی تەنها (2215) شەهیدی تۆمارکردوە لە کۆی زیاتر لە پێنج هەزار شەهید.
لەم وردەکاریەدا داتای لیستی شەهیدان پۆلێن دەکەم ئەوانەی لێرەدا ناویان هاتووە لەڕووی کارو پیشە و ڕەگەز و تەمەن و ئاستی زانستی و خوێنەواریان. ئەمەش پۆلێنکارییەکەیە بە پێی نامیلکەکە:
$679 خوێندکار-قوتابی$
شاری هەڵەبجە پێش ڕووداوە خوێناویەکەی 16/3 خاوەنی چەندین قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی و ئامادەیی پیشەسازی و بازرگانی و ئایینی بووە، لەو قوتابخانانەدا هەزاران خوێندکاری لە خۆگرتبوو، لە ساتەوەختی بۆردومانکردنی شاری هەڵبجەدا بەپێی ئەم لیستە (679) خوێندکار شەهید بوون.
$333 منداڵ$
قووربانیەکانی ئەو مەرگەساتە ویژدان هەژێنەی هەڵەبجە بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووبەڕووی منداڵان بوویەوە، لەو تاوانە وەحشیگەریەدا (333) منداڵ شەهید بوون بەپێی ئەم لیستە.
$285 کاسب$
هەڵەبجە شارێکی پڕ جموجۆڵ بوو، ئەگەرچی شارێکی سەر سنووری بوو، بەڵام ناوچەکەی پڕ بەپیت و بەرەکەت و ناوچەیەکی گەشتیاری و کشتوکاڵی و بازرگانی بوو، خەڵکی شار سەرقاڵی بازرگانی و کاری سەربەست و دووکانداری بوون، بەپێی لیستی ئەم دۆکۆمێنتە (285) کاسب لە کیمیابارانکردنی شارەکەدا شەهید بوون.
$125 جوتیار$
ناوچەی پڕ بەپیتی هەڵەبجە و دەشتی #شارەزوور# بە یەکێک لەناوچە کشتوکاڵییەکانی کوردستان بەناوبانگە، بەسەدان و هەزاران خێزان بژێوی ژیانیان لەسەر کشوکاڵە، لەو ڕووداوەدا (125) جوتیار شەهید بوون.
$92 فەرمانبەر$
هەڵەبجە وەک شارێک خاوەنی چەندین فەرمانگە و دامەزراوەی گشتی و حکومی بووە، لەو مەرگەساتەدا (92) فەرمانبەری شارەکە گیانیان لەدەستداوە.
$84 پیروپەککەوتە$
لەنێوان شەهیدانی شارەکەدا (84) کەسی پیر و پەککەوتە لە ژن و پیاو گیانیان لەدەستدا کە تەمەنیان لە نێوان (80 بۆ 90) ساڵ دەبوون.
$65 کرێکار$
هەر بەپێی ئەم داتایە بێت (65) کرێکار شەهیدبوون.
$36 مامۆستا$
لە بۆردومانەکەدا (36) مامۆستای ژن و پیاو گیانیان لەدەستداو بوون بە قوربانی کورد و کوردستان.
$28 شۆفێر$
چینی کاسب و خزمەتکاری شارەکە لە شۆفێران (28) کەسیان شەهید بوون.
$21 خانەنشین$
خانەنشینانی ئەو شارە بەدەر نەبوون لە قوربانیدان لەو ڕووداوە مەرگهێنەرە، (21) خانەنشین لە ژن و پیاو شەهید بوون.
$12 دەرچووی زانکۆ$
چەندین خوێندکار و قوتابی زانکۆ و پەیمانگاکان شەهید بوون، سەرجەمیان پاشەڕۆژێکی گەورەیان لێچاوەڕوان دەکرا، (12) دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان شەهید بوون.
$10 دەرچووی ئامادەیی$
هەر بە پێی ئەم لیستە 10 خوێندکاری دەرچووی ئامادەییەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ شەهید بوون.
$1 پزیشک$
لەو هێرشە وەحشیگەریەی ڕژێمی بەعس تەنها (1) یەک پزیشک گیانی لەدەستدا کە خەڵکی شارەکە بوو، ئەم پزیشکە پەیامی مۆڤایەتی پێ بوو، لە خزمەت خەڵکی شارەکەی خۆیدا گیانی لەدەستدا.
$کارێکی ئاسان نەبوو$
هەڵبەتە ئەم داتاو ئامارەی لەبەردەستمانە، کاتی خۆی بە کۆششی زۆری پێشمەرگە و ئەندامانی حزبی سۆسیالستی کوردستان کۆکراوەنەتەوە لەکات و زرووفێکی دژوار و دیاریکراودا کە ئاسان نەبوو ناوی بەشێک لە قوربانیەکان بڵاوبکرێنەوە بۆ ڕایگشتی و جیهان بەتایبەتی بە زمانی عەرەبی، جێگەی دەست خۆشی و پێزانینە بۆ هەموو ئەو کەسانەی وەک سەربازی وون کاریان لەم نامیلکەیەدا کردوە.
شەهیدکردنی بەکۆمەڵی خەڵکی هەڵەبجە لە #16-03-1988# دوو ڕاستی دەسەلمێنێ بۆ مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەمان:
1-شاری هەڵەبجە، مەڵبەندی زانیاری و ڕۆشنبیری لە هەمانکاتدا مەڵبەندی شۆڕش و پێشکەوتوخوازی گەلەکەمان بووەو ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە هەموو بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و کلتووری بە درێژایی مێژوو.
2-شاری هەڵەبجە، گرنگی شوێنکەوتەی جوگرافیای خۆی هەیە بۆ بازرگانی سەر سنوور، هەروەها کەناڵێکی گەورەی پەیوەندییە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان دوو وڵات.
ئەو دوو ڕاستیەی سەرەوە بۆمان دەردەخات کە دووژمنان بۆچی ئەم شارەیان کردە ئامانج و بەچەکی قەدەغەکراو شارەکەیان شەهید کرد لە ماوەی چەند ساتێک بەهەزاران هەزار کەسیان شەهید و بریدار و ئاوارە و دەربەدەر کرد، بەمەش گەورەترین گورزیان لە شارەکەدا کە لانکەی شۆڕش و ڕاپەڕین و مەڵبەندی ڕۆشنبیری و زانستی بوو نەک هەر بۆ ناوچەکە بەڵکو بۆ هەموو کوردستان، ڕژێمی بەعسی ڕووخا و لەپێناوی لاوازکردن و لەناوبردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد ئەو ڕێگەیەی هەڵبژارد کە دواتر کەوتە پەلامارو وێزەی شار و شارۆچکە و گووندەکانی کوردستان لە پرۆسەی ئەنفال و قڕکردنی خەڵک و تەواوی خاکی کوردستان، ئەو هەوڵانەی ڕژێم بۆ لەتوپەتکردنی گیانی کوردایەتی و لەڕیشەهەڵکێشانی کۆمەڵگەی کوردەواریمان بوو تاکو نەتوانێ کار بۆ هێنانەدی ئامانج و ئاواتەکانی لە مێژینەی نەتەوەکەی بکات.
بەڵام دووژمنی دیکتاتۆر و ڕژێمی سەدام حوسێن لە دوای تەنها سێ ساڵ لە کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە، بە هەوڵ و خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان بەگشتی لە هەنگاوێکی مێژووییدا گەلی کوردستان لە ساڵی 1991 ڕاپەڕینی بەرپاکرد و هەموو کوردستانی باشووری ئازادکرد بە شاری خۆشەویستی هەڵەبجەشەوە، دوای هەموو ڕووداوەکان لەم شارەدا زۆر نهێنی و پشتی پەردە و ڕووداوگەلێک جیاجیا ئاشکرا کران کە پیلان و هێرشی دووژمنکارانی ڕژێمی بەعس زۆر زەبەلاح بوو بۆ لەناوبردنی هەموو نەتەوەی کورد.[1]