دەقی پەیامەکەی #مەسرور بارزانی#:
لە (124)مین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی (ڕۆژنامەی کوردستان) لەسەر دەستی خواڵیخۆشبوو میر میقداد میدحەت بەدرخان و هاوکارانی، کە هاوکاتیشە لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستاندا، پیرۆزبايیەکی گەرم لە سەرجەم ڕاگەیاندنکاران و ڕۆژنامەوانانی کوردستان دەکەم و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
ڕاگەیاندن پەیامێکی گرنگ و پبرۆزی هەیە کە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاریی ڕاست و دروستە. هەرێمی کوردستان پێویستی بە ڕۆژنامەوانییەکی پیشەییانەی خۆ بە بەرپرسیارزان هەیە، کە بەشدارییەکی کارا و ئەرێنی لە پرۆسەی گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کۆمەڵگەی کوردستاندا بکات و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و ئیتیکی پیشەیی میدیاکاریدا، بە گیانێکی بەرپرسیارانە و بە باشترین و جوانترین شێوە، لە خزمەتی کۆمەڵگە و ئامانجە نیشتمانییە باڵاکاندا بێت.
جێی خۆشحاڵی و شانازییە کە لە هەرێمی کوردستاندا، ژینگە و دەرفەتێکی باش بۆ کار و بزاڤی ڕۆژنامەوانیی و ئازادی ڕاگەیاندن بە گشتی ڕەخسێنراوە و سەدان دەزگای جۆراوجۆر و فرەدەنگی ڕاگەیاندن، سوودیان لەم کەشە ئازادە وەرگرتووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستەبەری کردووە و بەوپەڕی ئازادییەوە کار دەکەن.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە داوا لە ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارە ڕاستەقینەکانی کوردستان بکەم کە ڕێگە نەدەن هیچ کەس و لایەنێک، ئەم پیشە و ئەرکە گرنگ و سەنگینە، بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان و ناوزڕاندن و بێ ڕێزی و سووکایەتیکردن بە بەها بەرزەکانی نیشتمان بەکاربهێنن.
لە کۆتاییدا بە ڕێز و پێزانینەوە، یادی ڕۆژنامەوانە پێشەنگەکان و هەموو ئەوانە دەکەینەوە کە خزمەتێکی زۆری کاروانی ڕۆژنامەگەریی و ڕۆشنبیریی کوردستانیان کردووە.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
22ی نیسانی 2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!