لە کۆڵانێکی پشت شەقامی باتای بەرامبەر قەڵا، 22 ساڵە کار دەکات، سەرەتا وەک قاپشۆر، دواتر وەک چێشتلێنەر و شێف، ئێستا خواردنگەکەی بەناوی خۆیەتی و ڕۆژانە 160 کیلۆ برنج دەفرۆشێت، ئه و کەسە شێف ڕێکانە.
رێکان عوسمان حەسەن، لە دایکبووی 1988ی هەولێرە، نزیکە 22 ساڵە لە چێشتخانە کار دەکات و 17 ساڵە خۆی چێشتلێنەرە، ڕۆژانە نزیکەی هەشت جۆر شلە، سێ جۆر برنج و چەندین جۆر گۆشتی سوور، مریشک، کەڵەباب، قاز، هەندێجار کۆتر و ڕیشۆڵە، جەرگوهەناو، جەرگی مریشک و قاز ئامادە دەکات، بۆ (باسنیوز)، ئاماژە بەوە دەدات، کە زۆر خواردن هەیە، لە چێشتخانەی دیکە نییە، ئەو هەیەتی و دەڵێت: ”سەرەتا من برنجی کوردیم دانا، دواتر خەڵک و چێشتخانەکانی دیکە ئامادەیان کرد“.
وەستا ڕێکان، لە سۆشیاڵ میدیا زۆر چالاکە، زۆربەی جار باسی زاوا و خەزوور دەکات، وەک باس دەکات زۆرجار زاواکان دێنە لای و دەڵێن خەزوورانمان داوەت کردووە، شتێکی باشمان بۆ بکە ”زۆر زاوا دێن، دەڵێن وەستا خەزوورمان داوەت کردووە، ئەمنیش سینییەکی VIP بۆ دادەنێم، دەڵێم ئیشی خۆت بەخاوێنی بکە، خەزووریش هاتووە و دەڵێ زاوام داوات کردووە، خواردنێکی باشم بۆ بکە“.
ئەو شێفە دەشیخاتەڕوو، کە دوورترین دلیڤەری بۆ شاری سلێمانی و کەرکووک، دەڤەری بارزان و شارۆچکەی شەقڵاوە بووە، خواردنەکانی بە دلیڤەری دەڕوات، سێنییەک خواردنە، کە شێف ڕێکان خۆی دایهێناوە، سەرەتا بە 35 هەزار بوو، دواتر هەرزانی کرد، بۆ 25 هەزار، پاشان سێنی بچووکتری دروست کرد، کە بە 15 هەزار دینارە، سێنییەکە لە برنجی کوردی، برنجی ئاسایی، ساوار و بریانی پێک دێت، گۆشتی قەلیە، مریشک و بەرخۆڵەی لەسەرە، شەش جۆر شلەیە ”خەڵکیش هەیە، دەڵێ کەڵەباب و قازیش دابنێت، یەکەم کەس بووم لە هەولێرێ ئەو خواردنەم داهێنا، ئێستا زۆر کەس ئەو کارە دەکات“.
رۆژانە نزیکەی 150 بۆ 200 سێنی تەنیا بۆ ماڵان ئامادە دەکات، زۆر کەس پێی گوتووە خواردنت لە هی خێزانەکەم خۆشترە، ”کڕیار هەبووە گوتوویەتی وەستا ڕێکان زاوای من بوایەی، تەنیا خواردنت بۆمان لێنابایە“.
خواردنگەکەی ڕێکان، بچووکە و دەکەوێتە شوێنێکی باریکەوە، بەڵام ئەو ئامادە نییە شوێنەکەی بگۆڕێت، بەپێی قسەی خۆی لەسەرەتا بەر لە 22 ساڵ لەو چێشتخانەیە وەک قاپشۆر کاری کردووە، دواتر بووەتە شێف، پاشانیش چێشتخانەکە بووەتە موڵکی خۆی، دەشڵێت: ”چێشتخانەکەم لەنێو دوکاندار و چینی هەژارە، نرخەکانیشم جیاوازە، کەسێک داوای سادەش بکات، من چەند پارچە گۆشتێکی بۆ دادەنێم، داوای (عەوازە)ی زیاتر بکات، بۆی دادەنێم، هەیە پارەی لا نییە، دەڵێم بەیانی وەرەوە، یان کەی پارەت پێ بوو بیدە، ئەوەی بێت و ڕەتی ناکەمەوە، کاتێک ڕەوشی مووچە خراپ بوو، نرخم دابەزاند و و ڕامگەیاند توێژی فەرمانبەر، بەتایبەت پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ، دەتوانن نان بخۆن تا ئەو کاتەی مووچە دێت، ئینجا پارە بدە“.
وەستا ڕێکان، پێی وایە، بوونە شێف ئاسان نییە، دەڵێ: ئێستا خەڵک زۆر ناویان لەخۆناوە شێف، کەچی وەستایەکی سووری، یان تورک و بەنگلادیشی هێناوە، خواردنی بۆ ئامادە دەکات، ”شێف ئەوەیە لە قاپشۆری و مەنجەڵ شۆرییەوە دەستی پێکردبێت، نەک کەسێک پارەی هەیە، شێفێکی بیانی هێناوە و چێشتخانەیەکی داناوە، دەڵێت من شێفم، بۆیە داواکارم حکوومەت ڕێگە بەوانە نەدات و مۆڵەتیان نەدانێ، تا خواردنی کوردەواری نەشێوێت و بیانی ئامادەی نەکات“.
ئەگەرچی خۆی شێفە، خواردنەکانی دیارن، ڕۆژانە نزیکەی 700 بۆ هەزار کەس خواردنی لا دەخوات، بەڵام کێشی خۆی 57 کیلۆیە، ئەوە دەخاتەڕوو، کە زۆر دەخوات، بەڵام بەهۆی ماندووبوونەوە لاوازە، چونکە خۆی بازاڕ دەکات، ڕۆژانە نزیکەی هەشت جۆر شلە، سێ جۆر برنج ئامادە دەکات، بەیانیان کاتژمێر 5 دێت و تا حەوتی ئێوار دەمێنێتەوە، نزیکەی 160 کیلۆ برنج، 80 کیلۆ باینجان، 50 کیلۆ فاسۆلیا، 30 کیلۆ قیمە بۆ شلەی قیمە، ئامادەکات.[1]