دەقی وەسیەتنامەی چوار ئەفسەرە شەهیدەکەی کۆماری کوردستان
بەغداد
18ی حوزەیران، 1947
لە شوهەدای ڕێگای نیشتمانەوە
عیزەت عەبدولعزیز و مستەفا خۆشناو و خەیروڵڵا عەبدولکەریم و محەمەد مەحموودەوە
بۆ: برایانی میللەتی کوردی خۆشەویست
لە دوای تەبلیغی حوکمی ئیعدام بە یەک سەعات نووسراوە
برایان،
لە ژیانی ژێردەستی و ئیستعماردا، لە نووسینی ئەم نامەیەوە تەنیا 14 سەعاتمان ماوە بە پەتی ئیستیعمار دەگەینە دنیای ئازادی و گیانمان دەگاتە گیانی پاکی شوهەدای ڕێگای نیشتمان.
برایان،
خۆمان زۆر بە بەختیار دەزانین کە بەرامبەر واجبی میللی هیچ دوا نەکەوتین، تەنیا نەسیحەتی ئێمە ئەوەیە کە لاوان و نیشتمانپەروەرانی کورد نیگەرانیی زات بکەنە نیشانە و یەکیەتی بکەنە پەیڕەوی خۆیان بۆ شکاندنی تەوقی ئیستعمار و ڕزگارکردنی هەموو میللەتێکی مەزڵووم، بێ جیاوازی.
برایان،
دژمنی جەهالەت بن، بە هەموو تواناتان شەڕی جەهالەت بکەن وە دوای جەهالەت مەکەون. ئێمە نیشانەی تێکۆشینی میللیی میللەتی کوردین لە ساڵی 1947دا. برایانی ئێمە کە ماون بۆ ڕێگای شەرەف تێدەکوشن و پشت بە خودای گەورە میللەت ڕزگار دەبێ.
برایان،
هاتنمانە بەر سێدارە لە بێدەسەڵاتییەوە و سێ ودووکردنەوە نەبوو بۆ تێکۆشین، بەڵکوو هەروەکوو سەربازێکی ئازاد تا ئاخرین توانا هەوڵمان دا و گەیشتینە ئەم نەتیجەیە. ئیدی بۆ یەکیەتی وە بۆ ئازادی. بژی کورد و کوردستان.
[ناو و واژووی شەهیدان]
خیراللە عبدالکەریم، مستەفا خۆشناو، عیزەت عەبدولعەزیز، محەمەد مەحموود (قودسی)
ئامادەکردن و جاککردن و گۆرینی ڕێنووسی بەڵگەنامەکە بۆ ڕێنووسی ئەمڕۆ : زیاد ئەسعەد. [1]