#مانناییەکان#، دانیشتوانی کۆنی زنجیرەچیاکانی #زاگرۆس# و پێدەشتەکانین و بە یەکێک لە پێکهاتە کۆنەکانی گەلی کورد دەناسرێن.
بە گوتەی سەرچاوە مێژووییەکان، مانناییەکان نزیکەی 900 ساڵ پێش زایین بۆ یەکەم جار لە دەشتی باشووری دەریاچەی #ورمێ# لە ناوچەی #مەهاباد# /بەهۆی هەبوونی مەترسیی هێرشی هێزی دەرەکی و دروستبوونی شەڕ/ بە ڕێکەوتنێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی لە نێوان هەموو هۆزەکانی ناوچەکەدا دەسەڵاتی خۆیان ڕاگەیاند.
بەهۆی بەردەوامبوونی هێرشە دەرەکییەکان (بەتایبەت لەلایەن #ئاشوورییەکان#ەوە)، سنووری دەسەڵاتداریی مانناییەکان بەردەوام لە گۆڕانکاری بووە، بۆیە دیاریکردنی سنوورێکی دیاریکراوی هەمیشەیی بۆ ئەم دەسەڵاتدارییە کوردییە کەمێک ئەستەمە. لە سەرچاوە مێژووییەکان و دۆزینەوە شوێنەوارییەکان ناوچەی دەسەڵاتداری مانناییەکان دابەش دەبێتە سەر دوو بەش، بە ناوەکانی: ماننای گەورە، کە شوێنی هەمیشەیی دەسەڵاتدارییان بووە و ماننای تەواو، کە لە کاتی فراوانبوونی دەسەڵاتدارییەکەیاندا دەخرایە ژێر دەستیان و سنووریان فراوانتر دەبوو.
لە گرنگترین شوێنەوارەکانی بەجێ ماو لە دەسەڵاتداریی مانناییەکان ئاماژە بە چەند ناوچەیەکی مێژوویی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین، وەک: قەڵای #زێوێ#، گردی #قەڵایچی#، گردی #حەسەنلو# و شاری شوێنەواریی #ڕەبەت#.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]