ناونیشان: ساڵی 2015 بەرهەمی غازی عێراق دەگاتە 5 ملیار پێ سێجا لە ڕۆژێکدا
ئامادەکار: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
لە سروشتدا غاز لە ژێر زەویدا بە دوو چەشن بوونی هەیە یەکەمیان بە شێوەی تواوە لە ناو نەوتدا کە پێی دەڵێن (الغاز المصاحب – associated gas)، دووە میشیان بە تەنهایەو پێی دەوترێ (الغاز الحر _ free gas). زۆربەی ئەو غازەی لە عێراقدا هەیە لە چەشنی یەکەمە و چەند کێڵگەیەکی کەم نەبێت لە چەشنی دووەمە. کەواتە هەرچەندە بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکات بەرهەمی غازیشی لەگەڵدا بەرز دەبێتەوە، لە بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوتدا 600 پێ سێجا غازی لێ بەرز دەبێتەوە. وەزارەتی نەوتی عێراق لە پلانیدایە کە ساڵی 2015 بەرهەمی نەوت بگەیەنێتە 6.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا ئەو کاتە بە پشت بەستن بەو ڕێژەیەی سەرەوە بەرهەمی ڕۆژانەی غاز دەگاتە 3.9 ملیار پێ سێجا. ئەم ژمارەیە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، ئەگەر غازی کێڵگەکانی کۆرمۆر و #چەمچەماڵ# و کێڵگەکانی تریشی بخرێتە سەر کە بە 1.1 ملیار پێ سێجا مەزەندە دەکرێت ئەو کاتە بەرهەمی ڕۆژانەی غاز لە سەرانسەری عێراقدا دەگاتە 5 ملیار پێ سێجا لە ڕۆژێکدا. ئەگەر پێویستی ناوخۆ بە 3 ملیار پێ سێجا بخەمڵێنرێ ئەوا 2 ملیار پێ سێجا دەمێنێتەوە کە دەکرێت بە یەکێک لە ڕێگایانەوە هەناردەی دەرەوە بکرێت:-
1- هێڵی غازی نێوان عێراق – کوێت کە لە ساڵی(1986)ەوە تەواو بووە بەڵام بە هۆی شەری کەنداوەوە هێڵەکە ڕاگیراوە، ئەگەر نۆژەن بکرێتەوە ئەوا دەکرێ جارێکی تر بە کار بهێنرێتەوە.
2- هێڵی عێراق – سوریا کە بریارە بە نزیکانە دەست بە دروست کردنی بکرێت و لە توانایدایە 12 ملیۆن مەتر سێجا غاز لە ڕۆژێکدا هەناردە بکات.
3- بەستنی عێراق بە تۆری غازی عەرەبیەوە کە هێشتا دەستی پێنەکردووە.
4- هێڵی غازی نابۆکۆ کە وابریارە لە ساڵی 2014 تەواو ببێت.
5- کەشتی عێراق لە توانایدایە ساڵانە 2 ملیۆن تەن غازی سروشتی شل بکاتەوەو لە ڕێگەی کەشتیەوە هەناردەی بکات.
سەبارەت بە کاربردنی ناوخۆش، لە عێراقدا 2 تۆر لە لوولەی غاز هەیە کەلە کۆمپانیای غازی باکوور و باشورەوە دەردەچن و پێویستی ناوخۆ دابین دەکەن. کۆمپانیای غازی باکوور ڕۆژانە 8-11 ملیۆن مەتر سێجا غاز بەرهەم دەهێنێت، جگە لە دابینکردنی غازی ماڵان بۆ پارێزگاکانی باکووری عێراق غاز ڕەوانەی ئەم شوێنانەی خوارەوە دەکات لە ڕێگەی لوولەی تایبەتەوە:- (کارگەی غازی باکوور لە بێجی، کارگەی پەیینی کیمیاوی قائیم، کارەبای موسڵ، کۆمەڵگەی پیشەسازی لە تاجی، ویستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە باشوری بەغدا). کۆمپانیای غازی باشوریش ڕۆژانە 21.5 ملیۆن مەتر سێجا غازی هەمە چەشن بەرهەم دەهێنێت کە وێرای دابین کردنی غازی ماڵان لە پارێزگاکانی باشوور پێویستی ئەم شوێنانەش لە غاز دابین دەکات:- (ویستگەی کەبس کردنی غاز لە باکووری ڕومێلە، ویستگەی کارەبای ناسریە، ویستگەی کارەبای موسەیەب، کارگەی خۆر زوبێر، کارەبای هاریسە، کارگەی پەیینی خۆر زوبێر، کارەبای شوعێبە، کارگەی پترۆکیمیاوی).
لە ڕۆژگاری ئێستاماندا بە هۆی کۆنی ئامێر و دەزگاکانەوە بەشێکی زۆری غازی بەرهەمهێنراو دەسوتێنرێت کە بە 850 ملیۆن پێ سێجا مەزەندە دەکرێت کە یەکسانە بە دوکەڵی 3 ملیۆن ئۆتۆمبیل. [1]