جانلوکا کۆنستانتینی، وێنەکێشی ئیتاڵی دوای ئەوەی وێنەی ئەو کوردەی باکووری کوردستانی کێشا کە دوای حەوت ساڵ ئێسک و پرووسکی کوڕەکەیان لە توورەکەیەکدا دایەوە دەستی، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕووداوی گوت؛ کاتێک گرتەی ڤیدیۆیی #عەلی ڕەزا ئارسڵان#ی بینیوە ئێسکی کوڕەکەیان دابووەوە دەستی، نەمتوانی وێنەکە نەکێشم.
لە وەڵامی پرسیارێکی ڕووداو لەبارەی هەستی وێنەکێشەکە لە یەکەمین بینینی ئەو باوکە کوردەدا، جانلوکا کۆنستانتینی گوتی: وێنەیەکی لەڕادەبەدەر هەستبزوێن و کارەساتبار بوو، بێگومان وێنەکە پڕە لە تووندوتیژی. ئێسکەکانی کوڕێک لە دەستی باوکیدایە؛ واتا ئەوەی ئەم پیاوە بەدەستەوەیەتی کوڕەکەیەتی کە ڕۆژانێک بە [باوکە] بانگی کردووە.
کۆستانتینی هەروەها لەبارەی ئەو شێوازە نامۆیەی ڕادەستکردنەوەی تەرمی گەنجێک بە خانەوادەکەی ئاماژەی بەوە کرد، ڕادەستکردنەوە و سەرەخۆشی بەم شێوەیە ناکرێت، شتێکی بێمانا بوو. من تەنیا بە کێشانی وێنەکە دەتوانم پشتیوانی لە بنەماڵەی هاکان ئەسڵان بکەم و لێیانەوە نزیک بم. لە ئیتاڵیاوە لە باوەشیان دەگرم.
ئەو وێنەکێشە ئیتاڵییە هەروەها لەڕێی ڕووداوەوە هیوای ژیانێکی ئاشتییانە و پڕ لە ئارامیی بۆ گەلی کورد خواست.
جانلوکا کۆنستانتینی ڕۆژی سێشەممە 30-8-2022 وێنەی عەلی ڕەزا ئارسڵانی کێشا؛ ئەو باوکەی کە ڕۆژی 29-8-2022 لە دادگەی ئامەد، ئێسک و پرووسکی هاکانی کوڕی لە توورەکەیەکدا پێدرایەوە.
کۆستانتینی دوای کێشانی وێنەی عەلی ڕەزا ئارسڵانی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە و لەسەری نووسی، هاکان ئارسڵان و باوکی لە شەقامەکانی ئیستەنبووڵ. وێنەی باوکی هاکان کێشراوە کە توورەکەیەکی لەدەستە و لەسەر توورەکەکەش وێنەی ڕووخساری هاکان کێشراوە. لە بەشی سەرەوەی وێنەکەشدا نووسراوە حەوت ساڵ.
جانلوکا کۆنستانتینی، وێنەکێشی ئیتاڵی
هاکان ئارسڵان ساڵی 2015 لە کاتی قەدەخەی هاتووچۆی سەر ناوچەکە لە شەڕی خەندەق لە ناوچەی سووری ئامەد گیانی لەدەستدا. سەرەڕای هەوڵی خێزانەکەی، تەرمی هاکان هەر ڕادەست نەدەکرایەوە.
بەپێی زانیاریی خێزانەکەی، تشرینی دووەمی 2021 و لە ئەنجامی پشکنینەکان لە دادپزیشکی ئیستەنبووڵ دەرکەوت کە بە ڕێژەی 95٪ ئەو ئێسک و پرووسکە هیی هاکان ئارسڵانە. ڕووفاتەکە نێردرایەوە خانەی دادی ئامەد، بەڵام ڕادەست نەکرایەوە.
دواتر هەواڵیان بە عەلی ڕەزا ئارسڵان، باوکی هاکان دا و لە ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستانەوە بەرەو ئامەد بەڕێکەوت و چووە خانەی دادی ئامەد. لەوێ ئێسک و پرووسکی هاکان لە توورەکەیەکدا درایە دەستی عەلی ڕەزا ئارسڵانی باوکی. ئارسڵان بەرەو زێدی خۆی [ئەرزەڕۆم] بەڕێکەوت و گوتی، لەوێ کوڕەکەی بەخاک دەسپێرێت.
دوای تێکچوونی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد، ساڵی 2015 شەڕ لە نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان دەستیپێکردەوە کە ئەو شەڕە بە شەڕی خەندەق ناسرا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پەکەکە لە کۆڵانەکاندا خەندەقیان لێدابوو و شەڕیان تێیاندا دەکرد.
ئەو وێنەکێشە ئیتاڵییە ساڵی 2015 وێنەی ئایلان کوردیشی کێشا و بڵاویکردەوە کە ئەوکاتە ببووە ڕۆژەڤ لە وڵاتانی ئەوروپا و جیهانیش.[1]