ناونیشانی بابەت: با زانستییانە کێڵگەی نەوتی کۆرمۆر بەکاربهێنین
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری شارەدێی قادر کەرەمەوە و 35 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کەرکووکەوەیە، هاوتەریبە لەگەڵ کێڵگەی جەمبور بە دووری 14 کیلۆ مەتر.
ئەم کێڵگەیە 33 کیلۆ مەتر درێژە و 4 کیلۆ مەتریش پانە. یەکێکیشە لەو کێڵگانەی لە بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دۆزراوەتەوە. لە ساڵی 1926 جیۆلۆجییەکانی کۆمپانیای IPC بۆ یەکەمجار باسیان لێوە کردووە. لە ساڵی 1928 بیری ژمارە1 (KM-I) تاقووڵایی 1990م هەڵکەندرا، بەڵام بەهۆی بوونی غازەوە هەندێ ئاستەنگیان هاتە ڕێ .لە ساڵی 1952 جارێکی تر گەرانەوە سەر هەمان کێڵگەو بیری ژمارە2 (KM-2) یان وتاقووڵایی 1624 مەتر هەڵکەند و لە یەکێک لە چین (formation) ەکان غازیان دۆزییەوە.
لە ساڵی 1980 بیری ژمارە 3 (KM-3) یان تاقووڵایی 2965 مەتر برد و غازیان لە سێ چین (formation) دۆزییەوە.
لە ساڵی 1989 بە پێی پلانی وەزارەتی نەوتی ئێڕاق پێنج بیری تر هەڵکەندرا و ژمارەیان گەیشتە هەشت بیر، ناوی کێڵگەکەشیان نا (ئەنفال) بەهۆی ئەوەی کێڵگەکە کەوتووەتە ناوجەرگەی ئەو ناوچانەی پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالی تێدا ئەنجام درا.
ئەوەی لەتوێژینەوەی وەزارەتی نەوتی ئێڕاق هاتووە ئەستوورایی ستوونی غازی (gas colume) ئەو کێڵگەیە خۆی لە 600مەتر دەدات.
کاتێک دەڵێین کێڵگەی کۆرمۆر کێڵگەیەکی غازییە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە نەوتی تێدانییە چونکە لە ئێڕاقدا جگە لە بیابانی ڕۆژاوا هیچ گێڵگەیەکی هایدرۆکاربۆنی نەدۆزراوەتەوە کە (free gas) بێت بەڵکوو هەمیشە نەوتی تێدابووە.
لە دوای پڕۆسەی ئازادییەوە ئەم بیرانە کەوتنە ژێر قەڵەمرەوی حکومەتی هەرێمی کوردستان. پاش تووندبوونی قەیرانی کارەبا لە هەرێم حکومەت بیری لەوە کردەوە ئەم کێڵگە غازییە بۆ مەبەستی بەرهەم هێنانی کارەبا بخاتە گەڕ. ئەوە بوو لەکەڵ کۆمپانیای (دانا غاز) دا دوو وێستگەی بەرهەم هێنانی کارەبایان لە چەمچەماڵ و پیرداود (هەولێر) دامەزراند، ئێستاش 2009 وا لە قۆناغی ڕاکێشانی لوولەی غازن بۆ ئەم دوو وێستگەیە.
ئەوەی لێرەدا مەبەستی سەرەکیمانە بیڵێین ئەوەیە ئەگەر ئەم کێڵگە هایدرۆکاربۆنییە تەنیا بۆ بەرهەم هێنانی غاز بەکار بهێنری ئەوا زیانێکی گەورە بە گەنجینەی نەوت لە کوردستاندا دەگەیەنرێت چونکە ئەگەر تەنیا غازەکەی لێ دەربهێنرێ ئەوا بۆ ئاییندە ناتوانرێ سوود لەو نەوتەی لە ناویدایە وەربگیرێت چونکە بەنەمانی غازەکە هیچ پاڵەپەستۆ (pressure) یەک لە ئارادا نامێنێ تا نەوتەکە سەرخاتە سەرەوە، بۆیە چاکتر وایە شان بە شانی بەکارهێنانی ئەو غازە چەند بیرە نەوتێکیش هەڵبکەنرێ تا غاز و نەوت بە تەنیشت یەکەوە بەرهەم بهێنرێ و سوودیان لێ ببینرێ، پێچەوانەی ئەمە کارێکی نازانستانەیە و زیان بە کێڵگەکە دەگەیەنێت. [1]