ناونیشانی بابەت: هەوکردنی ژێی ماسوولکەکانی مەچەک چییە و چۆن چارەسەر دەکرێت؟
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
ئەم حاڵەتە بریتییە لە هەوکردن لە دەوری دوو ژێی ئەو ماسولکانەی کە بە ئێسکی پەنجە گەورەوە بەستراون. بەهۆی تەسکبوونەوەی کەناڵی دەوری ژێیەکان لێخشاندن زۆر دەبێت ولە ئەنجامدا هەوکردن ڕوودەدات، کە دەبێتەهۆی ئازار لە شوێنی پەنجەگەورە ومەچەک کە ئەمیش لە ئازاری کەمەوە دەست پێدەکات تا ئازاری زۆر توند و هەڵئاوسان و قفڵ بوون لە پەنجە گەورەدا.
$نیشانەکانی:$
1- هەست کردن بە ئازار لە بەشی مەچەک وپەنجە گەورە ئەم ئازارەلەپڕە هەندێک جار کەمە و وردەوردە زیاد دەکات.
2- بوونی ئازار لە کاتی جوڵە و دەست لێدان لە شوێنی هەڵئاوسانەکەی مەچەک وبەشی ژێرەوەی پەنجە گەورە.
3- ناڕەحەتی لەکاتی جووڵانی مەچەک و پەنجە گەورە بەتایبەتی لەکاتی ئەنجامدانی هەندێک چالاکیدا وەک هەڵگرتنی منداڵ یاخوود شتی قوورس، مشتەکۆڵە ، یاریکردن.
4- هەست کردن بە گیربوونی جوڵەی پەنجە گەورە لە کاتی جوڵاندا و هەندێکجار بەتایبەت لە بەیانیاندا.
هەرکات حاڵەتەکە زۆری درێژەخایاند و چارەسەرنەکرا ئەوا هەوکردنەکە و ئازارەکانی هەموو مەچەک و بەشی پێشەوەی قۆڵیش دەگرێتەوە و هەموو جووڵەیەکی جومگەکە و پەنجە گەورە ئازارەکە زیاتر دەکات.
$هۆکارەکانی:$
- خراپ بەکارهێنان و زۆر بەکارهێنانی جومگەکە، جووڵەی بەردەوام و دووبارە بە جومگەکە بۆ نموونە: نووسین و بەکارهێنانی زۆری مۆبایل و گەمە ئەلەکترۆنییەکان.
- بەرکەوتنی زەبری دەرەکی و بریندار بوونی ژێی ماسوولکەکان، کە دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی ژێیەکان لە ناو تونێلەکە دا و هەوکردنیان.
- هەندێک نەخۆشی درێژخایەنی وەکوو: شەکرە، نەخۆشییە ڕۆماتیزمییەکان...هتد.
- لە هەندێک حاڵەتدا کە کۆبوونەوەی ئاو لە لەشدا زیاد دەکات بەهۆی گۆڕان ڕێژەی هۆرمۆناتدا وەک لە کاتی سکپڕیدا.
$دەستنیشانکردن:$
لە ڕێگای پشکنینی کلینیکی بۆ نەخۆشەکە و ئەنجامدانی هەندێک تێستی تایبەت، هەروەها لە ڕێگای ئەنجامدانی سۆنەر بۆ جومگەکە و ژێی ماسوولکەکان، هەندێک جاریش پێویست بە ئەنجامدانی ئەشیعەی تەنووری دەکات.
$چارەسەرکردن:$
1- پێش هەموو شت پشوودان بە جومگەکە و بەکارهێنانی کیفی تایبەت بە مەچەک لەکاتی ئیشکردندا.
2- بەکارهێنانی پاکی سارد و سەهۆڵ بۆ سەر جومگەکە، بەڵام نابێت لە دە خولەک زیاتر بێت لە هەر کاتژمێرێک دا.
3- بەکارهێنانی دەرمانی دژە هەوکردنی ناستیرۆیدی لە ڕێگای حەب یاخوود جێڵی سارد بۆ دەوری جومگەکە.
4- لێدانی دەرزی دژە هەوکردنە ستیرۆیدەکان بۆ دەوری ژێی ماسوولکەکان لەژێر ئامێری سۆنەردا. یاخوود ئەنجامدانی پلازما بۆ زێی ماسوولکەکە لە کاتی برینداربوونیدا.
5- ئەنجامدانی چارەسەری سرووشتی و هەندێک وەرزشی تایبەت بەو حاڵەتە.
6- لە هەندێک حاڵەتی زۆر دەگمەندا لەوانیە نەشتەرگەری پێویست بکات. [1]