ناونیشانی بابەت: کاریگەرى ئەرێنى ونەرێنى لابردنى سفر لەسەر دینارى ئێراقى
ئامادەکردن: #دابان عەبدولواحید حەسەن#
دوای ئەوەی کە ئاڵوگۆڕ بەسەر ڕژێمی ئێراقدا هات و پڕۆسەی ئازادیی ئیراق هاتە کایەوە، جارێکی دیکە لە دراوی ئێراقیدا گۆڕانکاریی گەورە ڕوویاندا، هەم لە ڕووی بەهاو نرخەوە هەم لەڕووی دیزاین و ڕەنگیشەوە. ڕۆژی 9نیسانی 2003 بە کۆتا ڕۆژی ڕژێمی بەعس دادەنرێت، لەبەر ئەوەی لەو ڕۆژەدا گەورەترین پەیکەری سەدام حسێن لەبەرچاوی هەموو دونیا پەت کرایە ملی و هینرایە خوارەوە، ئەوەش بە کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی سەدام حسێن و دەسەڵاتەکەی هاتە ئەژمار، لە ماوەی نێوان 15/9/2003 تا 15/1/2004 پارەی نوێی ئیراق، لە چاپخانەکانی بەریتانیاوە گەشتە ئێراق، لەچاو پارەکانی پێشوودا جۆرەکەی باشتر بوو، تەزویرکردن و ساختەکردنی هەروا ئاسان نەبوو لەچاو ئەوانەی پیش خۆی، لەسەرجەم خاکی ئێراقدا هاتە بڵاوەکردن و کارپێکردنی بە هەرێمی کوردستانیشەوە. لە بڕیارێکی نوێی ئەو سات کە پۆڵبریمەر بوو، بۆهەر یەک دیناری کۆن، 150 دیناری نوێ بگۆڕێتەوە. لە چاپە نوێیەکەدا پارەی کانزایی نەما، کەمترین یەکە 50دیناری بوو، بەڵام وەک پێویست جێی خۆی نەکردەوە.
=KTML_Bold=“سیاسەتى نەختینەیى لە ئێراق”=KTML_End=
سیاسەتى نەختینەیى بەشێکى گرنگە لە سیاسەتى ئابوورى گشتى، چونکە سیاسەتى نەختینەیى ڕۆڵى گرنگ لە ڕێکخستنى خستنەڕووى دراو و کۆنترۆڵکردنى نەختینە و ئیئتمان و بە ئامانجگرتنى هەڵاوسان لە وڵات دەگێڕێت. هەڵاوسان لە سەرەتایى هەشتاکانى سەدەى ڕابردووەوە بەردەوام لە هەڵکشان بووە لە ئێراق، گەورەترین ئاڵنگارى بەردەم بانکى ناوەندى ئێراق، ڕێگریکردن بووە لە هەڵاوسان لە دواى وەرگرتنى سەربەخۆیى خۆى بە پێى یاساى ژمارە (56) ى ساڵى 2003، بۆ بەهێزکردنى تواناى کڕینى دینارى ئێراقى. بەڵام تاکە ئامراز کە بانکى ناوەندى بەدەستییەوە بووە، بریتى بووە لە خستنە بازاڕى دۆلار بۆ جێگیرکردنى نرخى گۆڕینەوەى دینار بەرانبەر بە دۆلار.
ئەمجارەیان زریانێکی نوێ ڕووی لە ئێراق کردەوە، بە جۆرێک دراوی ناوخۆیی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریکی دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، دوای ئەوەی پێشتر قەیرانەکانى سیاسی و ئەمنی و تەندرووستی ڕوویدا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دابەزینی نرخی نەوت و، حکومەت گەیشتە قۆناغی کوورتهێنان لە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانیدا و، ناچاربوو پەڕڵەمان ڕاسپێرێت لەسەر یاسای قەرزکردنی ناوخۆیی کۆببنەوەو بڕیاربدەن لەسەر چۆنێتى پرکردنەوەى کوورتهێنانى دارایى لەناوخۆى وڵاتدا.
حکوومەت هە نگاوە سە ڕە تاییە کانی بۆ جێبە جێکردنی مە ڕجە کانی کاغە زی سپی دە ستیپێکرد، کە لە ماوە ی ساڵانى (2020-2021) ڕابردوودا کاری کرد و باسی زۆری کرد بۆ پاڵپشتی ئابووری خۆی لە ڕێگە ی بە ڕزکردنە وە ی نرخی دۆلار بە ڕامبە ڕ بە دراوی ناوخۆ لە 1184 دینارە وە بۆ 1450 دینار بۆ یە ک دۆلار بەنرخێکی فرۆشتن کە لەلایەن وەزارەتی دارایی بانکی ناوەندییەوە پەسەندکراوە، و ئەم هەنگاوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر نرخی کاڵا و پێداویستییەکانی ڕۆژانە ئێراقییەکان هەبوو بۆ هاووڵاتی بە ڕێژەیەکی کەمتر لە 25%.
قەیرانەکان بەم هەنگاوە لەڕووی ئابوورییەوە تووندتر بوون و تەندرووستیش پێشی کەوت، دوای ئەوەی تەنیا لەلایەنی سیاسی و ئەمنیدا سنووردار بوو، هەموو ئەمانەش لە کاتێکدا هاتن کە ئێراق وڵاتێکی یەک ڕەهەند ئابوورییە، کە نزیکەی 95%.پشت بە نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی دەوڵەت.
=KTML_Bold=“کاریگەرى ئەرێنى سڕینەوەى سفر لەسەر دینارى ئێراق”=KTML_End=
ئامانج لە لابردنى سفرەکان کۆنترۆڵکردنى هەڵاوسان و هەڵکشانى نرخە، هەروەها ئاسانکردنى کڕین و فرۆشتنە، بەتایبەتى بۆ مامەڵە گەورەکان کە ژمارەکانیان دەگاتە سەدان ملیۆن و ملیار، چونکە کێشەى زۆر بۆ هاووڵاتییان و بازرگانەکان درووست دەکات و ڕووبەڕووى هەڵەى ژمارەییان دەکاتەوە.
بەپێى توێژینەوەکان، تا ئێستا 70 وڵات سفرى سەر دراوەکانیان لابردووە، بۆ نموونە: ئەڵمانیا 12 سفرى سەر دراوەکەى 1923 لابرد، لە ساڵى 1946 هەنگاریا 29 سفر و چین 8 سفرى سەر دراوەکانیان لابرد، لە ساڵى 1960 نۆزدە وڵات بە یەکجارى خۆیان لە سفرەکان ڕزگار کردووە. بیست وڵات دوو جار دەستکارى سفرەکانیان کردووە، زۆرترین جار دەستکاریکردنى سفرەکان بە ناوى بەڕازیلەوە تۆمار کراوە و شەش جار دەستکارى سفرەکانى سەر دراوى کردووە. ئێران دوایین وڵات بوو کە بڕیاریدا چوار سفرى سەر دراوەکەى لابدات، دواى داڕمانى گەورەى بەهاى تومەن بەرانبەر بە دۆلارى ئەمەریکى، بەڵام بەهۆى گەمارۆى ئابوورى ئەمەریکا لەسەر وڵاتەکەى، ئەو دەستکاریکردنە هیچ سوودێکی نەبوو.
لە و وڵاتانەى کە دەستکارى دراوییان کردووە و سفرەکانى سەریان لاداوە، هەندێکیان سەرکەوتوو بوون و هەندێکیش شکستیان خواردووە. چونکە وەک وتمان؛ گۆڕینى دراو و یان لابردنى سفرەکانى سەر دراو کارێکى هونەرییە و کاریگەرى ئابوورى نابێت، ئەگەر لە چوارچێوەى چاکسازى ڕاستەقینەى ئابوورىدا نەبێت. هۆڵەندا سەرکەوتوو بوو بەهۆى سیاسەتى توندى سەبارەت بەنرخ و نەختینە، بەهەمان شێوە تورکیا سەرکەوتوو بوو، بە شایەتى سندوقى نەختینەیی نێودەوڵەتى، بە هۆى ڕێککارى کارا بۆ ڕێگریکردن لە هەڵاوسان و توانى بەهاى لیرەى تورکى لە ڕێگاى چاکسازى ئابوورى لە هەموو بوارەکان بەرز بکاتەوە، ئەمەش بووە هۆى سەقامگیرى ئابوورى و خۆى دەربازکرد لە ژمارەى زۆرى دراو و کار ئاسانیکرد بۆ خوێندنەوەى ژمارەکان لەلایەن هاووڵاتییانەوە. چونکە لە تورکیا هەموو خەڵک بوو بووە ملیۆنێر، کە لە ڕاستیدا زۆربەیان هەژار بوون، سواربوونى تاکسى بۆ ماوەى تەنیا 10 خولەک زیاتر لە 10 ملیۆن لیرەى پێویست بوو، بەڵام لە هەمانکاتدا چەندین وڵات شکستییان لەو هەنگاوە هێنا بۆ چارەسەرکردنى کێشەى ئابوورى، بەتایبەتى کێشەى هەڵاوسان، وەک زیمبابۆى و ئەرجەنتین و بەرازیل، هەڵاوسان تێیاندا بەردەوام بوو، چونکە ڕێککارى ئابوورى گونجاویان لەگەڵى ئەنجام نەدا، هەرچەندە هەندێکیان چەندین جار هەوڵیان دایەوە، بەڵام ئەنجامى نەبوو، بۆیە لە کۆتاییدا هەندێکیان ناچاربوون واز لە دراوى ناوخۆیى بهێنن و پەنا ببەنە بەر دراوى بیانى بۆ مامەڵە نێوخۆییەکان. لەبەر ئەوە بەبێ چاکسازیى ڕاستەقینەى ئابوورى، دەستکاریکردنى سفرەکان زیانیان دەبێت و کاریگەرى ئەرێنییان نابێت لەسەر ئابوورى، و نابێتە هۆى کەمکردنەوەى ڕێژەی هەڵاوسان. بانکی ناوەندی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو پڕۆژەیە دەکات و تاوتوێی 54 ئەزموونی وڵاتانی لە لابردنی سفرەکانی دراو کردووە، کە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەو دیاردەیە هەبووە تا چەند ساڵێک لەمەوبەر کە دوایین جار ئێران و تورکیا بوون سفری دراوەکانیان سڕییەوە.
ئەو هەڵاوسانە تووندەی لە نۆهەدەکان لە ئابووری ئێراقیدا، سێ سفری بۆ هەر یەکەیەکی دراوی ئێراقی زیاد کرد، دینارێک بووە هەزار دینار، 10 دینار بوو بە 10 هەزار دینار بەمشێوەیە یەکەکانی تریش زیاد بوون، لەو کاتەیشدا یەکە بچووکەکان ون بوون 250 فلس بووە 250 دینار کە ئەمەیان بە بچووکترین یەکەی دەستاو دەستکردنی ڕۆژانە دادەنرێت. بەڕاى ئابوورى ناسان دوو مەرجی سەرەکی لە سڕینەوەی سفرەکان دیار دەکرێن؛ یەکەمیان، ئەوەیە سەقامگیری نرخ و گەشەی ئابووری جیهان بێت، دووەمیان، سەقامگیرییەک لە ژیانی سیاسی ئەم وڵاتە هەبێت. هاوکات گۆڕانکارى دەبێت بکرێت لەکاتێکدا لابردنی سێ سفرە بێ ئەوەی لەڕووی ژمێریارییەوە پارەکە بەهای خۆی لە دەست بدات. واتە هەزار دینار بکرێتەوە دینارێک و 10 هەزار بۆ 10 دینار و 25000 بۆ 25 دینار بچووک بکرێتەوە.
=KTML_Bold=“کاریگەریى نەرێنى سفر لەسەردینارى ئێراقى”=KTML_End=
دۆخی ئابووری ئێستای ئێراق، لە ئێستادا لەبارنییە بۆ ئەوەی کە سفرەکانی سەر دراوەکەی لاببات، ئەو کارەش پێویستی بەوەیە کە دراوە نەختینەییەکانی ئێستای بکشێنێتەوە و دراوی نوێتر چاپ بکات، ئەمەش پێویستی بە بڕە پارەیەکی زۆرە بۆ ئەوەی ئەو چاپە نوێیە چاپ بکات، چونکە پێویستە تەواوی ڕێکارە هونەرییەکانی تێدابێت، بۆ ئەوەی ڕێگری لەهەبوونی هەر ساختەکارییەک بکات لەکاتى ئەنجامدانى ئەم کارەدا. پلانی لابردنی سفرەکانی سەر دراوی ئێراقی دیارنیە کەى دەچێتەبوارى جێبەجێکردنەوە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، لەگەڵ ئەوەشدا لەو باوەڕەدام کە لابردنی سفرەکانی سەر دراو شیاوی جێبەجێکردن نییە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی گۆڕینی نرخی دراو وەک شۆکێک وابووە بۆ بازاڕی ئێراق و شەقامی ئێراقیش بەرگەی شۆکێکی دیکە ناگرێت.
وڵاتەکانى کەئەم پڕۆسەیەیان جێبەجێ کردووە، بەڵام بەهای دراوەکە لەم وڵاتانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر نەبوو، و پێوەرەکانی هەڵاوسان لە بەرزبوونەوەدا مایەوە. جێبەجێکردنی پڕۆسەی سڕینەوەی سفرەکان؛ یەکەمیان، پێویستى بە هەڵبژاردنی کاتی گونجاوە کە تێیدا ئابووری ئێراق لە دۆخێکی سەقامگیردابێت، دووەمیان درووستکردنی ژینگەی ئابووری بە شێوەیەکی بیرکردنەوە بۆ… جێبەجێکردنی پڕۆسەی سڕینەوە، و ئەمەش پێویستی بە ڕێکارە دارایی و بانکیەکان و ئەو بڕیارانە هەیە کە لەلایەن دەسەڵاتی داراییەوە لە وڵاتەکەدا دەدرێن، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە لە ئێستادا گونجاو نییە و بە مەترسییەکی گەورە بۆ ناسەقامگیری دۆخی ئەمنی و ئابووری وڵات دادەنرێت.
=KTML_Bold=“دەرئەنجام”=KTML_End=
لە هەموو هاوکێشەیەکی ئابووریدا ڕێژەی قازانج و زەرەر حیساب دەکرێت، ئەمەش ئەوەیە کە شارەزایانى ئابووری هۆشداری دەدەن لە تێکچوونی دەروونی، لە بازاڕی ئێراق لە ئەگەری سڕینەوەی سفرەکان، سڕینەوەی سفرەکان لە دراوەکە هیچ شتێک بۆ ئابووری ئێراق دابین ناکات، بەڵکوو دەبێت پارەیەکی زۆر سەرفکرێت لە جێبەجێکردنى ئەم پڕۆسەیەدا چاپکردنی بەبێ ئەوەی ئەمە کاریگەرییەکی ڕوونی لەسەر ئابووری ناوخۆیی هەبێت. لەوانەش خراپتر و سامناکتر حکومەت دەستى بۆ چارەسەرى ئاسان و کوورت مەوداو پینەو پەڕۆ بردووە، لە چەشنى قەرزى ناوخۆ و دەرەکى لەسەر حسابى نەوەکانى داهاتوو، کە ئەوەش ئاییندەى وڵات دەخاتە مەترسییەوە و وادەکات کە لە ئاسۆەوە هیچ هیوایەک بۆ دواڕۆژ دەرنەکەوێت.
لەبەرانبەردا بانکی ناوەندی ڕازی نییە بە ئەنجامدانی هیچ گۆڕانکارییەک لە دراوی ناوخۆیی یان زیادکردن، جا چ سڕینەوەی سفرەکان بێت یان چاپکردنی پارەى 100 هەزار بێت لە قۆناغی ئێستادا بەهۆی نەبوونی پێداویستی لۆجستی و پێویستی بابەتەکە بۆ ماوەیەکی درێژ، بەڵام لە هەمان کاتدا پشتگیری لە بژاردەی دووەم زیاتر لە یەکەم دەکات لە ئەگەری مامەڵەکردن لەنێوان باشترینیان – وەک بەرپرسێکی بانکی دەڵێت: هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ مەحاڵبوونی کۆکردنەوەی هەموو ئەم بڕە لە دراوی ناوخۆیی لە ماوەی کوورتدا جگە لە پێویستی بۆ ماوەیەکی زۆر بۆ چاپکردنی دراوی نوێ.
حکومەت ناچار بوو بچێتە سەر بڕیاری کەمکردنەوەی دینار بەرانبەر بە دۆلار بۆ پڕکردنەوەی کوورتهێنانەکەی لە لایەکەوە و پشتگیریکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی کە لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر دابەزیوە، کەواتە لە دواى ئەو هەموو قەیرانە، ئەگەر ئەو گۆڕانکارییە بکرێت بازاڕ و ئابوورى ئێراق بە یەکجارى دەشێوێت، لە کاتێکدا بازاڕ و ئابوورى ئێراق لە هەموو کاتێک زیاتر بەدواى سەقامگیرییەوە وێڵن. لەبەر ئەوە بە دڵنیاییەوە ئابوورى ئێراق بەرگەى شۆکێکى تر ناگرێت دواى ئەو هەموو شۆک و قەیرانە، ئەگەر ئەو کارە ئەنجام بدرێت، ئەوا تەنیا یەک ئامانجى هەیە ، ئەویش لێدانى سەفقەیەکە لەلایەن هەندێک لە بەرپرسانەوە. [1]