$لەبەرئەوە ئێمەی کورد شیاوی دەوڵەتی خۆمانین$
#قوباد تاڵەبانی#
#24-09-2017#
ڕۆژی دووشەممە بۆ گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستانی ئێراق دیاریکراوە. هاوپەیمانەکانمان: ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەریتانیا، فەرەنسا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەردەوام سەردانمان دەکەن بۆ ئەوەی گشتپرسییەکە ئەنجام نەدەین و، جارێکی دیکە لەگەڵ ئێراق بکەوینە دانووستاندن. ئێمە سوپاسی دۆستەکانمان بۆ هەوڵەکانیان دەکەین، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە ئاساییشی ماوەدرێژ، خۆشگوزەرانی و ئارامی خۆمان بپارێزین. ڕێگاکە ڕوون نییە، بەڵام دەزانین بەسەربەخۆیی کوردستان کۆتاییدێت، لە باشترین سیناریۆدا، بە ڕێککەوتنی هاوبەش لەگەڵ ئێراق.
ڕاستە، ئێمە بژاردەیەکمان هەیە. ئێمە دەتوانین دەنگدانە ڕەمزییەکە ئەنجامبدەین، کە مەترسی ئەوەی هەیە کاردانەوەی جیددی لەو وڵاتانەوە درووست بکات کە دژی گشتپرسییەکەن، یان دەتوانین هەندێک پابەندبوونی پێشنیازکراو لە هاوپەیمانەکانمان، بەهێزترین وڵاتەکانی جیهان قبووڵ بکەین. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئێمەی کورد یادەوەرییەکی ماوەدرێژ و زیندووی ئەو خیانەتانەمان هەیە کە گەلەکەمان بەدرێژایی مێژوو بەدەستیانەوە ناڵاندویەتی. لەبەر ئەم هۆکارە، بەڵامانەو ڕوون نییە کە دواخستنەکە تەواو لە بەرژەوەندی گەلەکەماندایە .
لەکاتێکدا هاوپەیمانەکانمان هاوڕانین لەگەڵ جەختکردنی ئێمە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی وەک یەکەمین هەنگاو بە ئاڕاستەی سەربەخۆییدا، ئەم مافە لە یاسای نێودەوڵەتیدا جێگەی کراوەتەوە و لەگەڵ دەستووری ئێراقیش یەکدەگرێتەوە. هێشتا دەبێ گوێمان لە پابەندبوونێک بێت بۆ پڕۆسەیەکی ئەلتەرناتیڤ کە ئەنجامەکەی ببێتە هۆی بەڕێوەبردنێکی باشتر یان سەربەخۆیی بۆ کوردستان . ئێمەش بەجیددی بیرمان لە مەترسییەکانی ئەنجامدانی گشتپرسی کردووەتەوە. دەبێ کێ لە ئێمە باشتر ئاگاداری ئەو مەترسیانە بێت؟
هەندێک لە دۆستەکانمان داوامان لێدەکەن وەک بەشێک لە وڵاتێک بمێنینەوە کە نەیتوانیوە سنوورەکەی لە تیرۆریستە ئێراقییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بپارێزێت ، کە زیانێکی گەورەیان بە وڵاتی ئێمەش گەیاند. وڵاتێک کە خراپ سامانەکانی بەکارهێناوە و ئەو پشکەی لە بودجەی نیشتمانی پێنەداوین کە پێکەوە لەسەری ڕێککەوتین. وەک ئەنجامی ئەوەش، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، بەغدا لە بواری داراییەوە کوردستانی هێناوەتە سەر چۆک و، وایکردووە نەتوانین مووچەی کارمەندەکانمان و پێشمەرگە بدەین، کە لەبەرانبەر #داعش#دا پارێزگاری لە ئێراق و جیهان دەکات. ئێستا ئێمە میوانداری زیاتر لە 1 ملیۆن ئاوارەی ئێراقی و زیاتر لە 200 هەزار پەنابەری سووری دەکەین، کە تووندوتیژی تایفییان بەجێهێشتووە و بۆ پاراستنیان هاتوونەتەوە هەرێمەکەمان. سەرەڕای ئەوە، حکومەتی ئێراق ڕازینەبوو یارمەتیی دارایی بنێرێت بۆ یارمەتیدان و چاودێریکردنی ئەو خەڵکە سیڤیلە. دەبووایە جیهان زیاتر هەوڵیبدابووایە بۆ ئەوەی داوا لە ئێراق بکات ڕازیمان بکات تاوەکوو بمێنینەوە، نەوەک ئەوەی ڕازیمان بکەن بۆ ئەوەی ئێراق بەجێنەهێڵین.
ڕاستە سەربەخۆیی کوردستان بێکەموکوورتی نییە، بەڕێوەبردنمان، دامەزراوەکانمان و سەرکردایەتی سیاسیمان هەڵەی خۆیان هەیە. بەڵام ئێمە پابەندین بە خۆشگوزەرانی ئابووری، شەفافیەت و بەرپرسیارێتی، لەسەرووی هەمووشیانەوە، پاراستنی ئارامی و ئاساییشی هاوننیشتمانییەکانمان. ئێمە لە زۆر دەوڵەتی نوێ باڵەخانەی زیاترمان بۆ دامەزراوەی نوێ هەیە.
ئێمە بانگهێشتی ئێوە دەکەین یارمەتیمان بدەن لە بەهێزکردنی دامەزراوەکانماندا. گوشارمان بخەنە سەر بۆ ئەوەی لە بواری دیموکراسی و مافی مرۆڤدا پێشکەوتن بەدەستبێنین. ئێمە ماوەی چەندین ساڵە کار لەسەر چاکسازی دەکەین کە ئەم کارەش پێگەمان بەهێز دەکات بۆ ئەوەی کاروباری خۆمان بۆ خۆشگوزەرانی خەڵکی خۆمان و بەهێزی گەلەکەمان بەڕێوەببەین. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە هیچ کەس گوشاری لێنەکردین، ئێمە خۆمان زانیمان دەبێ چ کارێک بکەین بۆ ئەوەی بمێنینەوە، سەرەڕای نەبوونی ئەو کەرەستە و پێداویستیانەی کە دەوڵەتانی خاوەن سەروەری لەبەردەستیانە. ئێمە کۆمەڵگەیەکی کراوە، لێبووردە و فرەپێکهاتەین ، کە هەموو گرووپەکان قبووڵدەکەین و دەیانپارێزین. ئێمە مەبەستمانە دەوڵەتێکی سەربەخۆ ، هێمن و سەقامگیربین و پەیوەندی سیاسی و ئابووری و ئەمنی ئەرێنیمان لەگەڵ دراوسێیەکانمان و، لە هەمووانیش گرنگتر، لەگەڵ ئێراق هەبێت.
ئێوە دەتوانن جۆش و خرۆشی گەنجانمان ببینن کە خۆشحاڵی خۆیان بە بۆنەی گشتپرسییەکەوە دەردەبڕن و ئەو هەستەش لەگەڵ گەنجانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەراورد بکەن، کە تێیدا ڕادیکاڵیزم لەزیادبووندایە. لەکاتێکدا خەڵکی ئێمە هەندێک تێڕوانینی دەربارەی گشتپرسییەکە و باشترین ڕێگە بۆ پێشکەوتن هەیە، ئێمە هەر ئێستاش لەنێو دڵی هەموو کوردێکدا سەربەخۆین. ئێمە هەر ئێستاش دەوڵەتین.
ئێمە دوودڵ نەبووین لە پەیوەندیکردن بە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و هێزەکانی ئێراقەوە کە بۆ ئازادکردنی موسڵ لە دەوڵەتی ئیسلامی دەستی پێ کرد. پێش ئەوەش، ئێمە لە شەڕی دژی ڕێکخراوی قاعیدە دوودڵ نەبووین و پێش ئەویش لەشەڕی دژی سەددام حسێن دوودڵ نەبووین. بەڵام ئێمە جاش نین و پارەمان پێبدرێت بۆ ئەوەی شەڕەکان بکەین. ژیانمان لەمەترسیدایە و ئێمەش بەرژەوەندی ستراتیژی و نیشتمانیمان هەیە. ئێمە دووجار سەبارەت کردنەوەی دەرگاکانمان بەڕووی خەڵکی ئاوارە بەهۆی شەڕەوە نەکردەوە، سەرەڕای کێشە ئابوورییەکانی خۆمان.
جیا لە هەموو ئەمانە، لەجیاتی دانپێدانان یان پاداشتکردنمان، وڵاتانی دیکە چوونەتە ڕیزی ئەو هێزانەوە کە دژایەتی مافی ئێمە بۆ چارەی خۆنووسین دەکەن. ئێوە لە کوێبوون کاتێک کە ئێمە سەربڕدراین و، بە چەکی کیمیایی هێرشمان کرایە سەر و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژراین لە ساڵی 1988دا؟ چەند کاتی ویست تاوەکوو ئێوە وەڵامی داواکانمان بدەنەوە کاتێک کە ئێمە ڕامانکرد بۆ شاخەکان دوای ئەوەی سەددام حسێن، ڕاپەڕینی ئێمەی لە ساڵی 1991 تێکشکاند؟ هەر کوردێک لە سەرانسەری جیهان تووشی شۆکی تێکەڵ بە ترس و تووڕەییبوو لەسەر کێشەی براکانمان و خوشکەکانمان لە لووتکەی چیای #شنگال# لە ساڵی 2014دا . برینەکانی جینۆساید و سەرکوتکاریی ڕابردوو هێشتا تازەن لەنێو دڵ و مێشکماندا. جێگەی سەرسوڕمان نییە کە ئیسرائیل، وڵاتێک کە درووستکراوە وەک بەهەشتێک بۆ ڕزگاربووانی تراژیدیترین جینۆسایدی جیهان، بەتەنیا بە ئاشکرا پاڵپشتی لە گشتپرسی دەکات، هەرچەندە ئێمە هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسیمان لەگەڵیدا نییە.
ئێمە سوپاسگوزارین بۆ پاڵپشتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە پاراستنی کوردستان لە دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام ئێستا کە ئەو پاڵپشتییە لەمەترسیدایە، ئێمە جارێکی دیکە چاوخشاندنەوە بەو گوتەیەدا دەکەین کە دەڵێتکورد جگە لە چیاکان هیچ دۆستی دیکەیان نییە. پابەندبوونی لێڵ وەڵامی ویستی خەڵکی ئێمە نادەنەوە. کاتی ئەوەیە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان پلانێک داڕێژن کە بتوانێ پرسی کورد لە ئێراقدا چارەسەربکات و ئەوپلانەش هەمانشت بداتە خەڵکی ئێمە کە ئێوە هەتانە و ئێمەش شیاوی ئەوەین هەمانبێت: ئەویش دەوڵەتی خۆمانە. [1]