ناونیشانی بابەت: دیاردە و سووتانی منداڵ
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
دایک و باوکانی ئازیز، ئایا دەزانن کەمتەرخەمیەکی تۆ کاریگەرییەکی هەتاهەتایی هەیە بۆسەر جەستە و دەروونی منداڵەکەت.
منداڵ هیچ گوناحێکی نییە تا باجی کەمتەرخەمی تۆ بدات و هەتا ماوە وەک کەسێکی لاشە شێواو بژی و کۆمەڵگە بە چەندین جۆر تانە و تەشەر هەراسانی بکات و بێزاری بکات کە گەورە بوو، کۆمەڵگەیەک گاڵتە بە مرۆڤی لاشەساغ دەکات چ جا لاشە شێواو!
دایکە ئازیزەکان، ئەم قسانە بۆ ئێوەیە چونکە لەکۆمەڵگەی ئێمەدا دایک زیاتر کات بەسەردەبات لەگەڵ منداڵەکانی لە ماڵەوە:
- تکایە مەهێڵە منداڵەکەت بەهیچ جۆرێک بێتە ناو چێشتخانەوە، کەشت سووردەکەیتەوە منداڵەکەت دووربخەرەوە، کەخواردن تێدەکەیت منداڵەکەت دووربخەرەوە ، با منداڵەکەت بگری بە دواتدا ، هەمووی لەوانەیە چەند خولەکێک بگری ئەوە باشترە لەوەی هەموو تەمەنی بگری بۆ کارەساتێک کە خۆی هیچ گوناحێکی نەبووە لەخولقاندنیدا.
- تکایە منداڵەکەت لەلای زۆپا و هیتەردا مەخەوێنە، ئاخر چ مەعقولیەتییەکی تیادایە هیتەر بکەوێت بەسەر ڕووخساری منداڵێکی یازدە مانگدا و بۆ هەتاهەتایە منداڵەکە لایەکی ڕووخساری لەدەست بدات و بەئازاری دەروونیەوە بتلێتەوە لەبەرئەوەی دایکی نەیویستووە سەرمای بێت، باشە ئەو منداڵە سەرمای بوایە باشتر نەبوو؟!
- تکایە منداڵ لای مۆبایڵ و سویچ پلاکەوە مەخەوێنن و دایان مەنێن با بە تەزووی کارەبا نەسوتێن.
- تکایە واز لەو عادەتە ناشرینە بهێنن کە مەنجەڵ و کتری بخەنە سەر زۆپا و بهێڵن منداڵەکانتان لەهەمان ژوور یاریبکەن، تۆزێک زیاتر خۆتان بڕەنجێنن و واز لەو تەمەڵییە بهێنن و لە چێشتخانەکاندا خواردنەکانتان گەرم کەنەوە، هیچ ماڵێک نییە چێشتخانەی تیا نەبێت، بۆ ژووری دانیشتنیش دەکەیت بە دۆزەخ بۆ منداڵەکانت.
- تکایە ئەگەر منداڵی بچووک لە ماڵەکەتدا هەیە واز لە دانانی سەماوەر و بەزم و ڕەزمەکانی بهێنە، هەموو کەس حەزی لە چای سەر سەماوەرە، بەڵام یەک چرکە سەلامەتی منداڵەکەت هەموو خۆشییەکانی دونیا دەهێنێت.
- تکایە زیاتر ئاگاداری منداڵەکەت بکە کە لەکۆڵان یاریدەکات، هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە بکەرەوە کە ئاگرنەکەنەوە، دەتوانیت بۆ ئەوە وێنەی منداڵی سووتاوی پیشانبدەیت لە ئینتەرنێت، بۆ ئەوەی هۆشداری بدەیتێ کە ئاگرکردنەوە دەرئەنجامی خراپی هەیە.
- تکایە بۆ منداڵی بچووک لە ئێستا چەندین جۆر کورسی تایبەت هەیە و جێگای داخراوی تایبەت هەیە کە دەتوانیت منداڵەکەتی تیا دابنێت و بیبەستیتەوە لە کاتی ئیشکردندا ، تکایە مەیبەرە ئەو جێگایانەی کە دەزانیت بۆ ئەو مەترسیدارەو لەوانەیە زیان بە جەستەی بگات تیایدا.
دایکان و باوکانی ئازیز پارێزگاریکردنی تەندرووستی منداڵەکانتان ئەرکی سەرشانی ئێوەیە ، ئێوەن ئەتوانن بەو خاڵە بچووکانەو ئاگاداریتان ڕێگری بکەن لەوەی منداڵەکانتان بەدوور بن لە ئازاری جەستەیی و دەروونی سووتاندن.
دواهەمین خاڵ بۆ دایکان و خوشکانی گەورەیە، تکایە هەر کاتێک کێشەیەکتان دەبێت ئەمەندە لەبەرچاوی منداڵ و هەرزەکاردا مەڵێن خۆماندەسوتێنین ئەگەر ئەو شتەم بۆ نەبێت، تکایە با نەچێتە نەستی منداڵەکانتان کەوا بزانن هەر کێشەیەکیان هاتە بەردەم تەنیا چارەسەر خۆسووتاندنە.
دڵنیا بە زۆربەی ئەوانەی دەسوتێن یان خۆیان دەسوتێنن گیان لە دەست نادەن، بەڵام تا ئەبەد بە لاشەیەکی شێواو و ئازارێکی قووڵی دەروونیەوە ژیان بەسەردەبەن، کەهەموو چرکەیەک تیایدا ئاواتەخوازی مردنن! [1]