ناونیشان: شێرکۆ بێکەس وەک شاعیر!
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #04-08-2023#
شیعر و مەنزومەی شیعری دووشتی لێک جودان، هاوکات شاعیر و نازیم ناظم دوو کەسی تەواو لێک جیاوازن. نازیم ئەو کەسەیە کە وشە دەداتە دەم وشە، خەیاڵ دەداتە دەم خەیاڵ، ئاواز دەداتە دەست سەروا، درێژە بە قافییە و میوزیکی وشەکان دەدا، درێژدادڕی لە خەیاڵ و فەتتازیا و هەستی هاوردە و ڕەق و ئەزمووننەکراو دەکات. بەبێ ئەوەی تەجرەبەیەکی قووڵی ئەزمنکراوی شەخسیی عیشق و خەیاڵ و ئازار و هەستکردن بەوانی دیکە بە ناخیدا گوزەری کردبێت جا ئەوانی دیکە گەر مرۆڤبن، یا گیاندار و بێگیانەکان. کەسی نازیم تەکەلوف دەکات، وشەو ڕستەی لێبارە و ناتوانێت بە ئاسانی لە تەون و تانوپۆکانی وشە خۆی ڕزگاربکات، پلێشاوەتەوە لەژێر باری وشەدا و ئەم ڕادەستی ڕستەو گوزارەو وشەکان بووە، بووە بە باربەریان، بەڵام شاعیر برینیی قوڵ و عیشقی قوڵ بەشێوەیەک تا ئەوسەری خەیاڵ دەیبەن کە ئیدی سوکانی خەیاڵدانی لەدەستی خۆیدا نامێنێت، وشە و ڕستە دەبنە کەرەستەیەک لە بەردەمییدا بە ئارەزووی خۆی هەڵیاندەبژێرێت وبەیانی ئەو برینە قوڵەی پێدەکات کە وەک ڕەشمارێکی بریندار لولی دەکات گینگڵی پێ دەدات:
نالی حەریفی کەس نییە ئەلف و ئەلیفی کەس نییە//بەیتی ڕەدیفی کەس نییە هەرزە نویسە گەپ دەکا
.شکسپیر لە بەیتێکدا بەتەواوی جیاوازیی دوودیدی نازیم و شاعیرمان بۆ دەردەبڕێت و دەڵێت گەر وشەکان بشفڕن بە بێ عیشقی قوڵ و ئیدراکی قوڵ و غەمی قووڵ هەرگیز نابنە وشەی ئاسمانیی و ناتوانن بچنبۆ بەهەشتەکەی شیعر:
My words fly up my thoughts remain below
words without thoughts never to heaven go
شاعیر؛ وشە وەک مەرکەب و سوارییەک بەکاردەهێنێت، گەر شیعر نەبێت ئەم سکوت دەکات و بێدەنگیی هەڵدەبژێرێت، بێدەنگیی وەک بۆمبایەک لەناخییدا زۆر بەتوندی دەتەقێتەوە و قسەی خۆی دەکات، ژان دەیگرێت و چۆڕاوەکەی دواتر بە قەولی ئەحمەدی خانی دەبێتە شیعر کە وەک ڕۆڵەی خۆی تەماشای دەکات و پێ ناخۆش دەبێت خەڵک تانەی لێبدات. هەندێ جار شاعیر بێزاریی خۆی لە شیعریش دەردەبڕێت، چونکە پێی وایە شیعر ئاتاج و بەربەستە لە بەردەم ئەو هەژان و بومەلەرزە و زریانانەی بەناخییدا وێڵگەردانە گوزەردەکەن. بە قەولی مەولانا جەلالەدینی بەڵخی وەزن و قافییە لە نوختەیەکدا وا بێزاری دەکەن کە ئیدی دەوای دردەکەی ناکەن بەڵام چار نییە هەردەبێت بگەڕێتەوە سەری:
ڕستم از این شرح و غزل ای شه سلطان و ازل
مفتعلن مفتعلن مفتعلن کُشت مرا
شاعیر نەک هەر بۆ قافیە و وشەئارایی هەوڵنادات بەڵکوو بە مەغڵەتەو توێکڵیشیان دەزانێت:
قافیە و مغلطە ڕا گو همە سیلاب ببر
پوست بود پوست بود درخور مغز شعرا
کەسی شاعیر پیت و دەنگ و تەنانەت وێنەی شیعری و خەیاڵەکانیشی دەکاتە قوربانی ئەوەی کە دەیەوێت بۆی ببزوێت:
حرف و صوت و گفت ڕا بر ﮪم زنم
تا که بی این هر سه با تو دم زنم
شیعر بۆ ئەوەی بمێنێتەوە دەبێت ئەو ئیکسیرە بێت بە قەولی موتەنەبی بینایی بۆ کوێرەکان و بیستن بۆ کەڕەکان بگێڕێتەوە، لە سادەترین وشەدا بێزمانەکان بهێنێتە گۆ، بێگیانەکان ئیحیا بکاتەوە و زیندووەکانیش ببات بۆ بەهەشتەکەی ئیدراک:
انا الذی نظر الاعمی الی ادبی
واسمعت کلماتی من به الصممُ
بە قەولی شاعیری هاوچەرخی تورک نەجیب فازیل: چەندە نەخۆشێکی خەولەچاو تۆراوی کەساسی سەر جێگا چاوڕەێی بەرەبەیان دەکات بۆ ئەوەی ڕۆژی لێبێتەوە، چەندە مردوویەک تامەزرۆی گەیشتنەوەیە بەو دایکەی لێوە هاتووەتەدەرەوە، چەندە شەیتان عاشقانە چاو لە گوناهێک دەکات، ئەوەندە چاوەڕوانیی ساتێکن خۆیان تێدا بەیان بکەن لە ڕێگای شیعرەوە، زیاتر لەمەش دەڕۆن پێش ئەوەی لەچاوەڕوانییدا بمرن پێی دەڵێن ئەی شیعر و ئەی قودرەتی بەیان تۆش ئیدی مەیە، ، لە بێ ئەوییدا خۆیان دەدۆزنەوە و خۆیان ناکەنە منەتباری چونکە کە درەنگ هاتووە نەیتوانیوە لەحزەەی ئەمان بار باربکات لەخۆی:
Ne hasta bekler sabahı,
Ne taze ölüyü mezar,
Ne de şeytan bir günahı,
Seni beklediğim kadar.
Geçti, istemem gelmeni,
Yokluğunda buldum seni;
Bırak vehmimde gölgeni,
Gelme, artık neye yarar?
نازیمەکان لە مێژوودا زۆرو زەبەندەن، بەڵام ئەوەی بەرگەی زەمەن دەگرێت شاعیرە نەوەک نازیم. دەوترێت لە سەردەمی نالیی دا سەدان شاعیر هەبوون، بەڵام ئەوەی مایەوە و بەرگەی زەمەنی گرت یەک نالییە. نالی هێزیی شیعریی و شاعیربوونی ئەوەندە گەورەیە دوو شاعیری دیکەی وەک کوردیی و سالمی داوە بەسەر شان و شەوکەتە پانو پۆڕە شیعرییەکەی خۆیدا و لە لەناوچوون و غوباری مێژوو و بیرچوونەوە ڕزگاری کردوون. گەر نالی نەبوایە بە دڵنیاییەوە نە کوردیی و نە سالمی ساحێبقڕان نەدەگەیشتنە ئەمڕۆ بۆ لای ئێمە و لەژێر سمی ئەسپ و وڵاخەکانی ڕۆمیی و شیرو تیری شەڕی نێوان براکانی بابانەکاندا ون دەبوون.
شێرکۆ بێکەس تەمام عەیارترین شاعیری دونیا نوێیەکەی ئێمەیە. ئەوەی لەسەرەوە باسمکردووە بەبێ چەند و چون هەمووی لای شێرکۆ بێکەس وەک شیعر و کەرەستەی شیعری حزووری هەیە. لە خوداوە بیگرە بۆ محەمەدی بچکۆلە، لە میلی ڕادیۆیەکی بانەدراوی دەستی پیاوێک لە ڕۆژی 16 ی 3 #هەڵەبجە#وە بۆ نیشتمانێکی بێ گوێ، لە گۆڕستانی چراکانەوە بۆ کورسییەکی ناپاکی دەسەڵات هەمووی لای شێرکۆ لەوپەڕی چۆش و خرۆشی خۆیدا قسەدەکات، خۆی دەنوێنێت، هاواردەکات، لە ڕێگەی ڕستەکانی ئەوەوە خۆیان لە لەناوچوون ڕزگار دەکەن. خەیاڵی بێکەس خەیاڵێکی تەکەلوفاوی نییە، ڕستەکانی دوورن لە جوینەوەی وێنەی دووبارەی گوڵ و بولبول و سونبول و بادی سەحەر، چونکە ئەو دونیایەی ئەو تێیدا ژیاوە ئیتر دونیای بولبول و پەروانە نەماوە، دونیای شەتڕەنجبازی عفریتەکانی شۆڕش و سەڵتەنەتە لەسەر تەختی سولەیمانەکانی دەسەڵات، لەبری بولبول هاوار و ناڵەی مەترێک، کورسییەک، نیشتمانێکی بێ گوێ قسەی تێدا دەکات، لەبری سووتانی پەروانە ئەو میللەتێک دەبینێت بەتەواوی لە ئاگری ناهۆشیاری خۆی و خیانەتی دەسەڵاتەکەیدا دەسوتێت. [1]