ناونیشانی بابەت: بیرەوەریی دادوەرێکی تورک لە دادگای ئیستقلالی ئامەد
نووسینی: #کارزان گلی#
ئەحمەد سوورەیا ئۆزگەئێڤرەن، ئەو دادوەرە تورکەیە لە ساڵی 1925، لەلایەن ئەنکەراوە ڕاسپێردران لەگەڵ چەند دادوەرێکی تردا، دادگای ئیستقلال دامەزرێنن بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی لەگەڵ شێخ سەعیدی پیراندا سەرهەڵدانیان کرد. پاشان لە پەرتووکێکدا باس لەو ساتانە دەکات، کە وەکوو دادوەر چی ستەم و ستەمێکیان لە #کورد# کردووە. زۆر کەس دانیان بەوەدا ناوە، کاتێک پەرتووکەکەیان خوێندووەتەوە نەیانتوانیوە نەگرین، چونکە ئەو ستەمەی ئەو دادگایە لەگەڵ کورددا کردوویەتی، لە هیچ مێژوویەکی مرۆڤایەتی ڕووی نەداوە.
ئەحمەد سوورەیا، لە 1957، بڕیاری دا یادەوەرییەکانی بنووسێتەوە، کە تایبەتە بە دادگای ئیستقلال لە ئامەد، کاتێک لە ڕۆژنامەیەکی تورکیا بڵاوی کردەوە، دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و پاشان بڵاوکردنەوەی ڕاگیرا.
بۆ بەرچاوڕوونیی خوێنەر، پێویستە ئەوە ڕوون بکەینەوە، کە دادگای (ئیستقلال) ، بۆ ماوەیەکی کاتی و لەسەر داوای عیسمەت ئینۆنوو، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا لە ئامەد دامەزرا، مەبەست لێی دادگاییکردنی ئەو کوردانە بوو کە بەشدارییان لە سەرهەڵدانی شێخ سەعیددا کردبوو، بەڵام ئەوان بەوەوە نەوەستان کە بەشداربووانی سەرهەڵدان دادگایی بکەن، بەڵکوو سەدان کوردیان دەهێنا و بە بڕیارێک لەسێدارەیان دەدا بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان کردبێت، تاکە تاوانیان کوردبوونیان بووە. دادوەرەکان فەرمانیان پێ کرابوو، تا پێتان دەکرێت کورد بکوژن و لەناویان ببەن، کاری ئێوە هەر ئەوەیە.
ئەحمەد سوورەیا لە پەرتووکەکەیدا دەنووسێت: ”ڕۆژێک مێردمنداڵێکی کوردیان هێنایە دادگا، بردیان بۆ لێکۆڵینەوە، کە من و چەند دادوەرێکی تر لێکۆڵینەوەمان لەگەڵیدا کرد، کاتێک زانیمان لە زمانی کوردی زیاتر هیچ زمانێکی تر نازانێت، دادوەرەکان لەنێوان خۆیان گفتوگۆیدان کرد و بڕیاریان دا لەسێدارەی بدەن، کە بڕیارێکی تەواو دڕندانە بوو. دادوەرەکان وتیان، ئەگەر کەسێک لەم وڵاتەدا نەزانێت بە زمانی تورکی قسە بکات، هیچ خێرێکی بۆ وڵات نابێت، بۆیە هەڵیواسن.''
بەگوێرەی یادەوەرییەکانی سوورەیا، هەر ئەو شەوە ئەو کوڕە مێردمنداڵە کوردەیان لە سێدارە دا، بەڵام لەسێدارەدانی ئەو مێردمنداڵە دەبێتە کابووس بۆ سوورەیا.
لە درێژەی ئەو ڕووداوەدا دەنووسێت: ”لە داغکاپی، لە #ئامەد#، لە هۆتێلێک بە ناوی یۆڵەڤا دەمامەوە، چاوم لێک نا، ئەو مێردمنداڵە هاتە خەوم و پێی وتم، بۆچی لەبەر ئەوەی نەمزانی بە تورکی قسە بکەم منتان هەڵواسی؟ هەڕەشەی لێ کردم. تا بەیانی دوو تا سێ جار هەمان شت دووبارە بووەوە و لە خەومدا هەمان قسەی پێ دەوتم، خەریک بوو شێت دەبووم، هەر کە بەیانی هات و چوومە دادگا و بە دادوەرە هاوڕێکانم گوت، هاوڕێیان ئەگەر لە ئامەد خەڵک لەسەر ئەوە لەسێدارە بدەین کە تورکی نازانن، کەواتە دەبێت هەموو ئەوانەی لە باکوور دەژین لەسێدارە بدەین، ئێمە هاتووین تەنیا ئەوانە لەسێدارە بدەین کە تاوانیان کردووە، نەک ئەوانەی تورکی نازانن. هەروەها ئەوەی لە خەومدا بینیم بۆ ئەوانیشم باس کرد، مەزهەر موفیت و دادوەرەکانی تر پێیان وتم، تۆ حەقت بەو کارە نەبێت و ئەوە کاری ئێمەیە چی دەکەین، ئیدی کار گەیشتە ئەوەی لەنێوان خۆمان بیکەینە شەڕ و ناچار بووین ئەنکەرا لەو بابەتە ئاگادار بکەینەوە.''
بەگوێرەی گوتەی سوورەیا، دوای هەفتەیەک لەوەی کە ئەوان پرسیان بە ئەنکەرا کردووە، ڕووداوەکەیان باس کردووە، لە ئەنکەراوە تەلگرافێک بۆ دادگای ئیستقلال هاتووە و تەلگرافەکە بەو شێوەیە بووە:
''ئەحمەد سوورەیا بەی، سەرۆکی دادگای ئیستقلالی ئامەد، ئامانجی ئێمە ئەوەیە، سەری کورد و کوردبوون بۆ ئەبەد پان بکەینەوە، بۆیە لەگەڵ دادوەرە هاوڕێکانت ڕێک بکەوە و چاوت ماچ دەکەم.''
تەلگرافەکە بە ئیمزای #عیسمەت ئینۆنو#و، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا بووە، بەداخەوە ئینۆنوو، بەڕەگەز کوردە، بەڵام داوای کردووە سەری کورد پان بکرێتەوە.
تەلگرافەکەی ئینۆنوو ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەوەی لەسەر ئێوەیە، لە ڕێگەی دادگاوە کورد لەناو ببەن و بەزەییتان پێیاندا نەیەتەوە، ئەوەی لە دەستتان دێت بیکەن.
ئینۆنوو، ئەوەندە ڕقی لە کورد بوو، تەنانەت لە ڕێککەوتنی لۆزاندا کە ئەو ئەندازیاری ئەو ڕێککەوتنە بووە، بە ئینگلیزەکانی گوتووە، لە تورکیا کورد و تورک یەک مافیان هەیە و هەر پێویست ناکات باس لە مافی کورد بکەن، چونکە چۆن تورک مافی هەیە، کوردیش هەمان شتە، بەڵام پاشان چێژی لە کوشتنی کورد بینیوە و فەرمانی مستەفا کەمال ئەتاتورکی بە زیادەوە بۆ کوشتنی کورد جێبەجێ کردووە.
دادگای ئیستقلال، دەیان مێردمنداڵی بێتاوانی لە سێدارە دا و تەنانەت بەشێکیان گۆڕیشیان نییە، نموونە #شێخ سەعیدی پیران# و هاوڕێکانی، هەروەها ئەو دادگایە پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی کۆماری تورکیاوە، ئەو کۆمارەی هەموو ساڵێک لە ساڵیادی درووستبوونیدا تورک شانازی پێوە دەکات و کوردیش یادەوەرییە تاڵەکانی بیر دەکەوێتەوە، وەکوو کۆمەڵکوژیی شێخ سەعید و هاوڕێکانی و کۆمەڵکوژیی #دەرسیم# و #زیلان# و چەندانی تر.[1]