جلوبەرگی ژنانی موکریان؛ بەشی 06
لەیلا نوورانی
=KTML_Bold=کەوا=KTML_End=
باڵاپۆشێکە پێکهاتووە له قۆڵ، ئاتەگ، شاقەل، پشتەکەوا، بەرەکەوا، گیرفان، کۆبه و گوێی کەوا (لە جۆری کۆنیدا)
ئەمن کەوایەکی لەبۆ ئازیزی خۆم درووست دەکەم لە پەلکی دە ڕەشەڕیحانێ
پەڕاوێزانی تێدەکەم لە پەلکی دەوێت سوورەگوڵێ
وەستایانی بۆ دەهێنم لە حیللەی
هەر شاگردانی بۆ دەهێنم لەوێ قۆجەمووسڵێ دەگەڵ هەموو تەقەڵ و تەریبانی ئازیزیێکی خۆش تۆ بڵێ
ئەمن کەوایەکی لەبۆ عازیزەکەی خۆم درووست دەکەم لە باڵی دە بولبولێ
تەقەڵانی لێ درووست دەکەم لە پەلکی دە ڕەشەڕیحانێ
پەڕاوێزانی داوێمێ لە پەلکی دە وێ سوورەگوڵێ، وەستایانی بۆ دەهێنم لە حیللەی؛ لە شامێ
شاگردانی بۆ دەهێنم لە وێ قۆجێمووسڵێ، ئەوە دەگەڵ هەموو تەقەڵ و تەریبێکی ئازیزەکەم خۆشخۆش پێیهەڵبڵێ
کیژێ ئەمن دوێنێ ئێوارێ لەدووم دەناردی بۆچی نەهاتی
نازانی گوارە و کرمەک و زێڕی تۆ لەسەر زێڕبگەری
کولێجە و کەوا و سوخمەی تۆم لەسەر خەیاتی
کەوایەکی دەبەردا، ئەویش سەمەرقەندە لەبەر کەسدا نییە
ئەوی گەزی لە چلە و لەوانی بیست و چوارییە
سبحەینان شین دەنوێنی، شەوێ ڕەنگی سپییە
ئەگەر تیشکێی تاوێی لێدەدا ئەتڵەسییە
لەوێدا مەمکی دەڵێی هەنارە هاتۆتە خوارێ لەبن دارییە
کەوایەکی شاڵخاڵی خاڵخاڵی زیباڕەنگییە
دوگمەی ئەڵماسە و فەرەنتییە
تەمەننا دەکەم لە خوداوەندی میریمەزن؛ ڕەبی بەدوور بێ لە چاوی بەدییە
هیچکەس بە دڵ ببینێت دێوانە دەبێت، دەکەوێتە کێوییە
کەوا، له شێوازی دروومانی کۆندا، ئاتەگی درێژ بووە و تا نیوەی پشتێند هاتووه؛ گیرفانی له ڕوو بووه، قۆڵەکانی له لای پیلڕا چەنده فراوان بوو له لای سەرقۆڵیشی چی وای لێدەرنەدەهات، له لای سەرقۆڵەکه سێ چوار قامک هەر له جۆری پشتە کەواکه، لەبری بەرەکەوا پێوەدەدرا بۆ ئەوەی لەکاتی هەڵدانەوەی قۆڵەکه (بۆ سۆرانی گەوره) بەرەکەواکه وەدیار نەکەوێ، جۆرەکانی تری قۆڵەکەی شووش و باریک دەبێتەوه و یەک یان دوو قرتەی لێدەدرێ. لەم جۆرەیاندا، سۆرانی له دەوری مەچەک دەهاڵێندرێ. ئەو شێوازه تایبەتیی سابڵاغییان بوو چونکه سۆرانییەکانیان تەسکتر و کوورتتر بوون. جۆرێکی تری قۆڵ ئەوه بوو له سەرقۆڵ سێ قامک هەڵدەبڕا و ئیتر قرتەی نەبوو هەتا بکرێ سۆرانی گەورەی (تایبەتیی ژنه مەنگوڕان) پێدا بێنهدەر.
کەوا له پێشدا گیرفانی له پشتەکەوا دەدرا و پاشان سەرگیرفانی لێدەدرا، بەڵام دواتر گیرفانەکەی له بەرەکەی دەدرا. لە شێوازێکی تردا دەوراندەوری کەوا و سەرقۆڵ و دەوری گیرفانەکان بە نەوارێکی وەک گوڵەباتوون دەدروا و ئەوەش زۆرتر تایبەتیی ژنه سابڵاغییەکان بووه. کەوا بن هەنگڵی (جێگڕۆڵ)ی کون بووه (بێجگه له کەوای زین دروو) . کەوای وەرزی گەرما له کووتاڵی ناسک و هیی وەرزی سەرما له پشتەکەوای ئەستوور دەدروا. کەوای بووک سوور بوو و پووڵیان بۆ دە گیرفانی دەنا. له ناوچەی مەنگوڕایەتی چونکه ئەنگوچک (سۆرانی)ەکەکان زۆر بەرین بوون، سەرشانەکان بەرکۆژه و له دواییدا دوگمەیان لێدەندرا و قەیتانێکی چکۆڵەشیان له سۆرانییەکه دەدروو و پێیان دادەکرد هەتا جوان ڕابوەستێ. کەوای لای مەنگوڕایەتی، بەهۆی گەورەبوونی سۆرانیی، قۆڵیان قوڵه و فراوان بوون. قەدیم لوولەیان له بن هەنگڵی کەوا درووه و شاقەلیان گردەڕوو یان قاش لێدرووه، دوگمە و دۆڵابیشیان له پێشی داوه و کەوایان پێ داخستووه. زۆر کەسیش دراویان له کەوا درووه یان لیرە بەرۆک یان یەخە و بەرۆکیان لێ داوه. کەوا، جگە لە ئەو جۆرانەی کە لەژێرەوە ناویان هاتووە، زۆر جۆری دیکەی وەک: (خەسرەوشا، پووڵەک ماهی، حەوت و هەشت، لەرزانه، چیمەن، پووڵەک چەسپی و قەنەوزی هەیە.)
=KTML_Bold=بەرەکەوا=KTML_End=
ئەو پارچەیەی کە دەکەوێته دیوی ژوورەوەی کەوا. بهرەکەوا زۆرتر له پارچەی ناسک و سووک و ساکارە.
=KTML_Bold=پشتەکەوا=KTML_End=
ئەو پارچەیەی کە دیوی دەرەوەی کەوایه. پشتەکەوا زۆرتر له پارچەی باییداره.
=KTML_Bold=کەوای پڕتەریب/ کەوای پڕماشێن=KTML_End=
کەوایەکە لە مەخمەر یا مەخمەر بێنەزیر کە خوری یان لۆکەی دەهاوێنێ و تەریبی دەدەن. ئەم کەوایە شەق ڕادەوەستێ و تایبەتیی وەرزی سەرمایە.
=KTML_Bold=جۆرەکانی کەوا
کەوای ئەتڵەس=KTML_End=
کەوای لە ئەتڵەس. پارچەیەکه ئەستووردایی بەقەد مەخمەره و گوڵی زەڕی و ئاوریشمی لەسەره و زۆر بایەخدار و بەنێوبانگ بووه. ئەگەر دیوی جوانێی شینی گوڵسپی بوایە دیوی ناحەزێی سپیی گوڵشین دەبوو.
=KTML_Bold=کەوای بووڕسایی=KTML_End=
کەوایەکە لە پارچەیەکی مەخمەر، گوڵەکانی هەر له خۆیەتی، جێجێ قووڵه و به شووتن گوڵی ناچێ.
=KTML_Bold=کەوای پووڵەکەدووزیی=KTML_End=
کەوایەکە لە تۆڕی پووڵەکەڕێژ. پارچەی تۆڕ یان تۆڕی سیمداریان دەهێنا و دەیاندروو جا به بەرەکەیەوه پووڵەکەیان لێدەنا. تایبەتیی کچی جحێڵ و بووک بووە.
=KTML_Bold=کەوای تۆڕ=KTML_End=
کەوایەکە لە پارچەی تۆڕی ئاوریشم، گوڵەکانی تەواو دەباڵ خۆیدان. زۆرتر بۆ جوانی بووه و تایبەتیی وەرزی گەرما بووە.
=KTML_Bold=کەوای خەزەڵ=KTML_End=
کەوایەک بووە لە پارچەیەکی له زەڕیمسقاڵی ئەستوورتر.
=KTML_Bold=کەوای زەڕی=KTML_End=
کەوایەکە لە پارچەیەک کە تەختەکەی تەواو زەڕی پتەوه و گوڵی جۆراوجۆری مەخمەر یان ئاوریشمی لەسەره.
=KTML_Bold=کەوای زەڕیی ئاوێنە=KTML_End=
کەوایەکە لە پارچەیەکی زەڕی ناسکی بێگوڵ، و هەر بروقەی دێ.
=KTML_Bold=کەوای زەڕی بزمار=KTML_End=
کەوایەکە لە پارچەیەکی زەڕی، دەڵێی تەواوی بزمارکوت کراوه و نوختهنوخته هەڵکەوتووه و ئەوانیش زەڕییەکی له ڕەنگی تەختی پارچەکەن.
=KTML_Bold=کەوای زەڕیی حەسیری=KTML_End=
کەوایەکە لە پارچەیەکی زەڕی کە تان و پۆی وەک حەسیر چندراوه.
=KTML_Bold=کەوای زەڕیی شووشە=KTML_End=
کەوایەکە لە پارچەیەکی تەواو زەڕی، جێ جێ زەڕییەکەی بەقەد نوختەیەک لەڕوویه.
=KTML_Bold=کەوای زەڕیی کاموا=KTML_End=
کەوایەکە لە پارچەیەک له کاموا، گوڵی زەڕیی گەوره و وردی تێدایه.
=KTML_Bold=کەوای زەڕی کۆلکەزێڕینە=KTML_End=
کەوایەکە لە پارچەیەکی زەڕی، پانایییەکەی سێ چوار سانته، شوێن شوێنە و هەر ڕێیەی ڕەنگێکه.
=KTML_Bold=کەوای زەڕیی مانگ=KTML_End=
کەوایەکە لە پارچەیەک کە تەختەکەی له کاموایه و وێنەی مانگی چاردەی به زەڕی لەسەر چندراوه.
=KTML_Bold=کەوای زیندروو=KTML_End=
کەوایهکە بن هەنگڵی وەک کەوای ئاسایی جێگڕۆڵی نابڕن، قۆڵەکانی فراوان دەدروون و لەلای سەردەستەکەی تیژ بۆتەوه. سەردەستی قۆڵەکانی وەک قامکی دەستان گوێچکە گوێچکه بوو و لێیان دەبڕی و دەیاننوشتاندەوه و پێیاندەکوت گوێتوڵە. قۆڵەکانی قووڵەتر له کەوا بوو. ئی وابووه دراو یان تاقڕانیان لێدرووه و وەک دیوار شەق ڕاوەستاوه. تایبەتیی ناوچەی مەنگوڕایەتی بووه و هەمووکەس نەیتوانیوه بیدروێ و زۆرتر پیاو دەیدروو.
=KTML_Bold=کەوای قوتنی=KTML_End=
پارچەیەکی نەرمه له لۆکه ساز کراوه، له سانتینی ئەستوورتره، ڕێڕێی بەمەودای به درێژاییی پارچەکەدا لەسەره و ڕێیەکانی له ڕەنگی تەختی پارچەکه نییه و ڕەنگی جۆراوجۆری بووه
خوڵا داوێ خوڵایی
کەوای قوتنی دارایی
کرمانجه و ڕەنگئاغایی[1]