شیعری تازە
کوڕەکانی هۆلاکۆخان
کاتێ بە سەر شیعرەکانما
نەوتیان پژان
بوو بە جێژنی وشە کوژان!
ماری قامچی دەمی نابووە کانیی خوێنم
کەڵبەی کەلەبچە وەک چەقەڵ
دەستی هونەرمی، ئەکرۆژا
شقارتەیان داگیرساند و
بوو بە قاقا و چەپڵەڕێزان
هاوارم کرد:
من شاعیری چەوساوانم
هەزار کوانووی پڕ لە ئاگر
شیعرەکانم ناسووتێنێ
گۆمی گەندەڵ کەی ئەتوانێ
چیای هاوار لە ناو خۆیا بخنکێنێ
هەر لەو کاتا شیعرەکانم
لەناو گڕدا هەڵئەقرچان
دەستی مێشکم
لە ناو هێڵی تووڕەی دڵما
وشەی شیعری تازەی ئەچان.
سەرچاوە: #زڕەی زنجیری وشە دیلەکان# [1]
هۆزانەوان: #جەلال مەلەکشا#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [2]