هەور ئەسووتێ.. هەنسک ئەدا.. شەویش درەنگە
تنۆکی باران.. گەڵاڕێزانی وەرزی گریانی..
دارستانێکی دووری بێ ڕەنگە
تنۆکی باران وەکوو هەزاران نەرمەپەنجە و دەست..
لە شووشەی ساردی پەنجەرەم ئەدا و
کە سەر هەڵئەبڕم.. بە چۆڕاوگەوە باران ئەبێتە خوێناوێکی خەست
***
لە ڕەشت و لول و چۆڕاوگەی خوێنی باراناوەوە.. ئەڕوانمە دوور
تارماییەک ڕووەو گۆڕستانەکە.. زۆر بەخێرایی.. زوو تێدەپەڕێت
ئەیناسمەوە.. تارمایی تەڕی بەر بارانی شەو..
باڵای لە غەم و تەما نوقمی شاعیرێکە شێت
***
جار جار چەخماخە و هەورەبروسکە
ڕێگەی ڕۆشتنی ڕوون ئەکاتەوە
چەخماخە چرا و تاقەتروسکە
***
ئاخۆ چی بکا؟! چی ئەکا ئەمشەو؟!
کێ ئەنێتە نێو دووتوێی گۆڕەوە؟!
بۆ بێڵ و پاچی ناوەتە سەر شان؟! ئەی کوا مردوویەک؟!
ئەی کوا تابووتێک؟! ئەی کوانێ خەڵکی بە شەپۆڕەوە؟!
خۆی گۆڕهەڵکەنە.. خۆشی مردووە
هەر خۆی پرسەیە.. خۆی کۆست کەوتووە
***
بەبێ ئەوەی کەس بزانێ بۆچی؟! کەس نازانێ کەس..
لەگەڵ ناشتنی تەرمەکەی باوکیا..
دەفتەری شیعریان خستە گۆڕەوە..
هاژە و هاواریان لە تاڤگە و چەمی چریکەی بڕی..
وەک مەلی نامۆ و زیندانیی قەفەس
***
ئا ئەو شیعرانەی بە مەرەکەبی دڵی توواوەی هۆنرابوونەوە و
تانجەرۆ و زەڵمایان بە چاوانی ڕشت
بۆ لە دووتوێی گۆڕ یاخی نەبوون و
پەنجەرەیەکیان نەخستەسەرپشت؟!
***
هەر هەنگاو ئەنێ و
تاو نا تاوێکیش دەنگێ ئەبیستێ بە چرپە ئەڵێ:
خۆ تۆ شەیتان نیت.. چۆن گۆڕی باوکت هەڵئەدەیتەوە؟!
پەنجەرەی گوناﮪ..
بۆ لەسەر ژووری بەفرینی گیانی خۆت ئەکەیتەوە؟![1]
هۆنەر: #محەمەد عومەر عوسمان#
پەرتووکی: #لە غوربەتا#
ڕۆژی: #1982-11-21#
شوێن: #سلێمانی#