بابە تاهیر (#بابا تاهیری هەمەدانی#)
ئاخ بۆچی دەستم نەگەیشتە هەور؟
چاوی پڕ پرسم خوێنینە و نمناک
باخ سووتا.. ئەشکم نەیکوژانەوە.........،.
سووتەمەرۆیە سەرانسەر ڕووی خاک
***
ئەوی بە ڕووتیی لە شەختە و زوقما..
لە گۆ نەکەوێ.. نەوەرێ پەنجەی
لە سەرما ناگا و.. گۆرانی ناڵێ..
بۆ بڵێسە و گڕ.. بۆ لارولەنجەی
***
کەسێک لە گڕا.. گەر هەڵنەقرچێ..
لە سەریا.. بەفری عەشق داناکا
نازانێ پشکۆ و هەڵقرچان چییە..
شنە لە سارای دڵیا هەڵناکا
***
ئای لە شەوانی ئێشک و کزە و سۆز
لە سەر تەرمی دڵ ئەشکی زۆرم ڕشت
مۆمم فڕێ دا.. کاتێ کە بینیم..
دەیان پەپوولەی شۆخ و شەنگی کوشت
***
لەجیاتی بۆنی لالەی کۆساران..
قوڵایی سینەم.. کەیلە لە بۆسۆ
بە هەر لایەکدا.. چاو ئەگێڕم من..
هاوارە.. تەرمە.. مردنە و گڵکۆ
***
بۆ سەدای ناڵە و کزەی غەریبیم..
خوێنی ڕەشەبای بیابانی نەڕشت؟
بۆچی گریانم نەبوو بە دەست و
دەرگای لەباران نەخستە سەر پشت؟
***
چی لە گوڵزاری کاران بکەم من؟
یان بۆچی بچمە سەر زێی زیندەرۆ؟
چاوم هەزار جار بەکوڵتر ئەگری..
لە تاڤگەی زەڵم و چەمی تانجەرۆ
***
لەسەر دەمێکا هاتمە دنیاوە..
هەموو ساڵێکی خۆزگە بە پار بوو
کەشتی ناو دەریای ئەسرینی خۆم بووم..
هەر نائومێدییش بۆ من کەنار بوو
***
گەر شاخ بوومایە،، بە شەو و ڕۆژێ..
لە گەردەلوولا.. ئەمهێنا هەرەس
من لە پاییزی تەمەنیشا هەر..
سۆزم ئەکرد و هەر شکستەدەس
***
ئەموت گەر لەبەر باخێکی سەوزا..
بێت و سۆز بکەم.. منی دوور ئازیز
گوڵ هەڵئەوەرێ.. زەرد ئەبێ وەک ڕووم..
دار سەر ئەنێتە ناو کۆشی پاییز
***
بەر لە شیوەن و سۆزی شیعری من..
باخ قرچەقرچی سووتانی ئەهات
نزاشم ئەشکی بە ئاسمان نەڕشت..
هەر خوچە و گوڵ بوو بەلادا ئەهات
***
مەزار و گڵکۆی خۆم کردبووە کۆڵ..
من هەر دادم بوو لە دەستی باڕەش
دەستم نەگەیشتە دامەنی هەور..
خاکی سووتاوی بنێمە باوەش[1]
هۆنەر: #محەمەد عومەر عوسمان#
پەرتووکی: #لە غوربەتا#
ڕۆژی: #1983-12-08#
شوێن: #سلێمانی#