دووهەم ساڵ غەزای «بواط»ی ئەسهەل
غەزای عەشیرە، هەم بەدری ئەووەڵ
پاش ئەوە تیپی عەبدوڵڵای ئەهلە
لە مانگی ڕەجەب بۆ «بطن النّخلة»
ڕۆژوو واجب بوو لە مانگی شەعبان
گەڕا بە قیبلە «کعبة الرّحمان»
حەثدە مانگ لەسەر هیجرەت تەمام بوو
هەر قودسی شەریف قیبلەی ئیسلام بوو
جا ڕۆژێ هەڵکەوت لە مانگی ڕەجەب
نوێژی نیوەڕۆی ئەکرد شای عەرەب
لە ناو مزگەوتی بەنی سەلەمە
لەپاش دوو ڕکات ئەو شای ئەکرەمە
قیبلەکەی گۆڕا بە «کعبة اللّه»
بۆی هەڵچەرخاوە بە ئەمری خودا
ئەم مزگەوتەیە ئەی ڕووناکی عەین
ناو ئەبرێ بە «مسجِد القِبْلَتَين»
لە ڕەمەزانا زەکاتی فیترە
غەزای گەورەی «بَدر»، کە ساحێب قەدرە
عەجیب حەربێ بوو ئەم حەربی بەدرە
فیداکارانە و شێرانە و گەورە
فریشتەی بۆ هات لەسەر خاریقە
بۆ حەق و باتڵ بوو بە فاریقە
ئەسحاب سێسەد و لە هەژدە کەمتر
ئەوان هەزار و لە سەد زیاتر
چونکی موخلیس بوون سوپاهی یاران
غاڵب بوون لەسەر سوپای بەدکاران
حەفتایان کوژرا و حەفتایان بە دیل
گیران بە دەستی ئەسحابی جەلیل
سریەیی عومەیر بۆ «عصما»ی بێقەدر
لەپاش ئەو غەزای «قرقرة الکَدر»
سریەیی سالم بۆ سەر یەهوودی
ئەبووعەفەک ناو شەرووری عادی
عەقدی فاتیمە لە مانگی شەووال
بۆ عەلی حەیدەر شێری «ذي الجلال»
غەزای «سويق» و غەزای «قُنَيقاع»
سریەیی ئیبنو موسلیمەی نەفاع[1]
هۆنەر: #مەلا عەبدولکەریمی مودەریس#
پەرتووکی: #بارانی ڕەحمەت#