=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: دڵسۆز بین یان هۆشیار بین=KTML_End=
ناوی نووسەر: #عومەر محەمەد قادر#
ساڵێک پێشتر نووسیومە، باشترین کارێک کە یەکێتیی و پارتی کردبێتیان ئەوەبوو، کە لە 1991 بەڵگە دەستبەسەرداگیراوەکانی #بەعس#یان ڕادەستی ئەمریکییەکان و ڕێکخراوی “هیومان ڕایتس وۆچ” کرد چونکە هیچ گرنتییەک نەبوو بۆ پاراستنیان. ئەوسا نووسیومە دوورنەبوو لە گەڕانەوەی بەعس و جێهێشتنیان لە دۆخی ئاوارەییدا، بەڵگەکان بکەوتنایەوە دەست بەعس. دەنا لەو بڕوایەدا نەبووم، کە دەسەڵاتداران هەتا ئەو ڕادەیە کۆڵەوار بن، بەدەستی خۆیان بە قەلابە و تراکتۆر بەڵگە و دۆکێومێنتەکان فڕێ بدەن! کەچی ئەو ڕاستییە تاڵەشمان زانی.
لە پۆستێکیدا کاک مەحمود ڕەزا دەربارەی دڵسۆزی و هەوڵ و تێکۆشانەکانی مامۆستا عەبدولرەقیب یوسف و گرنگی کەسایەتییەکی ئاوا نووسیویەتی و چەند خاڵێکی گرنگی دەربارەی خستووەتە ڕوو. لەناویاندا خاڵی سێیەم بۆ من زۆر سەرنجبەر و مایەی تێڕامانە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی بەڕێزێک بەناوی “والی نەوجولی” کۆمێنتێکی بۆ پشتڕاستکردنەوەی نووسینەکەی کاک مەحمود ڕەزا نووسیوە. لەو خاڵەدا هەم دڵسۆزی و هەم هۆشیاری و بەرپرسیارێتی مامۆستا عەبدولرەقیب یوسف و هەردووک برا دڵسۆزەکەی بنکەی ژین، مامۆستا ڕەفیق ساڵح و مامۆستا سدیق ساڵح-یش، دەبینین. لەوێدا دەردەکەوێ هەر دڵسۆزی بەس نییە، بەڵکو هۆشیاری ئەرکداری پێویستترن چونکە ڕۆژانە ئاخ و حەسەرت و جنێوی دڵسۆزی بێ کردار دەبینین و دەبیستین.
بەدیدی من ئەوە خاڵی وەرچەرخانی بابەتێکی مێژووییە چونکە هۆشیاری و تێگەیشتنی تاک سەبارەت بە مێژوو و بەهای دۆکیومێنتەکان لە تێگەیشتنی سیاسەتمەداران و دەسەڵاتداران هەورازترە. لێرەدا تێڕامانێکی قوڵ لەسەر دڵسۆزیش پێویستە چونکە کورد مرۆڤی دڵسۆزی زۆرە و هۆشیاری کەم، ئەوەی والی نەوجولی شاهیدی لەسەر دەدات، دەروازەی باسێکی گرنگتر و لێکۆڵینەوەی زیاترە. زۆر باشە هەموومان دڵسۆزبین بەڵام لەوە باشتر و گرنگتر ئەوەیە دڵسۆز و هۆشیار بین، دەنا دڵسۆزی نەزان ماڵویران دەکات. من ئەم دەردەم لە دۆسێی ئەنفال دا زیاتر درک پێکردووە! تەخشان وپەخشانکردنی، بەڵگەکانی ئەنفال کارێکیان کرد هیچ بەهایەکی دۆکیۆمێنتارییان نەهێشتەوە، دەیان وێنە و بەڵگەی چەواشەکراویان دەرخواردی مێشکی خەڵکدا، هەر بەساویلکەیی و دڵسۆزی خۆیان تەنانەت فڕۆکەوانی بەعس-یان کرد بە پاڵەوان گوایە #هەڵەبجە#ی بۆمباران نەکردووە. نەک هەر تاک بگرە دەستگاکانی ڕاگەیاندنیش لەکاتێکدا #داعش# کەناڵی تیڤی نەبوو میدیاکاری کورد بوونە پۆستەچیان و سەدان فۆتۆ و ڤیدیۆی دیل کوشتن و سەربڕینیان بۆ داعش بڵاوکردەوە. گوایە پەرۆشی ئایندەن!
لەخاڵی سێهەمی پۆستەکەیدا کاک مەحمود نوسیوێتی: “حوکمڕانانی هەرێم دوای ڕاپەڕین، هەموو بەڵگەنامەکانی فەرمانگەکانی #سلێمانی#-یان خستە ناو گوێنییەوە و بە گەلابە و تراکتۆر فڕێیاندان. ئەوە مامۆستا ڕەقیب بوو، کە بە هاوکاری مامۆستا ڕەفیق ساڵح و کاک سدیق-ی برای لە زبڵخانەکانی دەوری شار، ئەوەندەی لە توانایانا بوو، بە کۆڵی خۆیان ڕزگاریان کرد.” ئەگەر لە قسەکانی کاک مەحمود وردبینەوە دەردەکە ئەوەیە داخۆ سێ دڵسۆز بە کۆڵی خۆیان توانیبێتیان چەند گونییەیان لەو هەموو گونییە پڕ لە بەڵگە فڕێدراوانە پێ ڕزگار کرابێ و چەندیان فەوتابن؟
سەبارەت بەم خاڵە کاک والی نەوجولی نوسیوێتی: “ئەوە پشت ڕاست ئەکەمەوە کە خۆم وەکوو فەرمانبەرێک لە فەرمانگەکەی خۆمەوە تەرخان کرام کە لەگەڵ مامۆستا عەبدولرەقیب دا کار بکەم و هاوکاری بکەم لە جیاکردنەوەی ئەو بەڵگانەی کە خرا بوونە گونیەوەو فرۆشرا بوون بە یەکێک لە کارگەکانی دروستکردنی کلینیکس لە حەی سناعەکەی سلێمانی [ناوچەی پیشەسازیی]. زۆربەی بەڵگەکان هی پارێزگا و قائیمقامیەت و ناحیەکان بوون. چەندین ڕۆژ و حەفتە لەبەر باران گونیە بە گونییە هەڵمان ئەدڕی و فایل بە فایل ئەمانخۆێندەوە. شتی زۆر دەگەمەن و بەسوودمان دۆزیەوە، کە مێژووی ئەگەڕایەوە بۆ سەردەمی مەلیک و ئینگلیز لەناو ئەو دۆسێانەی کەوتە بەردەستمان. دۆسیەی هونەرمەند و شاعیری خوالێخۆشبوو ڕەفیق چالاک بوو. بەمەرجێ کچەکەی لەو کارگەی کلێنیکسە دا کاری ئەکرد، دۆسێەکەی باوکیمان خستە بەردەستی کەوا لە گونیەیەکدا لەبەر باران بێناز فڕێ درابوو. هەروەها ناوی دکتۆرەیەکی بە ڕەگەز بەریتانی کە لە نەخۆشخانەی هەڵەبجە کاری کردبوو ئەویشمان خستەوە لیستی ئەرشیفەوەوە زۆر بەڵگەمان لە فەوتان ڕزگارکرد. بەڵێ مامۆستا عەبدولرقیب موخلیسی کارەکەی بوو زۆر خەمخۆر بوو، باکی لە قوڕ و زەلکاو و باران نەبوو، هەمیشە بەدەستی خۆی بەدواداچوونی ئەکرد!”
ئەوەی والی نەوجولی باسی دەکات، ئەگەر تۆ وەک بینەری فیلمێک بەدیار ئەم چیرۆکەوە دانیشیت، ڕەنگە بڵێیت ئەمە خەیاڵی سیناریستەکەیەتی، بەرپرسانی حکومەت لەبری ئەوەی کلتورسازی و نەتەوەسازی بکەن و پارێزەری مێژووی وڵاتەکەیان بن خۆیان وێرانکارێتی دەکەن و بە تراکتۆر و قەلابە هەموو فایل و لاپەرە تۆمارکراوەکانی کارگێڕیی بەعس و مێژووی چەوساندنەوەی خۆی فڕێ دەدات. ئەمە دەلالەتی دەسەڵاتێکی ڕووتە کە بەنیازی دەوڵەتداری نییە، کەچی کەسانێک بەدڵسۆزی بە هۆشیارییەوە دێنە مەیدان و دەبنە فریادڕەس!
ڕەنگە هێشتا چیرۆکەکە لێرەدا تەواو نەبێت، تراجیدیاکە کارەکتەرێکی تری تێدایە ئەویش کچەکەی ڕەفیق چالاک-ە لەو کارگەی کلێنسەی کە دۆکیومێنتەکان لەناو دەبات و لە حەوزی ئاودا دەیانخوسێنێت و دواتر دەیانکات بە کلێنس. بیهێنەرە پێشچاوت کچی هونەرمەندێکی بەناوبانگی کورد و کەسایەتییەکی دیاری وڵات دۆکێومێنتەکەی باوکی بەدەستی خۆی دەفەوتێنێ و دەیکات بە کلێنس!
ئینجا بیهێنەرە پێشچاوی خۆت، ڕۆژگارێک دێتە پێشەوە هەمان ئەو کچەی لە کارگەکەدا بەدەستی خۆی فایلەکەی باوکی لەناو بردووە، وێڵە بەدوای بەڵگەیەکدا بیسەلمێنێ باوکی لەلایەن دەوڵەتی عێراق-ەوە زیندان بووە یان ئەشکەنجەدراوە، هەمان دام ودەزگا کە خۆیان بەڵگەکەیان فڕێداوە، ئەمڕۆ داوا لە کچەکەی دەکەنەوە بۆ پێداویستییەکی کارگێڕیی و کچەش بۆ هەمان فایل دەگەڕێت! چیرۆکی ئەم میللەتە هەر تراجیدی نییە بگرە ئاڵۆزە و سەر دەرکردن لێی ئاسان نییە.
=KTML_Bold=ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.=KTML_End=[1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=