=KTML_Bold=سەرۆک لە وێنە گەورەکەدا=KTML_End=
#ئاریان فەرەج#
زۆر جار ئێمە خۆمان قەدرى خۆمان و ئەوەى هەمانە وەک پێويست نازانين و ناگرين، جا ئیدی هۆکارەکە خۆخۆرى و دانبەيەکدانەنان بێت يان خۆبەکەمزانى و خودلاوازى، دەنا لە راستيدا هەين و قەدريشمان هەيە و کارەکتەرى زۆر بەقەدر و بەهاداريشمان هەن.
بۆ نموونە سەرنج بدەنە سیاسەتڤانێکی خۆماڵیی وەک #نێچيرڤان بارزانى# کە روو له هەر کوێ دەکات، به ئەندازەيەک رێز لە روانگە و دنيابينى و کاريزما و کەسايەتييەکەى دەگرن کە پێناچێ لە هەرێمێکى بچووک و نادەوڵەتەوە بەڵکو بە نوێنەرايەتى و سەرۆکايەتيى وڵاتێکى کاريگەر و بە هەژموونەوە رووى تێکردبن. بۆ هەر کار و داوا و ئامانجێکيش بچێت، کەساتيەتييە بە قەدر و قبووڵکراو و خۆشەويست و متمانەدارەکەى، کارەکەى ئاسان و مەيسەر و داوا و ئامانجەکەى لە قبووڵکردن نزيکدەکەنەوە. ئەمە پێداهەڵگوتن و مەدح و سەنا نييە، ئەمه راستييەکە و هەموو جارێک و دوايين جار لە سەردانى ئەم دواييەى بۆ بەغدا و بەره و چارەسەرکردنی يەکجاريى کێشەکان رەنگيدايەوە و لە سەردانى ئێستاشيدا بۆ تاران و ئاستى بەرزى پێشوازى لە خۆى و روانگە ميانەڕەوە چارەسەرخوازەکەيدا، بە روونى بەرجەستە بووە.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان، تا ئەم دواييەش، سەربارى خۆخۆرى و ناکۆکيى نێوخۆييمان، بەئەندازەيەک (بە قەيران، هەڕەشە، تەنگپێهەڵچنين و لەقاڵبدانى ناحەزانە) و (بە رەخنە، هۆشدارى، سەرکۆنە و گازندەى دۆستانە) ئابڵوقەدرابووين، وا هەست دەکرا لە پێکەوتووين و کۆتاييمانە. کەچى مانۆڕە ديپلۆماسييەکان و بزاڤى چارەسەرخوازانە و سەردان و ديدارەکانى چەند هەفتەى رابردووى ئەم سياسەتڤانە، وەک دەڵێن سيحرەکەى بەسەر ساحيردا قڵپکردەوە و، لە ماوەيەکى کەمدا هەموو ئاراستەکان لە نائومێدى و بێ جەدواييەوە بەره و ئومێد و جەدوا و چارەسەر وەرچەرخان.
بەغدا و ئەنقەرە و تاران کە پێدەچوو پێکەوە دەستيان لە بينمان گيرکردبێ، دواى ئه و مانۆڕانە بە ئەندازەيەک گۆڕان لە بەغدا کارى جددى بۆ کۆتاییهێنان بە قەيران و چارەى بنەڕەتى کێشەکان، لە ئەنقەرە گێڕانەوەى ئيعتبار بۆ هەولێر وەک پايتەختى عێراقێکی ديکە، لە تارانيش داڕشتنەوەى تانوپۆى قۆناخێکى نوێ و (لە مووشەک و درۆنەوە بۆ هاوکارى و هاوبەشى و هاوسێيەتى) هاتنەئاراوە.
ئەم روانگە و پەيام و سياسەتە قبووڵکراو و رێزلێگيراو و متمانەدارەى سەرۆک نێچيرڤان بارزانى لەسەر ئاستى عێراق و ناوچەکە و دەرەوە، دەبوو و دەبێ لە ناوخۆدا زۆر لە ئێستا زياتر دەستى پێوە بگيرێ، پشتيوانى بکرێ، ئومێدى لەسەر هەڵبچنرێ و بەره و سەرکەوتن ببرێ، چونکە لە کۆتاييدا خێر و قازانجى گەلى کوردستانى تێدايە بە هەموو حیزب و لايەن و پێکهاتەکانيەوە. بە پێچەوانەشەوە هەر کەم سەرنجدان و شەڕفرۆشتنێک بەم روانگە نيشتمانى و کۆکەرەوە و مەقبوولە، هەر بچووککردنەوەيەکى مەبەست و ئامانجە کوردستانييەکانى بۆ ئاستى لێکدانەوەيەکى بچووکی حیزبى، جيا لەوەى غەدرێکى گەورەيە، زۆريش بڕ ناکات. بۆ نموونە:
له سەرووبەندى سەردانى سەرۆک بۆ تاران، هەندێ ناوەندى ميديايى نووسييان: نێچيرڤان بارزانى بە ئەرکێکى حیزبى و بۆ بەديهێنانى خواست و داوايەکى حیزبەکەى سەبارەت هەڵبژاردن دەچێتە تاران! ئەم بانگەشەیە هەر هێندەى بڕکرد تاوەکو سەرۆک بە ياوەريى هەردوو جێگرە بەڕێزەکەى کە دوو سەرکردەى ديارى يەکێتى و گۆڕانن لە فڕۆکەخانەى ميهرابادى تاران دابەزى. ئاخر ئەگەر نێچيرڤان بارزانى بۆ ئەرکێکى حیزبى نەک کوردستانى چووبێت، بۆچی حیزبەکانى ديکەى لەگەڵدان؟ [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=