چاوی ڕەش کرد بۆ هەوێزێ، تۆشمان ديوە لە پەرێزێ
چاو ڕەشکردن خۆ جوانکردن و بەجۆرێکيش خۆدەرهێنانە، هەوێزيش شوێنی حەوانەی ئاژەڵی(مەڕ و بزن)ە و دەبێت دوای ڕادانی مێگەڵ کچان و ژنان بيماڵن و قشپڵ و ميزەڕۆيان خاوێن بکەنەوە تاوەکو دووبارە کە لە پاوان و مێرگ و لەوەڕگايان گەڕايەوە شوێنی حەوانەوەيان خاوێن بێت و پشوو بدەن، پەرێزيش پاشماوەی دروێنەی دەغل و دانە و پاڵە و سەپان کە بەداسەکانيان دەست دەکەن بەدروێنەی گەنم و جۆ سوارە و مەڵۆيەکی زۆر دەخەن و تێڵەکێش کە زياتر کچان و ژنان بوون لەناو کوردان بەدواوەيانەوەن تاوەکو هەموو مەڵۆ و سوارەکان گردوکۆبکەنەوە چ بيگوازنەوە سەرخەرمان چ سەرەتا کيشە و گەڵاوێژی لێ دروست بکەن لەناو پەرێزەکە، ئينجا ژن هەيە لە گردوکۆکردنەوەی مەڵۆيان زۆر تەمبەڵە و هەشە زۆر ئازايه و مەڵۆ دەخاتە سەرپشت و شانی سەپانی بەواتا بۆ مەڵۆ و سوارەت نيە و تەمبەڵی لە دروێنەی، ئينجا لێرەدا هەردوو حاڵەتی(هەوێز و پەرێز) بۆ ژنەی يان کيژەی بووە بە ئيديۆم بەمەبەست بۆ ژنە يان کچەی بەکاردێت واتە خۆت بامەدە و خۆت دەرمەهێنە گوايە دەچيە هەوێزی و کابان و خانومان و ئازايت ئێمە تۆمان لەکاتی گردوکۆکردنەوەی مەڵۆ و سوارەدا بينيووە لەپەرێزێ چەندە نەکارا وتەمبەڵ و تەوەزەڵ بويتی، ئەم ئيديۆمەم لە کاتی جيابوونەوەی دکتۆر بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی يەکێتی نيشتمانی کوردستان و دروستبونی قەوارەی هاوپەيمانی وەبير هاتەوە، چونکە دکتۆر هەم لە دەسەڵاتدا(پەرێز)بينراوە، هەميش لە ئۆپۆزيسيۆن(هەوێز)دا هەولی دەدا کاری خۆی بکات.
ئەڤ بابەت ب زمانا (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا
بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 2,124 جار هاتیە دیتن