ئەستێرە گەشە
ئەستێرە گەشەی بەحەواوە
سەرم وا لەتۆ سووڕماوە
هەر سەیرت ئەکەم تێ ناگەم
کێ تۆی لەو جێیە داناوە؟
***
بەشەو کە دێمە سەربانی
سەیرت ئەکەم لە ئاسمانی
لەناو فەزای شین و جوانی
جریوەت دێ تا بەیانی
***
بۆیە وا شاد و مەسرووری
سەربەست و بەرز و ڕووسووری
دائیم دڵ ڕوون و پڕ نووری
چونکە لەم دنیایە دووری
***
خۆزگەم ئەمەیە ئێستە تۆ
بهاتیتایە گفت و گۆ
شەرحت بکردایە لەبۆ
منی هەژاری دەس خەڕۆ
***
بەردی، درەختی، یا بەشەر؟
ئەڵماسی، زیوی، یا گەوهەر؟
گیرەوەی تۆم و پڕکەدەر
پێم بڵێ زوو بەموختەسەر
***
جوابی دامەوە کەوا
کورەیەکم لەناو فەزا
بەئەمر و قودرەتی خودا
ڕاوەستاوم لە ڕووی سەما
#فایەق بێکەس#
سەرچاوە: #دیوانی بێکەس#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [1]
ئەڤ بابەت ب زمانا (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا
بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 130 جار هاتیە دیتن