بەڕێز.. کاک نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
📝 بەڵگەنامەکان
سڵاوێکی گەرم...
ئێمە کە لەخوارەوە ناومان هاتووە، کۆمەڵێک کەسی تێکۆشەری ناو ئەو رێکخراوە دیموکراتیانەی ئەمڕۆین، کە لەشۆڕشی نوێدا هەموو تەمەنی لاوێتی خۆمان لەخەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی و شەهید بوون و زیندانی و رێکخستندا بەسەر بردوەو بەدرێژایی لانی کەمی 15ساڵ لەشاخ و لەزیندانە تاریکەکانی بەعس و لەشارو شارۆچکەکانی کوردستان بەرامبەر بەڕژێمی داگیرکەری بەغدا وەستاوینەتەوەو لەوپێناوەشدا هەرچەندە لێمان شەهیدبوەو زیندانی کراوین و کەمئەندام بوین و ماڵمان وێران بووە، بەڵام تا ئەمڕۆش کە ئاوڕێ لەرابردوو دەدەینەوە، ئەوا زۆر بەفەخرەوە سەیری بڵندی هەڵوێستمان دەکەین و بەهەرە سەروەری ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆمانی دەزانین و پێشمانوایە تا دونیا دونیایە تاکە شتێک کە لەمێژوودا بۆ ئێمە بمێنێتەوە و فەخری پێوەبکەین، ئەو خەبات و قوربانی دانەمان بووە لەشۆڕشی نوێدا بۆ کوردو کوردستان.
بەڵام ئەمڕۆ، کە دەبینین بەری ئەو رەنج و ماندووبون و تێکۆشانەمان، کە دیارە بەرێزیشتان یەکێکن لەو تێکۆشەرانەی، کە سەرکردایەتی ئێمە بوون خەریکە بەئاودا دەدرێ و سوک دەکرێ و بەفیڕۆ دەچێت، ئەویش بەوەی، کەسێ دەکرێتە کاندید بۆ پارێزگای سلێمانی کەسێکی بەعسی و خۆفرۆش بووە.
بۆیە ئێمە پێمانوایە نەبەڕێزتان و نە ئێمەش رۆژانی سەختی بەرەنگاریمان بۆ دروستکردنی رۆژێکی وا هەڵنەبژاردوە کەسێکی بەعسی نمایندەی شەهیدان و بەرخودانی پارێزگایەک بکات، کە هیچ کەس بەقەد بەڕێزتان ئاگای لە مێژووە گەش و پرشنگدارەکەی نییە.
بۆیە بەیادی هاوسەنگەری جارانەوە داوا لەبەڕێزتان دەکەین هەرچی زوترە ئەو بەعسییە لەدیارکردنی بۆ ئەو پۆستە بکشێننەوەو کەسێکی تر هەر لە لیستەکەی خۆتان دابنێن کە دەتوانێ نمایندەی لیستەکەتان بێت، ئێمە بەداخەوین کە دەبوایە ئەو کاندیدە خۆی بکشایەتەوەو داوای لێبوردنی بکردایە، بەڵام ئێستا هیوامان وایە کە خۆتان ئەو دەست پێشخەرییە بکەن و کەسێکی تر لەلیستەکەتان بێننە پێشەوە، هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی پاشگەزبوونەوە لەهەڵە جوامێری و ئازایەتییەو ئێمەش سەرەڕای جیاوازیمان ئەوەتان لێ رەچاو دەکەین.
لەگەڵ ئەوپەڕی رێزماندا....
- کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان.
- کۆمکاری زیندانیانی کوردستان/ لیستی سەوز، سلێمانی.
- کۆمەڵەی پێشمەرگە کەم ئەندامەکانی سەنگەر.
- کۆمەڵەی رێکخستنە دێرینەکانی کوردستان.
- رێکخراوی شەهید ئارام.
- رێکخراوی گەشەپێدانی ئابوری کەسوکاری شەهیدان.
- 25-04-2014