ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی خۆڵبارینەوە چونەتە نەخۆشخانە راگەیەندرا
📊 ئامار و راپرسی
ژینۆ ئەحمەد
بەهۆی کاریگەرییەکانی خۆڵبارینەوە لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا لە شاری سلێمانی، نزیکەی 10 هاوڵاتی داخڵی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەناوی کراون.
لە لێدوانێکی نوسراودا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، تیایدا د.ئەحمەد سەعید، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەناوی سلێمانی رایگەیاند: "لەماوەی ئەم سێ رۆژەی خۆڵباریندا 10 هاوڵاتی داخڵی نەخۆشخانەکە کراون، بەشێوەیەک لە رۆژی یەکەمدا هیچ حاڵەتێکمان نەبوە و لە رۆژی دوهەمیشدا چوار حاڵەت و ئەمڕۆش کە خۆڵبارینەکە خەستتر بۆتەوە شەش حاڵەتمان هەبووە".
ئەگەرچی بەپێی راپۆرتی فەرمانگەی گشتی کەشناسی هەرێمی کوردستان، وادەی خۆڵبارینەکە تەنها تا ئەمڕۆ پێنجشەممە بوو، بەڵام ئێستا شەپۆلەکە نەڕەویوەتەوە.
د. ئەحمەد سەعید ئەوەشی راگەیاند: "لەکۆی حاڵەتەکان هەشت حاڵەتیان پاش چارەسەرکردن نەخۆشخانەیان جێ هێشتوه و باری تەندروستیان باش بووە، تەنها دوو حاڵەت لەناو نەخۆشخانەکەدا ماونەتەوه و ئەوانیش باری تەندروستیان جێگیره و هیچ حاڵەتێکی کوشندەشمان نەبوە".
- 14-05-2015