نەشوان عەبدولرەزاق عەبدولباقی - نەشوان کوردی - عەبدولهادی موسڵی - عەبدولهاد...
لەسەرەتای نەوەتەکانی سەدەی رابردووەوە چۆتە پاکستان دوای ماوەیەکی کەم لەکشانەوەی سۆڤیەت لە ئەفغانسان، نەشوان هاوڵاتیەکی کوردە دانیشتووی شاری موسڵ بووە، پێشتر لە ریزی سوپای عێراقدا خزمەتی کردووە لە جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا، بەپێی راپۆرتەکەی فۆرێن پۆلیسی، هەندێکجار ناوی (عەبدولهادی موسڵی) بووە، یان (عەبدولهادی ئەنساری یاخود عێراقی).
عەبدولهادی کە ئەندامێکی کوردی قاعیدەیە، لەساڵی 1995ەوە لە ئەفغانستان جێگیر بووە و بەراهێنەری سەرەکی جیهادییەکانی قاعیدە دادەنرێت لەڕووی سەربازییەوە.
نەشوان کە ئێستا لە گرتووخانەی گوانتانامۆی ئەمریکا بەندکراوەو چەندین تۆمەتی ئاڕاستە کراوە دەستی باڵای هەبووە لە رووخاندنی پەیکەرەکانی بوزا لە ناوچەی بامیانی ئەفغانستان لەساڵی 2001دا، هاوکات نەشوان بەئاڕاستەکەری قاعیدە دادەنرێت لە عێراق و بنکەیەکی سەربازیشی هەبووە لە کابوڵ کە دەوترێت جیهادییە کوردییەکان لەوێ لە ژێر دەستی ئەودا راهێنان و مەشقیان کردووە.
نەشوان کوردی دەستی باڵای هەبووە لە دروستکردنی قاعیدەی عێراق بۆ زەرقاوی، ئەو ئوردونییەی دواتر بووە باوکی رۆحی قاعیدە لەعێراق، کە دواتر بەهۆی بەیعەت نەدانی بە بن لادن، کێشە کەوتە نێوان قاعیدەی ئەفغانستان و قاعیدەی عێراقەوە.
دوای ئەوەی داوای پارە دەکات لەقاعیدە، نەشوان کوردی دەکەوێتە گفتوگۆوە لەگەڵ ئەبو مسعەب زەرقاوی لەرێگەی ئەبوحەسن غول کە کەسێکی پاکستانی بوو، لەوکاتەدا زەرقاوی بە غول دەڵێت کە ئەوان دەست دەکەن بە تیرۆرکردنی سومبولە ئاینییەکان و نانەوەی فیتنە لە نێوان پێکهاتەکاندا و دواتر جەنگ دژی بێگانە دەستپێدەکەن، کە ئەوە بەتەواویی لەلایەن عەبدولهادی کوردییەوە رەتکراوەتەوە و کێشە کەوتۆتە نێوان ئەو سەرکردە کوردە و زەرقاویەوە.
ئەم زانیارییانەش کاتێک بیستراون، کە غول لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیر دەکرێت، کاتێک دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەفغانستان.
دوای ئەو ناکۆکییانە، نەشوان کوردی بڕیار دەدات بێتە عێراق و چاوی بکەوێت بە ئەبومسعەب زەرقاوی، بەڵام زەرقاوی رەتیدەکاتەوە و دەڵێت جیهادی ئەوان جیاوازە لەگەڵ ئێمە و پێویست ناکات بێت بۆ بینینی من.
پاش ئەوەی ئەبومسعەب زەرقاوی مانگی تەمموزی ساڵی 2004 بەیعەتی بە بن لادن دا، لەو ساتەوە ئاگری شەڕی تایفی لە عێراق سەریهەڵدا.
ساڵی 2005 جۆن نیگرۆپۆنتی بەڕێوەبەری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا نامەیەکی ئەیمەن زەواهیری کەسی دووەمی قاعیدە دەخوێنێتەوە، کە تیایدا داوای لە زەرقاوی کردووە واز لە سەربڕین و کوشتنیی عیراقییەکان بێنێت، بەڵام زەرقاوی گوێی بەویش نەداوە.
لەساڵی 2006 عەبدولهادی ئەنساری عیراقی کە بە نەشوان کوردیش دەناسرا، گڵۆپی سەوزی لە زەرقاوییەوە پێگەیشت، کە بێتە عێراق و قسە بکەن پێکەوە بۆ یەکخستنی چەکدارەکانی ئەنسارو سوننە لە کوردستان و قاعیدەی عێراق، بەڵام پێش گەیشتنی نەشوان بە عێراق، زەرقاوی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2006دا بەبۆردومانێکدا کوژرا و ئەبو حەمزەی موهاجیر شوێنی گرتەوە، کە میسری بوو، پاشان هەموو رێکخستنەکانی قاعیدەی لە عێراق هەڵوەشاندەوە و پەیوەندی خۆی لەگەڵ قاعیدەی ئەفغانستان نەهێشت، ئینجا گروپە چەکدارییەکانی خۆی کۆکردەوە و ناوی لێنان (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق).
رێکخراوی قاعیدە هەواڵێکی خۆشی بەدەست گەیشت پاش ئەوەی زانی عەبدولهادی کوردی لەسەر سنوورە لەنزیک عێراق، بەڵام ئەو خۆشییە سەری نەگرت، ئەوەندەی نەبرد لەشاری غازی عەنتاب نەشوان کوردی گیرا و بەدیاریکراوی رۆژێک دوای راگەیاندنی رێکخراوی
داعشداعش لەعیراق.
بەقۆڵبەستکردنی نەشوانیش، هەموو هیواکانی قاعیدە بۆ دەستبەسەراگرتنی داعش لە عێراق شکستی خوارد و ئەوەش ناوەڕۆکی کێشەکە بوو کە زەرقاوی توانی بەویستی خۆی ئەو رێکخراوە جیهادییە توندڕەوە دروست بکات لە عێراق و سوریا کە خۆی ویستی.
نەشوان کوردی لە 31ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2006 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیر کرا و بەفڕۆکەیەکی تایبەت برایەوە بۆ کابوڵ لەوێ درایە دەست ئەمریکییەکان.
ئێستا نەشوان کوردی لەگوانتانامۆ بە یەکێک لە 17 ترسناکترین بەندکراوەکانی جیهان دادەنرێت بەپێی پۆلێنی ساڵی 2010ی گیراوان، ئەو ئێستا تاکە کوردە لە گوانتانامۆ زیندانی کراوە و ئەوەی گریمانەی بۆ دەکرێت بەپێی راپۆرتەکەی فۆرین پۆلیسی ئەوەیە:
-نەشوان ویستوێتی بێتە عێراق و لەگەڵ بەرەی ئەنسار سوننە و چەکدارە کوردەکانی قاعێدە بەرەیەکی گەورە دروست بکات و ناوی بنێت باڵی قاعیدە لە عیراق.
-یان بەرەیەکی دژ دروست بکات بۆ دژایەتی داعش وەک ئەوەی ئێستا لە سوریا دەگوزەرێت.
-یاخود ئەنجامدانی کودەتایەک لەناوچەکە و باڵادەست بوونی خۆی رابگەیەنێت لە هەموو کوردستان و عێراقدا بۆ دژایەتیکردنی حکومەتی هەرێم و بەغدا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.
- 26-11-2016