گۆڕان و کۆمەڵ داوادەکەن پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکرێت
📝 بەڵگەنامەکان
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
راگەیانراوێک بۆ رای گشتی و هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان
بڕیاردان لە مافی چارەنوس و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان مافێکی سروشتی گەلی کوردستانە.
خەباتی رزگاریخوازانەی زیاتر لە سەد ساڵی رابردوی گەلەکەمان لە هەمو پارچەکانی کوردستان لە پێناوی سەربەخۆیی و مافی چارەنوس بوە.
ریفراندۆمریفراندۆم یەکێکە لە ئامرازەکانی گەیشتن بەو ئامانجە نەتەوەییە، بەڵام ئەنجامدانی ریفراندۆم لەم بارودۆخە ئاڵۆزو پڕ لە قەیران و ئایندە نادیارەدا نەک تەنها خزمەتی ئەو ستراتیژە ناکات بەڵکو هەنگاوێکی مەترسیدارە لە سەر ئێستاو ئایندەی گەلەکەمان،
چونکە:
یەکەم/ ئەگەر ریفراندۆم، وەک ئەوەی بڕیاری لێدراوە، لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان ئەنجام بدرێ دەبێتە مایەی شەڕو پشێوی و لەدەستدانی ئەو ناوچانە، کە بە هەزاران قوربانیمان لەپێناویان داوە.
خۆ ئەگەر ریفراندۆم لەو ناوچانە ئەنجام نەدرێ ئەوا بەدەستی خۆمان دەسبەرداری نزیکەی نیوەی روبەری کوردستانی باشور دەبین
دوەم/ شەڕو روبەڕوبونەوەی نێوان هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی عیراق و گروپە چەکدارەکان دەبێتە مایەی تێکچونی باری ئاسایش لەزۆربەی ناوچەکانی کوردستان.
ئەم هەنگاوە نەک نابێتە مایەی خۆشگوزەرانی خەڵک، بەڵکو ژیانیان سەختترو باری سەرشانیان قورستر دەکا.
سێیەم/ درزێکی گەورەی تر دەکەوێتە ناو ریزەکانی گەلەکەمان بەهۆی هەڵوێستی جیاوازی ئێستای خەڵک سەبارەت بە ریفراندۆم.
دواتر ساڕێژکردنی ئەو برینە کاتێکی زۆری دەوێت و دەرهاویشتەکانی ترسناکن، بەڵام لە ئێستادا ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو دەوڵەتە ئەوروپاییەکان و نەتەوە یەکگرتوەکان داوا لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەن ریفراندۆم ئەنجام نەدرێ.
ئەو دەوڵەتانە ئامادەییان دەربڕیوە نێوەندگیری لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادا بکەن و هەوڵی چارەسەری کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق بدەن.
لەم سۆنگەیەوەو بۆ دەربازبون لەم بارودۆخە ئاڵۆزو نادیارەی گەلەکەمان تێی کەوتوەو لە هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی ئاینی و نیشتمانی و نەتەوەییەوە، داوا دەکەین پێشوازی لەو دەستپێشخەریەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکرێ.
هەروەها جارێکی تر بە پێویستی دەزانین دوپاتی بکەینەوەو پێشتریش لە دو راگەیەندراوی هاوبەشدا داوامان کردوە کە ریفراندۆم دوابخرێت و زەمینەی لەباری بۆ بڕەخسێنرێت، بە گێڕانەوەی یەکڕیزی و تەبایی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان و چاککردنی بژێوی و ژیانی خەڵک و گێڕانەوەی شکۆ بۆ دامەزراوە شەرعیەکانی کوردستان.
پاشان رەخساندنی زەمینەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە لەکات و هەلومەرجێکی گونجاودا کە سەربەخۆیی بە دوای خۆیدا بهێنێت و ئەگەری مەترسییەکان کەمتر بکاتەوە.
کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانکۆمەڵی ئیسلامی کوردستان -
بزوتنەوەی گۆڕانبزوتنەوەی گۆڕان
20-09-2017