ئامارەکانی رێژەی زیادبوونی منداڵی ئۆتیزم لەکوردستان مەترسیدارن
دواڕۆژ،
عیسا عەبدولقەهارعیسا عەبدولقەهار
بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، لە شارەکانی کوردستان زیاتر لە سێ هەزار منداڵی ئۆتیزم هەیەو ساڵانەش رێژەکەی بەشێوەیەکی مەترسیدار لەزیادبووندایە.
لەڕۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزم، کە ئەمڕۆ دووشەممە 2ی نیسانی 2018 لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئاماری ساڵانەی ئۆتیزم راگەیەنرا.
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، رێژەی منداڵانی ئۆتیزم لەهەولێر 900 تاکو 980 منداڵی تێپەڕاندووە، هەروەها لە سلێمانی و هەڵەبجە گەیشتۆتە هەزارو 250 منداڵ و لە دهۆکیش نزیکەی 800 حاڵەت هەیەو کۆی گشتی منداڵی ئۆتیزم زیاتر لە سێ هەزاری تێپەڕاندووەو ساڵانەش بەرێژەی بەرچاو منداڵی ئۆتیزم لە کوردستان زیاد دەبێت کە بە مەترسی هەژمارکراوە.
هەر بەپێی ئامارەکە، لەماوەی سێ ساڵی رابردوو زیاتر لە 80 خێزان کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە بەشێوەی قاچاغ و بەڕەسمی سەری خۆیان هەڵگرتووەو چوونەتە دەرەوەی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی منداڵەکانیان، هەروەها 12 خێزانی تر بەهۆی بوونی منداڵی ئۆتیزم لەیەک جیابوونەتەوەو 8 حاڵەتی ونبوونی منداڵی ئۆتیزمیش لەماوەی ساڵی رابردوو تۆمارکراوە.
کەمال جەباری، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند رەوشی ئەو خێزانانەی کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە زۆرخراپە، بۆیە داواکارین حکومەتی هەرێم مووچە بۆ ئەو منداڵانەی ئۆتیزم دابین بکات کە تەمەنیان 9 ساڵە هیچ مووچەیەکیان نییە، چونکە رێژەی 40%ی کۆی منداڵی ئۆتیزم پێکدێنن.
لەبارەی کردنەوەی سەنتەری راهێنان بۆ ئەو منداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە، نەرمین قادر بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بە دواڕۆژی راگەیاند حکومەتی هەرێم مووچەی 90 هەزاری بۆ منداڵی ئۆتیزم دابینکردووە، هەروەها سێ سەنتەری راهێنان لە شارەکانی هەرێم هەیە، بەڵام بەداخەوە تەنیا 70 منداڵ لەو سەنتەرانە جێکراونەتەوەو داوامانکردووەو سەنتەری تر بکرێتەوە.
وتیشی ئێمە توانیومانە مۆڵەت بەو کەسانە بدەین کە فەرمانبەرن و منداڵی ئۆتیزمیان هەیە، ئەگەر هەر خێزانێکیش دوو منداڵی ئۆتیزمی هەبێت ئەوا مۆڵەتەکە بە دایک و باوکی منداڵەکە دەدرێت بۆئەوەی چاودێری منداڵەکەیان بکەن.
ئۆتیزم، بریتییە لە تێکچوونی گەشەی مێشک و ئاڵۆزبوونی دەمارەکانی مێشک لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی منداڵ، کە ئەمەش کاردەکاتە سەر فەرمانەکانی مێشک و کەمیی گەشەیان و دەبێتەهۆی لاوازیی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و تێکچوونی رەفتاریان و درەنگ کاردانەوەیان بۆ کەسان و دەوروبەری خۆیان.
[1]
02-04-201802-04-2018