پارێزگاری سلێمانی 23 ڕێنمایی نوێی دەرکرد
ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی د.
هەڤاڵ ئەبوبەکرهەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری
سلێمانیسلێمانی، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆبۆوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر مەترسییە کارەساتبارەکانی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆناو ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کرا، دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستاو ڕابردوو و پێشبینیەکانی داهاتوو، چەندین پێشنیاز خرانەڕوو، بەکۆی دەنگ ئەم بڕیارو ڕێنمایی و پێشنیازانە پەسەندکران:
1-ڕێکارەکانی چاودێریکردن و بەدواداچوون و لێپرسینەوە بەرامبەر هەر سەرپێچییەکی ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕییەکان توندترو خێراترو فراوانتر دەکرێن و بۆ ئەم مەبەستە بنکەکانی تەندروستیی و پۆلیس و ئاسایشی گەڕەکەکان ڕاسپێردران و دەسەڵاتی تەواویان دراوەتێ بۆ چاودێریکردن و لێپرسینەوه و داخستنی هەر شوێنێک لە سنوری گەڕەکەکاندا، کە پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت.
2-سەرجەم یەکە کارگێڕیی و فەرمانگاکانی دەوڵەت لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا ڕاسپێردراون بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بەپێی تایبەتمەندی فەرمانگاکەیان و داخستنی هەر شوێنێکی سەرپێچیکار لەڕێی تیمی پشکنینی فەرمانگاکەیانەوە بەتایبەتی فەرمانگاکانی (تەندروستی، شارەوانی، ئەوقاف، گەشتوگوزار).
3-لیژنەی بەدواداچوونی یەکە کارگێڕییەکان و لیژنە هاوبەشەکانی قائمقامیەتەکان و تیمە تەندروستیەکان بە هەماهەنگیی لیژنەکانی ئارامیی لە پارێزگاو قەزاو ناحیەکاندا هەر شوێنێکی سەرپێچیکار دادەخەن و ڕووبەڕووی ڕێکاری یاساییان دەکەنەوە.
4-بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی و قەزاو ناحیەکان ڕاسپێردراون بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەر ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی گشتی (تاکسی، مینی پاس، پاس) ئەگەر پێچەوانەی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستیەکان کاربکەن.
5-هەموو فەرمانگاکانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت پێویستە پابەندی تەواوی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستیەکان بن و بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەرو دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت دادەخرێن.
6-هاتووچۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە جگە له و حاڵەتە مرۆیی و دبلۆماسیی و بازرگانییانە نەبێت کە بەیانی
وەزارەتی ناوخۆوەزارەتی ناوخۆ دیاریکردوون، هەر سەرپێچی و بەکەمگرتنێک بەڕێوەبەرو بەرپرسی دەروازە نێودەوڵەتی و مەرزو بازگەکان ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی توند دەکاتەوە.
7-هەر هەوڵێک بۆ هێنانی خەڵک بەقاچاخ، یان بەقاچاخ گەڕانەوە، بەتاوانی زیانگەیاندن بە سیستمی گشتی و ئاسایشی تەندروستیی و تەندروستیی گشتیی ئەژمار دەکرێت و ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
8-هەرکەس و گروپ و دامەزراوه و مێدیاو هێزو لایەنێکی سیاسیی، هەوڵی بە سیاسەتکردنی ئەم بارودۆخە تەندروستیە بدات و هانی هاووڵاتیان بدات بۆ پابەندنەبوون و بەدگومانی بە مەترسییەکانی پەتای کۆرۆنا، لەلایەن فەرمانگای داواکاری گشتییەوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
9-لە ئێوارەی ئەمڕۆوە هەموو مزگەوتەکانی ناوبازاڕی شاری سلێمانی تا کاتێکی نادیار دادەخرێن.
10-لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە تا کاتێکی نادیار پەیمانگا فێرکاریی و پیشەییەکان ناکرێنەوە.
11-دانانی پرسە لە مزگەوت و گەڕەک و ژێرخێمه و ماڵەکانیشدا بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
12-ئاهەنگ و بۆنه و کۆڕو کۆبوونەوه و لایڤ موزیک و هەر چالاکییەک قەرەباڵغی و تێکەڵاوبوون دروست بکات قەدەغەیە.
13-پێویستە هەموو مۆڵ و مارکێت و بازاڕەکان ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکەن و بەپێی ڕووبەرو قەبارەی شوێنەکان ڕێگا بە هاتووچۆی هاووڵاتیان و بازاڕکردن بدەن، بەپێچەوانەوە دادەخرێن.
14-داوا لە هەموو نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت دەکەین، کە پشتیوانی و هەماهەنگیی کەرتی تەندروستیی دەوڵەتیی بن، لەکاتی زیادبوونی ژمارەی تووشبووەکاندا نەخۆشخانەکانیان بخەنە خزمەت کەرتی تەندروستی گشتییەوه و خۆیان بۆ ئەم دۆخە نوێیە ئامادەبکەن، چونکە لە حاڵەتی زۆربوونی تووشبووندا لە توانای نەخۆشخانە حکومییەکاندا نامێنێت نەخۆش وەربگرێت.
15-داوا لە هەموو کەناڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین ڕۆڵی بەرپرسیارانەی مێدیاییانەی مرۆییانەی نیشتمانییانەی خۆیان لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا ببین و پشتیوانی کەرتی تەندروستی و بەرزکردنەوەی ئاستی خۆپارێزیی بکەن.
16-داوا لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەکەین ڕۆڵی شیاوی خۆیان لە بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی خۆپارێزیی و بەرزکردنەوەی ئاستی خۆپارێزیی لای هاووڵاتیاندا، ببینن.
17-داوا لە هەموو هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین بەیەکەوە کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناو پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتە خۆجێیەکان و هاووڵاتیانی کوردستان بکەن، خۆیان لە هەر ململانێیەکی سیاسیی و بەسیاسیکردنی دۆزو دۆخی تەندروستی، بەدووربگرن.
18-داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەین بە متمانەیەکی تەواوو بە هۆشیارییەکی فراوانەوە خۆیان بپارێزن و پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەکانەوە، دڵنیایان دەکەینەوە، کە ئەگەر هەموو بە وره و ئیراده و متمانەیەکی تەواوەوە بەرەنگاری کۆرۆنا نەبینەوە، ئەوا لە ڕۆژانی ئایندەدا دەبێت چاوەڕوانی مەرگی خۆمان و ئازیزانمان بکەین و توانستە تەندروستی و مرۆییەکانمان توانای وەرگرتنی نەخۆشیی نوێ و چارەسەرکردنی ژمارەی زۆری تووشبووانی نامێنێت و وڵاتەکەمان ڕووبەڕووی کارەساتێکی گەورە دەبێتەوە. دەبێت دڵنیابن کە گیان و ژیان و بژێویی و کارو کەسابەتمان دوچاری هەڕەشەی گەورە دەبنەوە. پێویستە لەسەر بنەمای سزاو خۆپارێزیی گشتیی، خۆیان لە هەر شوێنێک داببڕین کە پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان نابێت و لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکەنەوە بۆ داخستنی ئه و شوێنانە.
19-داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە بەخێرایی موچه و مافی دارایی کەرتی تەندروستی و هەموو کەرتە حکومییەکانی تر خەرج بکات و ڕێزلێنان و پێزانین بۆ هەموو ئه و پزیشک و کارمەندانەی بوارە جیاجیاکانی تەندروستیی بەتایبەتی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناو کەرتە جیاجیاکانی کارگێڕیی و ئارامیی و خزمەتگوزاریی و ئابوورییانەی تریش بکات، کە لەم بارودۆخەدا خۆنەویستانە خزمەت دەکەن.
20-پێشنیاز دەکەین بۆ وەزارەتی تەندروستی، کە ژمارەی پشکنینەکان لە کەرتی گشتیدا زیاتر بکات و دەرفەتیش بداتە کەرتی تایبەت کە لەژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستیدا بتوانن پشکنینی کۆرۆنا بۆ هاووڵاتیان بکەن، چونکە ئەگەر خۆپارێزی بەردەوام نەبێت و پابەندییەکان زیاتر نەبن، لە ڕۆژانی ئایندەدا دەرفەتەکانی پشکنینی هاووڵاتیان زۆر کەمدەبنەوە.
21-داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکەین، کە ئاماری ڕۆژانەی پارێزگاکانی هەرێم بەیەکەوه و لەیەک کاتدا ڕابگەیەنێت و لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش شوێن و گەڕەکی تووشبووان دیاری بکرێن و بڵاوبکرێنەوە.
22-هاووڵاتیانی خۆشەویست، داوا لە هەموولایەکتان دەکەین پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بن، بەپێچەوانەوە ناچار دەبین لە ڕۆژانی داهاتوودا پێشنیازی قەدەغەی تەواوی هاتووچۆ بکەین، کە بەدڵنیایی هەڕەشه و مەترسیی گەورە لەسەر بژێویی و ئابووریی و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان و دەوڵەتیش دروست دەکات.
23-داوا لە هەمووان دەکەین کە هەموو ڕۆژێکی پێنجشەممە لە سەعات (8)ی ئێوارەدا بۆ ڕێزلێنان لە ئەرک و ماندوبوون و جوامێریی و شکۆمەندیی کەرتی تەندروستی: گوڵێک لەسەر دیواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یان کەناڵەکان، یان ناوەندە تەندروستییەکان، یان سەرمێزو ناوگوڵدان و پەرداخ و حەوشه و هەیوان و ئینجانه و باخچەی ماڵەکانتاندا دابنێن، وەک هێمایەک بۆ ڕێزگرتن لەم مرۆڤە میهرەبانانە.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا
11-06-202011-06-2020