دەزگای رۆشنبیری پارتی: یەکگرتوو تۆمەتی بێ بنەما دەخەنە پاڵ حکومەت
وەڵامێک لەبەشی رۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستانپارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
دوێنێ 12ی ئابی 2020، ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، راگەیەندراوێکی دەربارەی دۆخی هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە، له و راگەیە ندراوەیاندا بەشێوەیەکی نالۆژیکانە کۆمەڵێک تۆمەتی بێبنەمایان ریزکردوون و ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە، ئەمەش وەک ئەوەی تا ئێستاش یەکگرتوو لە بەشێکدا خۆی بەشداری دامودەزگاکانی حکوومەت نەبێت، لەمەش زیاتر ئەنجوومەنی یەکگرتووی ئیسلامی باس لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات، ئەمە لەکاتێکدا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرەتاوە هەموو رێگەیەکی بۆ تەشەنە نەکردنی ئەم پەتایە گرتووەتە بەر، بەڵام سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی گاڵتەیان بە هەوڵەکانی حکوومەت دەکرد و، لە سۆشیال میدیاوە رایان دەگەیاند کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونی نییە و حکوومەت بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی ئەم رێوشوێنە توندانەی گرتووەتە بەر!
سەبارەت بە بژێوی هاووڵاتیان و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانیش، راگەیەندراوەکەی یەکگرتوو لەجیاتی ئەوەی وەک حزبێکی سیاسی کوردستانی هاوکار و پشتگیر بێت بۆ ئەوەی هەموو هەوڵەکان یەکبخرێن و ئەم قەیرانە تێپەڕێنین و، ئامادەباشی دەرببڕن بۆ چارەسەرێکی بابەتیانەی ئەم کێشانە، هەوڵی چەواشەکاریان خستووەتە گەڕ و تۆمەتی بێ بنەما دەدەنە پاڵ هەوڵەکانی حکوومەت و، دەیانەوێت قەیرانی دارایش هاوشێوەی پەتای کۆرۆنا وەک کارتێکی سیاسی بۆ مەرامی حزبی بەکاربهێنن. هەروەک لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا باس لە پرۆسەی چاکسازی دەکەن و دەیانەوێت خۆیان وا نیشان بدەن کە پەرۆشی چاکسازین، دیارە پرۆسەی چاکسازی وەک پرۆسەیەکی گشتگیر لە چوارچێوەی یاسادا دەستی پێکراوە و، پرۆسەکە لەوە گەورەترە کە بکرێتە موزایەدەیەکی سیاسی بێ بنەماو و بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی خۆیان وەک داهێنەری چاکسازی وێنا بکەن و، وای نیشانبدەن کە هەنگاوی جیددی بۆ پرۆسەی چاکسازی هەڵنەگیراوە.
ئەوەی بۆ ئێستای بارودۆخی هەرێمی کوردستان ئەولەویەتە، ئەوەیە کە هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لایەنە کوردستانییە دڵسۆزەکان لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکاندابن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق، بەپێچەوانەوە ئەو کەلێنەی ئێوەومانان دەیخەینەڕوو، لایەنی دیکە گرەوی لەسەر دەکەن و، جێگەی خۆیەتی ئەوەش بڵێین، لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی بەغدا خۆی لە گەیشتن بەرێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم دەدزێتەوە، بەشێک لە ناوخۆش هاوکاری رەوایەتییدان بەو خۆدزینەوەیەی بەغدان و، ئامانجیانە باردۆخی هەرێم ئاڵۆز بێت بۆ ئەوەی سوودی لێوەربگرن، کە ئەمەش یاریکردنە بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و تاسەر هاووڵاتیانی پێ چەواشە ناکرێت.
لە کۆتایدا رێگا دروستەکە بۆ چارەسەرکردنی گرفتە سیاسی و ئابوورییەکان و جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، یەکدەستی و قوڵکردنەوەی گیانی هاریکاری و پێکەوەیی سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکانە نەک مزایەدەکردن و گوتاری بێ کردار، بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە خزمەتکردن و باشکردنی گوزەرانی هاووڵاتیان و رەخساندنی زەمینەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونی گونجاوی شایستەی گەلی خۆڕاگری کوردستان بە مزایەدەکردن و تۆمەت بەخشینەوە نایەتەدی وەک چۆن لە رابردووش مزایەدەچییەکان هیچیان بۆ خەڵک و خۆشیان بەدەست نەهێناوە...
بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
13-08-202013-08-2020