لەو کاتژمێرانە لە مانگی ڕەمەزان کە بەڕۆژوو دەبیت و خۆت لە خواردن و خواردنەوە بەدوور دەگریت، لەگەڵ ئەوانەشدا پێویستە خۆت لە چەند کارێکی دیکە بەدووربگریت بۆ ئەوەی لە خێری ڕۆژووەکەت کەمنەبێتەوە و لە هەمان کاتدا زیان بە خۆت نەگەیەنیت.
1. بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
ئاساییە ئەگەر بۆ پێویستی ڕۆژانەی خۆت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنیت، بەڵام زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی و بەسەربردنی کاتەکانت بە بینینی کۆمەڵێک بڵاوکراوە کە سوودت پێناگەیەنێت زیانی هەیە، هەوڵبدە لەبری ئەوە لەگەڵ خێزانەکەت کۆبنەوە، هەروەها کەڵک لە کاتەکانی ئەم مانگە ببینە بۆ داوای لێخۆشبوون و کردنی کاری چاکە.
2. بازاڕکردن
بازاڕکردن بە برسێتی وادەکات ئارەزووی کڕینی زۆرێک لە خواردن و خواردنەوکانت هەبێت و سەرنج ناخەیتە سەر پێداویستییەکانت، ئەمەش وادەکات پارەیەکی زۆر بەهەدەر بدەیت و کێشی جەستەت زیاد بکات، هەمیشە واباشترە بەتێری بازاڕ بکەیت.
3. باسکردنی کەسانی دیکە
قسەوقسەڵۆک و باسکردنی کەسانی دیکە لە پشتەوە کارێکی باش نییە، زمانت بپارێزە لە باسکردنی کەسانی دیکە.
4. خەوتن
ئاساییە لەدوای پارشێوکردن بخەویتەوە تا بەیانییەکەی، بەڵام خەوتن بە ڕۆژ تا ئەوکاتەی کە بانگی ئێوارە دەدات زیانی هەیە، لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە. [1]