=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: نامەی سەربازێکی تورک، لەبارەی کوشتنی منداڵ و ژن لە کۆمەڵکووژی #دەرسیم#.=KTML_End=
نووسینی: #کارزان گلی#
نامەکە دڵ دەکات بەئاو، زۆر کاریگەرە و لە هەمان کات بێویژدانانەیە.
کە باس لە کۆمەڵکووژی دەرسیم دەکەین، باس لە ڕووداوێکی ئاسایی ناکەین، کە تەنیا وەکوو مێژوو مابێتەوە و قسەی لەسەر بکرێت، نەخێر ئەمە ڕووداوێک و پیلانێکی بێویژدانانەی حکوومەتی ئەوکاتی تورکیایە، بۆ لەناوبردن و کۆتایی هێنان بە نەتەوەی کورد بووە، دەبێت ئەو کۆمەڵکووژیانە وانەی لێوەربگیرێت کە دووبارە نەبێتەوە، هەروەها شەرعییەتی بوونی کورد و بەرگری کورد نیشان دەدات، بەوەی دوای ئەو هەموو ستەم و زوڵمەی لێیکراوە، شایەنی ئەوەیە وڵاتی خۆی هەبێت.
لە تورکیا سەدان وتار و لێکۆڵینەوە لەسەر کۆمەڵکووژی دەرسیم نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە، بەزمانی #سۆران#یش لەبارەی کۆمەڵکووژی دەرسیم دەیان وتار بوونی هەیە، بۆیە ئەو کۆمەڵکووژییە ناسراوە لەلای باشوورییەکان، ئەوەی گرنگە، ئێمە لە گۆشەنیکایەکی ترەوە باسی بکەین، واتە بەشێوەیەک باسی بکەین، کە پێشتر قسەی لەبارەوە نەکراوە، هەروەها نیشانی بدەین کە حکوومەتی ئەوکاتی تورکیا چەند دڕندە بووە بەرامبەر بە کورد، تەنانەت هەموو ڕێگەیەکی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی کۆتاییان پێ بهێنێت، بەڵام نەتەوەی کورد، وەکوو گوڵە سەوسەن ڕەگەکەی قوڵە و بەپەلەیی گەشەی کردووەتەوە.
دەرسیمییەکان، بە ڕێبەرایەتی
سەید ڕەزاسەید ڕەزای دەرسیم، کە پیاوێکی گرنگ و سەرۆک عەشیرەتێکی بەویقاری دەرسیم بووە، ناڕازی بوونە لەو سیستەمە خراپەی ئەوکاتی تورکیا بەرامبەر بە کورد، ئەوان داوای مافی کوردیان کرد، کەچی بە کۆمەڵکووژکردنیان وەڵام درانەوە.
بەڵگەکان زۆرن لەسەر کۆمەڵکووژی دەرسیم، بۆیە حکوومەتەکانی دوای 1950، نەیانتوانیوە ئینکاری ئەو کۆمەڵکووژییە بکەن، تەنانەت ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، لە چەند وتارێکدا جەهەپەی تۆمەتبار کرد، بەوەی کۆمەڵکووژی دەرسیمیان کردووە و پێویستە داوای لێبوردن لە دەرسیمییەکان بکەن.
دەرسیمییەکان زۆربەیان کوردی عەلەوین، ئەوان نیشتیمانی خۆیان زۆر خۆش دەوێت، کاتێک سیاسەتیش دەکەن زۆر بە شەریفانە دەیکەن، هەروەها بڕوای تەواویان بەوە هەیە، کورد ببێتە خاوەن وڵاتی خۆی، بۆیە ئەگەر سەیری هەموو ئەو بزوتنەوە سیاسییە کوردانە بکەین کە دروست بوون، تەنانەت بەشێکی زۆری سەرهەڵدانەکان، کوردی عەلەوی بوونە، لەناو #پەکەکە#ش عەلەوییە کوردەکان ڕۆڵی گەورە و بەرچاویان هەبووە، نموونە
ساکینە جانسزساکینە جانسز.
نامەی سەربازێکی تورک وەکوو بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ وەحشیگەریی سوپای ئەوکاتی تورکیا بەرامبەر بە دەرسیمییەکان.
عەلی ئۆز، یەکێکە لەو سەربازانەی بەشداری لە کۆمەڵکووژکردنی دەرسیمییەکان کردووە، ئەوکات پاسەوانی تایبەتی فەرماندەی باڵا عەبدوڵا ئاڵپدۆغان بووە، کە ئەوکات سەرۆکایەتی ئەو کۆمەڵکووژییەی دەرسیمی کردووە. عەلی ئۆز، بەهۆی ئەو کوشتن و بێویژدانییەی بەرامبەر بە دەرسیمییەکان لەگەڵ سەربازەکانی تر کردوویەتی، باری تەندروستیی تێکدەچێت و دووچاری نەخۆشی دەروونی دەبێت، بۆیە بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت، لە نامەیەکدا لە 1946 کە هەڵەی زمانەوانیشی تێدایە و دیارە کەسێک نییە خوێدەواری باش بێت، بۆ پزیشکە تایبەتەکەی خۆی نووسیوە و ویستویەتی پێی بڵێت کە بۆچی دووچاری ئەو نەخۆشییە بووە، هەموو ڕاستییەکانی ئاشکرا کردووە.
بۆیە دوای ئەو نامەیە، داوا لە عەبدوڵا ئاڵپدۆغان دەکات، کە ئەو لەلای پاسەوان بووە، پەلە بکات لەوەی نامەکە وەربگرێتەوە و ئاشکرا نەبن کە لەو کۆمەڵکووژییەودا چییان کردووە، بەڵام نامەکە کەوتە دەستی میدیا و بڵاوکرایەوە، ئەمەش وەکوو هەموو کۆمەڵکوژییەکانی تر کە بەسەر کورددا هاتووە، بەبێ ئەوەی کەسی تێدا سزا بدرێت تێپەڕی و ساڵانە تەنیا یادی ئەو کۆمەڵکووژییە دەکرێتەوە و ئێستاش تورکی نەژادپەرست هەیە، کە بەرپرسی باڵاشە، بۆی ڕێکبکەوێت، بەهەمان عەقڵییەتی 1938، کە چۆن دەرسیمییەکانیان کۆمەڵکووژ کرد، کورد کۆمەڵکووژ دەکەنەوە.
نامەی عەلی ئۆز وەکوو خۆی دادەنێم، کە بۆ وەزیری ناوەخۆی ئەوکاتی تورکیای نووسیوە بەناوی شووکرو سۆکمەن سوەر:
“من عەلی ئۆزم، بەشداریم لە بزوتنەوەی دەرسیمدا کردووە، نازانم منت بیر ماوە یان نا، من بە ژمارەی 937\938 وەکوو سەربازێک بەشداریم لەو بزوتنەوەیەدا کردووە. دەستە ڕاستی پاشام ئاڵپدۆغان بووم، وەکوو پارێزگاریکردن لەو، ئەو شەڕفەم پێدرا کە بەدڵسۆزی کارەکەم ئەنجام بدەم، خوا لە پاشامان ڕازی بێت. لە تەسکەرەکەمدا تەلەفۆنم بۆ کردیت و تکام لێ کردیت کە بەشداربم لەو کارە و هاوکاریت کردم و ڕاستەوخۆ بۆ ئەنکەرا هاتمە لات و بەیەکەوە نانیشمان خوارد. تەلەفۆنت بۆ بەڕێوەبەری گشتی کرد و داوات لێ کرد کە لەو کارەدا بەشدار بم، خوا لێت ڕازی بێت وەزیرم، لە سایەی ئێوەدا بوومە خاوەن نانی خۆم و خانووی خۆم و هاوسەرگیریم کرد و سێ منداڵم هەیە کە دوانیان کچن، کوڕەکەشم دەستت ماچ دەکات. تاوەکوو ئێستا هەموو شتەکان وەکوو خۆی ڕۆیشتبوو، بەڵام لە ئیزمیر هاوڕێیەکی سەردەمی سەربازم بەناوی ئەدهەم هاتە لام و سەردانیکردم، ئەو بەتەواوی بارودۆخی دەروونی شێوابوو و خۆی لەبیر چووبووەوە، ئەویش هەر خۆت لە ئیزمیر کارت بۆی دۆزیبووەوە، لە کارەکەی دەریان کرد و بەدوای کاردا دەگەڕێت، ئەو 15 ڕۆژ میوانی من بوو. وەزیرم، ئەو مێشکی زۆر لە دەستداوە، لەسەر جێگا هەڵدەستێت و ڕادەکات و لەبەرخۆیەوە دەڵێت، فەرماندەکەم من ئەوە ناکەم دەست و قاچت ماچ دەکەم، بەو قسانەوە لە شەقامەکان هاوار دەکات و بەزۆر دەتوانم کۆنتڕۆڵی بکەم. ئەو کوشتنی ئەو منداڵانەی دەرسیم بەدەستی خۆی زۆر کاری تێکردووە و ناتوانێت بخەوێت و نیگەرانی کردووە، ناچاربووم بیبەمەوە بۆ لای خێزانەکەی و ڕادەستی ئەوانم کرد. دوای ئەوەی ڕادەستی خێزانەکەیم کردەوە، هەواڵم بۆ هات کە خۆی کوشتووە، زۆر نیگەران بووم وەزیرم.
ئەم ڕووداوە لەناخەوە کاری تێکردم و هەموو ئەو ڕووداوانەی منیش تێیدا بەشداربوومە لە دەرسیم، هەموویم هاتوەتەوە بیر، ئەو منداڵانەم دێتەوە بیر کە بەدەستی خۆم کوشتوومن، منیش مێشکم پێوەی سەرقاڵە و نە دەتوانم بنوم و نە نانیشم بۆ دەخورێت. زۆرجار لەسەر جێگە هەڵدەستم و خۆم ون دەکەم، کەوتوومەتە بوارێکەوە نازانم بۆ کوێ چووم و چیم کردووە و چیم گوتووە. بەڕێوەبەرەکانم بە زۆر منیان بردە لای پزیشکی دەروونی، وەزیرم، پزیشک هەموو ئەو ڕووداوانەی بەسەرم هاتووە، لەسەر کاغەزێکدا پێی نووسیم و ئیمزای پێکردم و ئێستاش چارەسەر بەکاردەهێنم و سێ مانگ مۆڵەتیان داوە پێم. بەڵام وەزیرم، پاشام پێی گوتم، ئەو ڕووداوانەی ڕوو دەدات لە دەرسیم، لای هیچ کەسێکی مەدەنی باسی نەکەن، تەنانەت لای دایک و باکیشتان، گەر وا نەکەن، هەمووتان هەڵدەواسن. هەموو ڕووداوەکەم نووسی و ئیمزاشم کرد، نازانم هیچم بەسەر دێت یان نا، لەئێستاوە ترسم لێنیشتووە، داوام لە پزیشک کرد کە نامەکەم بداتەوە، گوتی ئەمە مومکین نییە و نادرێتەوە. وەزیرم سێ جار نامەم بۆ پاشام ناردووە و وەڵامی نییە، بۆیە بەتۆ دەڵێم دەستوەردان بکەیت و ئەو نامەیەی نووسیومە لە پزیشکەکەی وەرگریتەوە زۆر سوپاست دەکەم، ئەوەی بۆ پزیشکم نووسیوە، بەشێوەیەکی گشتی بەم شێوەیەیە:
بابەتی مازکیرت تەرسەمەک دەزانیت، بەژمارەی 937\938 بەشداریم لە بزوتنەوەی دەرسیمدا کردووە، پاسەوانی تایبەتی پاشام بووم، لە شاکیلیلەر شەڕێکی زۆر بەرپا بوو، ئەو کەسانەی لە شاکیلەر خۆیان ڕادەست کرد، ئافرەت و منداڵ بوون، بەڵام بەبێ ئەوەی بڵێین ئەمە منداڵە هەموویانمان کوشت، پاشان بەنزینمان بە هەموویاندا کرد و هەموویانمان سووتاند، هەندێک جاریش پاشا دەیگوت بەزیندوویی بەنزینیان پێدا بکەن و بیانسوتێنن و ئەوەشمان کرد، ئەوان هاواریان دەکرد و دەپاڕانەوە، بەڵام دوای سوتانەکە دەبوون بە خۆڵەمێش و بۆنی سوتانی کۆشت ئەو ناوەی تەنیبوو.
تەرسەمەک زۆر جیاواز بوو، هەواڵ لەلایەن ئامر لیواوە بۆ پاشامان هات، کە هەندێک لە منداڵ و ژن، لە کەناری ڕووبارەکە خۆیان شاردووەتەوە، چی بکەین؟ پاشاش پێی گوتن هەموویان بکوژن و بیانسوتێنن، دوای دوو سەعات زانیاری هات، کە هیچ سەربازێک جورئەتی ئەوەی نەبووە کە منداڵ بکوژێت و فەرمانەکەیان گوێ لێڕانەگرتووە و پشتگوێیان خستووە، بۆیە پاشان زۆر توڕە بوو و لەگەڵ کۆمەڵێک سەرباز ڕۆیشتن بۆ ئەوێ و لە ئامر لێوایەکە و سەربازەکانیدا و جنێوی زۆری پێدان و گوتی هەموو ئافرەت و منداڵەکان ڕێزکەن، ئافرەت و منداڵەکان زۆر گریان و هاواریان کرد، فایدەی نەبوو، ئەوان پێڵاوێکی زۆر باشیان لەپێ نەبوو، بۆیە پێی هەموویانیان بەستەوە و پاشان دەمیان بەپەڕۆیەک بەستنەوە و پاشا گوتی، ئێستا سەربازەکان بەئێوە دەڵێم، ئەم منداڵ و ئافرەتانە هەموویان خیانەتیان لە نیشتیمان کردووە و زوڵن، ئەوان بکووژی هاوڕێکانی ئێوەن، ئەگەر گەورە بن، بەردەوام دەبن لەسەر کوشتنی هاوڕێکانی ئێوە، بۆیە دەبێت لەڕەگەوە دەریان بهێنین، وەکوو چۆن ئەرمەنییەکانمان لە ڕەگەوە وشک کرد، تەنیا کورد و کزلباشییەکان ماون. ئەگەر دەتانەوێت منداڵەکانتان بە دڵخۆشی بژین، بەبێ ئەوەی ئازار بچێژن بیانکوژن، چونکە حکوومەت و سەرکۆمارمان فەرمانی پێ کردوین بەرد لەسەر بەرد نەهێڵین. دەبێت بشزانن کە هیچ کەسێک لەسەر ئەمە لێپێچینەوەتان لەگەڵدا ناکات، بەڵێنتان پێ دەدەم. ئێستا هەر کەسە و یەکێک لەوانە بکوژێت، بە ئامر لیوایەکەی گوت بڕۆ دوان لەوانە بهێنە (مەبەستی ئافرەت و منداڵە گێراوەکانە)، دوو منداڵیان هێنا و لەسەری هەردوکیانیاندا و مردن، پاشان سەربازی سێیەم هات کە خەڵکی #ئامەد# بوو و ناوی ساڵح بوو، بۆ لای منداڵەکان ڕۆیشت و خۆی بۆ چەماندنەوە و گوتی فەرماندەکەم من ئەوە ناکەم، بۆ خۆم منداڵم هەیە و منداڵ بێتاوانە و ئەوانە هیچ تاوانێکیان نییە. پاشان پاشام گوتی هەی لە هەموو ئافرەتێکی کورد بەم، تۆ لەبەر ئەوەی ئەوانیش کوردن بۆیە دەستت ناچێتە گیانیان؟ بۆیە گولەیەکی بەسەری سەربازەکەوە نا و کوشتنی و گوتی، هەرکەسێک ئەو منداڵ و ئافرەتانە نەکوژێت، وەکوو ئەو سەربازە گولە بەسەرییەوە دەنێم، بۆیە هەموو ترسان و فەرمانی کوشتنەکەیان جێبەجێ کرد.
هەرکە سەربازەکان گولەیان لەسەری منداڵ و ئافرەتەکان دەدا، پاشا بۆ خۆی لەسەر مردوەکان دەڕۆیشت و گولەی پێوە دەنانەوە تا دڵنیا بێت کوژراون، بۆیە هەموو سەربازەکان بەناچاری فەرمانەکەیان جێبەجێ کرد. پاشان نۆرەی من هات و گوتی وەرە، سێ منداڵ مابوو تا بکوژرێن، گوتی تۆش ئەو سێ منداڵە بکوژرە. منداڵەکان کەوتبوونە سەر زەوی و خۆیان پیس کردبوو، حاڵیان زۆر پەرێشان بوو و دەگریان، سەیری چاویانم کرد و هەرسێکیانم کوشت، بەڵام چاویان لە جگەری دام، هەرگیز چاویانم بیر ناچێتەوە. ئەو ڕۆژە 80 منداڵ و 30 ئافرەت کوژران و تەرمی هەمووشیانمان خستە ناو ئاوی مورادەوە و ڕووبارەکە هەمووی ببوە خوێن.
بەڕێز وەزیرم، ئەوەی نووسیومە بەشێوەیەکی گشتی ئەوە بووە کە بۆ پزیشکەکەم نووسیوە و ئیمزام کردووە، ئەگەر پزیشک ئەمە بداتە داواکاری گشتی، هەموومان دەکەوینە بوارێکی زۆر خراپەوە. ئێمە کۆیلەی فەرمانین، بۆیە تەنیا فەرمانمان جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەگەر ئەمە ئاشکرا بێت، چۆن بتوانم سەیری منداڵ و هاوسەرەکەم بکەم. وەزیرم، ئەگەر لەگەڵ پاشامدا قسە بکەیت و ئەمەی پێ بڵێیت.
چاوەڕێی وەڵامم بەپەلە، تکات لێ دەکەم و لێت دەپارێمەوە، ئەو نووسینە لە پزیشکەکە وەربگرەوە. [1]
دەستت ماچ دەکەم بەڕێز وەزیر
17ی 12ی 1946
ئیزمیر
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=