نووسینی: سەباح مەلا عەبدوڵڵا
کاک جەعفەر محەمەدی، کوڕی کاکەبرا، لەدایکبووی 1345ی هەتاوی / 1966ی زایینی لە گوندی زەلکەی #مەریوان#، ناسراو بە جافر زەلکەیی لە منداڵییەوە هۆگری مۆسیقا بووە و لەنێو بنەماڵەکەی خۆیدا و لەسەر دەستی دوو برای لە خۆی گەورەتری، لە تەمەنی 12 ساڵیدا فێری ژەندنی ئامێری شمشاڵ بوو.
لە ڕێگەی کاسێتەوە؛ لە هونەری مامۆستای بێ هاوتا
قالە مەڕەقالە مەڕە و شمشاڵژەنی دێرین و بەتوانای مەریوان حەمە وەستای کانیسانان و هەروەها لە نزیکەوەش لەم ژەنیارانەی شمشاڵ لە ناوچەی مەریواندا کەڵک یاخۆ ڕێنموونی پێویستی وەرگرتووە: ئەحمەد زەلکەیی (ئەحا خازێ) ، محەمەد پیرسەفایی (حەمە خاولی) ، فایەق نژماری، مستەفا سێفی، عەبدوڵڵا کانیسانانی و مەحموود کاڵی.
ساڵی 1362 ە / 1983 ز، بە فەرمی ژیانی هونەری دەستپێکرد و بۆ یەکەمجار لە زەماوەنددا شمشاڵی لێدا. بەرەبەرە ناوبانگی دەرکرد و بەردەنگی خۆی پەیدا کرد و خەڵک یان گۆرانیوێژەکان دێبەدێ و ناوچە بە ناوچە، لە بۆنەکاندا دەچوون بە شوێنیدا و لە هونەرەکەی کەڵک و چێژیان وەردەگرت.
لەگەڵ زۆربەی نزیک بە هەموو گۆرانیوێژەکانی مەریوان و هەوراماندا کاری کردووە و بەرهەمی هاوبەشیان تۆمار کردووە لەوانە: مامۆستایان عوسمان هەورامی، حەمەحسێن کەییمنەیی، سەباح هەورامی، عەینەدین، حەمە مەلا، حەمەومین خواشتی، ئەبووبەکر ئەسکۆڵی و...
کاک جافر وەک ژەنیار و کاک عومەر کارێزی (گۆرانیوێژ) پێکەوە تیپێکی مۆسیقایان دامەزراند و چەندین ساڵ شێلگیرانە خزمەتیان بە مۆسیقا و گۆرانیی کوردی کرد و بەتایبەت لەگەڵ گرووپی هەڵپەڕکێی دوانزە سوارەی مەریوان و تیپە هەڵپەڕکێکانی دیکەدا دەیان بەرهەمی هونەرییان خولقاند و سەدان ئاهەنگی فۆلکلۆریکیان زیندوو کردەوە.
مامۆستا جافر لە چەندین فستیواڵی هونەری لە هەر دوو دیوی کوردستان و ناوخۆی ئێراندا بەشداری کردووە و چەندین خەڵات و ڕێزنامەی هونەریی پێ بەخشراوە.
وێڕای شمشاڵ، ئامێرەکانی زوڕنا و دووزەلە و باڵەبان/یشی دەژەنی و سەرەڕای دانانی چەند ئاهەنگ، شمشاڵی بۆ زیاتر لە چوارسەد گۆرانی سۆرانی و هەورامی لێداوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە شمشاڵژەنەکانی پێش لە مامۆستا جافر تەنیا لە چەند ئاهەنگێکی کەمدا شارەزاییان بووە.
بەهۆی کەمدەستی و بێ دەرەتانیی بنەماڵە و ڕووداوەکانی ناوچە، بواری درێژەپێدانی خوێندنی نەبووە و لە قۆناغی ناوەندیدا دەستی لە قوتابخانە کێشا.
ساڵی 1372 ە / 1993 ز، ژیانی هاوبەشی پێکهێنا و ئێستا خاوەنی پێنج منداڵە.
وەکوو زۆربەی هونەرمەندانی کورد، مامۆستا جافریش ژەنیاری و چالاکی هونەری نەیتوانی بژێوی ژیانی دابین بکات و لەگەڵ ئەوەی کە هیچکات دانەبڕا لە هونەر؛ شوانی، جووتیاری، کرێکاری، بەنایی، کەسابەتی مەرز و هتدی کردووە و دوایین پیشەیشی شۆفیری تاکسیی هێڵی مەریوان-کانیدینار بوو و زیاتر لە بیست ساڵە دانیشتووی شارۆچکەی کانیدینارە.
ئەم چریکە خۆشنەوایە ڕۆژی 24ی پووشپەڕی 1400 (2021-07-15) لە تەمەنی 55 ساڵیدا، بە ڕووداوی هاتوچوو لە ڕێگەی مەریوان-#سنە#دا کۆچی دوایی کرد.
تێبینی: ئەم بابەتە گووشراوەی وتوێژێکمە لەگەڵ مامۆستا جافردا کە زستانی 1394 / سەرەتای 2016 لە گەرمەی چالاکییەکانی لیژنەی ڕێزلێنان لە هونەرمەندانی مەریوان لە سەردانێکمان بۆ ماڵی ئەم هونەرمەندە، سازم دابوو.[1]