ئەو پەنجەرەیە دامەخەن!
نەبادا گەر لێرە نەبووم
لە پڕێکدا ڕۆژێ.. شەوێ
لە سەردانێکی ناوەختا
«باد»ی خۆش مروری
نالینالی
بە کەنەفتی
لە بەردەمی ژوورەکەمدا پەیدا بێت و
دابمێنێ و چاو بگێڕێ و ڕێگەی نەبێت بێتە ژوورێ!.
با ئەو قەڵەم و کاغەزە
هەر لەسەر ئەم
مێزە بن و لایان مەبەن!
ئەمە دنیایە و نەبادا لێرە نەبووم
لەناکاودا، خەیاڵێکی ئاونگاویی
«
مەولەویمەولەوی» بێتە ژوورەوە و
بییەوێ لەبەر چراوگی
گریاناویی مانگەشەوێ
بۆ چاوەکانی هەڵەبجە
شیعرێکی تازە بنووسێ!
با ئەو شووشەی بادەیە هەر
لە جێی خۆی بێ و هەڵنەگیرێ
نەبادا گەر لێرە نەبووم
ئێوارەیەک، لەناکاودا
(بێکەس) خۆی بکا بە ماڵدا.
با هەر لەسەر ئەم کورسییە
دابنیشێ و بەدەم خوێندنەوەی شیعرەوە
قوم قوم خەمی سپی و خەستی
بێکەسییەکەی خۆی بنۆشێ!.
با ئەو گیتارەیش هەر لەسەر
چرپاکەم بێ
هیچ کەس دەستی تێوە نەدا
نەبادا گەر لێرە نەبووم
لەناکاودا
«ئازاد هەورامی» بێ بۆ لام
با بیبینێ و هەڵی بگرێ و
تا دێمەوە هەر خۆی تەنیا
ئاوازە زۆر غەمبارەکەی
«مرا ببوس»ی پێ لێدا!
با ئەو کتێبەی «حەللاج»یش
دیار بێ و هەروا لەسەر ئەم تاقە بێ
نەبادا گەر لێرە نەبووم
لەناکاودا
«عبدالخالق» بێتە ماڵێ
با بیبینێ و تا دێمەوە
تەماشایکا و چاوەکانی
لە دێڕی خوێندا نوقوم کا!
با وێنەی ئەو منداڵانەیش
کەروێشکە بێلانەکانی شاری کەرکووک
لەم دیوارە نەکرێتەوە
نەبادا من لێرە نەبم و لە بەغداوە
لە پڕ «فەرەیدون عەلی ئەمین» بێتەوە و
نەیانبینێ و چیرۆکێکی
ئێسک سووکی منداڵانمان لە کیس بچێ!
با ئەم دوو سێ ڕۆژەیش دەرگای
حەوشەکەمان لەسەر پشت بێ
نەبادا گەر لێرە نەبووین
- لەم جەژنی ڕاپەڕینەدا-
لە شەهیدانی نەناسراو
لە شەهیدانی بێماڵ و بێناونیشان
گەڕانەوە و ڕێیان کەوتە ئەم کۆڵانە
با بیبینن و گیر نەخۆن و
دەم بە خەندە و
خوێن بە خەندە
یەکە یەکە بێنە ژوورێ! [1]
شاعیر: #شێرکۆ بێکەس#
بەرهەم: #مێرگی زام مێرگی هەتاو#
هۆنراوە: ماڵ