پەیمان محەمەد
وەزیری دارایی تورکیا دەڵێت: نابێت ڕێگە بدرێت بەربەست بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی ئاشتی درووست بکرێت، وتیشی، ''وەک تیمێک هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە سەر داڕشتنی سیاسەتەکان لەسەر بنەمای یاسا و بەگوێرەی بنەما نێودەوڵەتییەکان.''
محەمەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا لە سیمینارێکدا کە لەلایەن پەیمانگەی بروکینگزی ئەمریکی لە واشنتن بەڕێوەچوو، لە پانێڵێکدا لەبارەی پڕۆسەی ئاشتیی تورکیا و باکووری کوردستان ڕایگەیاند: ''تورکیا بە گشتی لەم ساڵانەی دواییدا لەژێر سەرکردایەتیی سەرۆک ئەردۆغاندا، هەوڵی جیدی داوە بۆ چارەسەکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان، لەنێویاندا پرسی کورد. بەڵام بەداخەوە
پەکەکەپەکەکە پشتی تێکرد و ڕێگەی وێرانکاری هەڵبژارد.''
محەمەد شیمشەک وتی: ''چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەستپێشخەرییەکی نائاسایی لەلایەن سەرکردەی مەهەپەوە هەبوو کە لەلایەن زۆر کەسەوە بە پارتێکی نەتەوەپەرست دادەنرێت، هەروەها کە هاوبەشی ئێمەیە لەنێو هاوپەیمانیی حکومەت. دەستپێشخەرییەکە ناوازە بوو.''
#دەوڵەت باخچەلی#، سەرۆکی مەهەپە ڕۆژی سێشەممە (22ی تشرینی یەکەم) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان هەڵبگیرێت و بێت لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەڕڵەمان قسە بکات و بڵێت تیرۆر بەتەواوی کۆتاییهاتووە و هاواربکات و بڵێت ڕێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵوەشێندراوەتەوە.
هەر ڕۆژێک دوای وتارەکەی باخچەلی، هێرشێکی چەکداری کرایە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی بەرگریی ئاسمانی (توساش) و دواتر نەپەگە بەشی سەربازیی پەکەکە، بەرپرسیارییەتییەکەی گرتە ئەستۆ. وەزیری دارایی تورکیا وتی: ''بڕوا ناکەم ئەوە بە ڕێککەوت بووبێت کە دوای کەمتر لە 24 کاژێر ئەو کارە تیرۆرستییە کرا. بەڵام ڕێگەنادەین ئەوە ببێتە ڕێگر، چونکە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو شتەی کە بۆ وڵاتەکەمان باشە.''
محەمەد شیمشەک جەختی لەوە کردەوە، ''ئەوەی کە بۆ وڵاتەکەمان باشە، بریتییە لە بەردەوامبوون لەسەر پەرەپێدانی ماف و ئازادە بنەڕەتییەکان و بنەماکانی دیموکراسیمان، چونکە ئەمە کلیلی خۆشگوزەرانیی درێژخایەنی ئێمەیە.''
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی پڕۆسەی ئاشتییەوە پەیامێکی لە ڕێگەی عومەر ئۆجەلانی برازای ڕایگەیاندووە و دەڵێت: گۆشەگیری بەردەوامە. ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی تیۆری و پراکتیکیی ئەوەم هەیە ئەم دۆخە لە زەمینەی پێکدادان و تووندوتیژییەوە ڕابکێشم بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی، ئەمە وەک عومەر ئۆجەلان ڕۆژی پێنجشەممە، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئاماژەی پێکردووە.
وەزیری دارایی تورکیا لەبارەی پڕۆسەی چارەسەرییەوە وتی: ''من هەمیشە گەشبینم و پێویستە واش بم، بەڵام گەشبینم بەوەی ڕێگە نەدرێت ئەم دەستپێشخەرییە، ئەم بانگەوازەی ئاشتەوایی ساردبێتەوە؛ هیوام بەوە هەیە کاری زیاتری لەسەر بکرێت، ناتوانین ڕێگە بدەین تووندوتیژی ببێتە بەربەست، چونکە ئەو کات ئەوان [پەکەکە] براوە دەبن. ناتوانین ڕێگەیان پێبدەین سەربکەون.'' وتیشی، ''تاوەکوو تورکیا بیداتەوە، پێویستە بەردەوام بین لە بەرەوپێشچوون. وەک تیمێک هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە سەر داڕشتنی سیاسەتەکان لەسەر بنەمای یاسا و بەگوێرەی بنەما نێودەوڵەتییەکان و تورکیا سوودی لەوە بینیوە. من گەشبینم بەوەی لە بوارەکانی دیکەش بەرەوپێشچوونمان دەبێت.''
هاوکات کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) کە باڵی سیاسیی پارتی کرێکارنی کوردستان (پەکەکە)یە، لە ڕاگەیێندراوێکدا پابەندبوونی خۆی بەو پڕۆسەیە نیشاندەدات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشکەشیکردووە.
کەجەکە پێیوایە، دیمکراسیبوونی تورکیا بەندە لەسەر چارەسەرکردنی دیموکراسیانەی دۆزی کورد و جەختدەکاتەوە: ''ئۆجەلان ئیرادەی بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمانە و نوێنەر و دانووستاندنکاری چارەسەریی دیموکراسیانەی دۆزی کوردیش، هەر ئۆجەلانە.
''کوردم و هاووڵاتییەکی سەربەرزی تورکیام''
محەمەد شیمشەک لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی لە کوردبوونی خۆی کرد و وتی: ''من بە نەتەوە کوردم و هاووڵاتییەکی سەربەرزی تورکیام، وێڕای ئەوەی تا تەمەنی شەش حەوت ساڵی، یەک وشەی تورکیم نەدەزانی.''
لەبارەی دایک و باوکیشییەوە دەڵێت: ئەوانیش جووتیار بوون و یەک وشەی تورکیان نەدەزانی، ''چونکە لە سەردەمی منداڵیی ئەواندا هیچ قوتابخانەیەک نەبوو و ئەوان لە ناوچەیەکی شاخاویی دوورەدەست بوون.''
وەزیری دارایی ئێراق وتی: ''من لێرەدا هەوڵی ئەوە نادەم پێت بڵێم لە پاشخانێکی زۆر سادەوە هاتووم، هەرچەندە ڕاستییەکەی هەر وایە، بەڵام مەبەستم ئەوە نییە، بەڵکوو مەبەستم ئەوەیە تورکیا نەتەوە و پێکهاتەی جیاجیای هەیە.'' [1]