دیار سلێمان
سەرۆکی پەڕڵەمانی تورکیا دەڵێت: 40 ساڵە شەڕی نێوان
پەکەکەپەکەکە و سوپای تورکیا بەردەوامە، بەڵام هیچ ناکۆکییەک لەنێوان کورد و تورکدا نییە.
ڕۆژی سێشەممە #12-11-2024# نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەڕڵەمانی تورکیا بەشداریی لە چالاکییەک لە پارێزگای ئوردور کرد و لەبارەی چەند مژارێک قسەی کرد.
کورتولموش وتی، هێزە داگیرکەرەکان ساڵانێکە بە چەک و لەڕووی هەواڵگری، سەربازی و سیاسییەوە پاڵپشتیی ئەو گرووپ و هێزانە دەکەن کە ئەنقەرە بە تیرۆریست پۆلێنیان دەکات، دەبێت ئەم یارییە تێکبدەین.
سەرۆکی پەڕڵەمانی تورکیا ئەوەی خستە ڕوو کە وڵاتەکەیان 40 ساڵە لەگەڵ پەکەکە لە شەڕدایە و وتیشی، پێداگرن لەوەی تورکیایەک بنیادبنێن تووندوتیژیی تێدا نەبێت.
بە وتەی کورتولموش، وێڕای ئەو دۆخەی لە 40 ساڵی ڕابردوودا درووستبووە، یەکڕیزی و برایەتی لە تورکیادا هەیە، هیچ ناکۆکییەک لەنێوان کورد و تورکدا نییە.
دوای ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی 1978 دامەزرا، شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا دەستی پێ کرد و تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە.
ئەم وتەیە لە کاتێکدایە، هەوڵێک لە تورکیا هەیە کە چاوەڕوانیی ئەوەی لێ دەکرێت ببێتە پڕۆسەیەکی چارەسەری.
#دەوڵەت باخچەلی#، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ڕۆژی #22-10-2024# لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەڕڵەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیێنێت و بەو جۆرەش شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کۆتایی پێ بێنێت کە 40 ساڵە بەردەوامە. [1]