هەوار ئیسماعیل
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لەبارەی بانگەوازەکەی بۆ #عەبدوڵڵا ئۆجەلان#، ڕێبەری زیندانیکراوی
پەکەکەپەکەکە دەڵێت: هیچ شتێکیان نییە پێی شەرمەزار بن و برا کوردەکانیان لە ئامێز دەگرن.
#دەوڵەت باخچەلی#، سەرۆکی مەهەپە ئەمڕۆ سێشەممە #12-11-2024# لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەڕڵەمانی تورکیا وتی، لە پشت هەموو شتێکەوە وەستاوین کە گوتوومانە و کردوومانە. هیچ شتێکمان نییە پێی شەرمەزار بین. برا کوردەکانمان لە ئامێز دەگرین.
لەبارەی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) باخچەلی قسەی کرد و وتی، پەکەکە لە دۆخێکی خراپدایە و هیچ شوێنێکی ئارام بۆ گەریلا نەماوە.
سەرۆکی مەهەپە بە پێویستی زانی پەکەکە چەک دابنێت و وتی، ئەگەر چەک هەبێت، سیاسەت بوونی نییە. ئەگەر تووندوتیژی هەبێت، زمانی خۆشەویستی و ئاشتی وشک دەبێت. مەهەپە لەپاڵ یەکڕیزیی نیشتمانی و برایەتی وەستاوە. ئێمە لە پشت هەموو شتێکەوە وەستاوین کە دەیکەین و دەیڵێین، نەوەک دەستمان، بەڵکوو جەستەشمان دەخەینە ژێر زنجیرە چیاکانەوە.
باخچەلی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوەی دەیکەن بۆ ئەوە نییە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەنگیان زیاد بکات، ئێمە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لەبەرچاو ناگرین، بەڵکوو نەوەکانی داهاتوومان بەلاوە گرنگن. نامانەوێت نەوەکانمان بەر هەمان کارەسات بکەون. ئێمە بیر لە دەنگەکان ناکەینەوە، کاتێک نیشتمان لەژێر هەڕەشەدایە. برا کوردەکانمان لە ئامێز دەگرین.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕۆژی 4ی تشرینی دووەم و دوای دانانی قەیووم بۆ شارەوانییەکانی چەند شارێکی باکووری کوردستان ڕووی دەمی کردە دەسەڵات و وتی، با باش بزانن کە سەید ڕەزا چی کرد؛ شێخ سەعید چی کرد؛ مەزڵوم و دەنیز و ساکینەکان چییان کرد؛ گەلی کورد و گەلانی تورکیاش ئەوە دەکەن کە ئەوان کردیان.
باخچەلی وەڵامی ئەو وتەیەی دایەوە و وتی، شێخ سەعید و سەید ڕەزا ناپاک و تیرۆریستی جوداخوازی ئەو سەردەمە بوون کە تێیدا ژیان. دوژمنانی گەل، کۆمار و دەوڵەت بەو جۆرە شایستە بوون، سزا دران.
ئەم گوتانە لە کاتێکدان، لە سەرەتای مانگی ڕابردووەوە هەوڵێک هەیە کە وەکوو پڕۆسەیەکی نوێی چارەسەری سەیر دەکرێت. [1]