هەوار ئیسماعیل
یاشار یڵدرم، یاریدەدەری #دەوڵەت باخچەلی#، سەرۆکی مەهەپە دەڵێت: تورکیایەکی بێ تیرۆر و بێ کێشەیان دەوێت و داوا لە
پەکەکەپەکەکە دەکات، چەک دابنێن و خۆیان ڕادەست بکەن.
یاشار یڵدرم لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە شاری خارپێتی باکووری کوردستان بە ئامادەبوونی ئەندامانی ڕێکخستنەکانی خارپێت، چەولیگ و مەڵەتی مەهەپە وتارێکی پێشکەشکرد.
یڵدرم وتی، سیاسەت بۆ ئاییندەی تورکیا دەکەن و تورکیایەکی بێ تیرۆر، تورکیایەکی بێ کێشە لە بەرەی نێوخۆی خواستی ئەوانە.
ئەو بەرپرسەی مەهەپە بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، پێویستە بەرەی نێوخۆ بەهێز بکرێت و وتی، ئەرکی لەپێشینەی سیاسەتڤان پاراستنی یەکپارچەیی وڵاتە.
یاشار یڵدرم لەبارەی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا وتی، هەموو شت بە چەک بەدەست نایەت و هەر بۆیە بانگهێشتیان دەکەن بۆ سیاسەت؛ دەبێت کەسێکیش بانگهێشتیان بکات. چەکەکانتان دابنێن و خۆتان ڕادەست بکەن. لەژێر یەک ئاڵا، لە یەک نیشتمان، لە یەک دەوڵەتدا بژین و ئێمەش ئەوەی پێویست بێت دەیکەین.
یڵدرم بە ئاماژەدان بە وتارەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەڕڵەمان وتی، دەوڵەت باخچەلی لە خۆیەوە هیچ قسەیەک ناکات. دەوڵەتداریی دەوڵەت باخچەلی گفتوگۆی لەسەر ناکرێت. تورکیایەکی بێ تیرۆر، تورکیایەکی بێ چەک، تورکیایەک کە لە بەرەی نێوخۆیدا هیچ کێشەیەکی نەبێت، ئەوە خواستی ئێمەیە.
ئەو بەرپرسەی مەهەپە وتی، لەلایەکەوە ئیسرائیل بەبێ گوێدانە منداڵ و کەسانی بەساڵاچوو، نەوەیەک لەنێودەبات؛ لە سەرووی ئیمەوە ڕووسیا و ئۆکرانیا شەڕ دەکەن. دووری یەکێکیان هەزار کیلۆمەترە، دووری ئەوی دیکەیان 150 کیلۆمەترە. ئێمە لەو نێوەندەداین. هەر بۆیە ناچارین لە ناوەوە یەکگرتوو بین؛ نابێت لە ناوەوە تیرۆر و چالاکیی تیرۆریستی هەبێت.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە ڕۆژی یەکی تشرینی یەکەم کە ڕۆژی کردنەوەی خولی نوێی پەڕڵەمان بوو تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد و ڕۆژی 22ی تشرینی یەکەم هەنگاوێکی دیکەی نا و بانگی لە #عەبدوڵڵا ئۆجەلان#، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد کە بێت بۆ پەڕڵەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت تیرۆر بەتەواوی کۆتاییهاتووە و ڕێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە و دواتر لە چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەی فراکسیۆنی پارتەکە پێداگری لە قسەکانی خۆی کرد.
باخچەلی کە هاوپەیمانی ئاکپارتییە، لەلایەکەوە پێداگرە لەسەر پەیامەکانی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لەلایەکی دیکەوە دەڵێت: کۆتاییهاتنی پەکەکە نزیکە و دەم پارتی و جەهەپەش تۆمەتبار دەکات بەوەی بە فەرمانی قەندیل هەڵدەسووڕێن. [1]