کۆسار عوسمان
ئیلهان سامی چۆماک، شاعیری کوردی خەڵکی باکووری کوردستان ساڵی 1994 دەستگیر کرا و سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەردا سەپێنرا، ئەمڕۆ سێشەممە #26-11-2024# ئازاد کرا.
هەرچەندە ئیلهان سامی چۆماک ماوەی زیندانییەکەی تەواوکردبوو، بەڵام ئاستەنگ دەخرایە بەردەم ئازادبوونی.
چۆماک دواجار ڕۆژی سێشەممە 26-11-2024 لە گرتووخانەی سیلیڤری لە ئیستەنبووڵ ئازاد کرا و لەلایەن کەسوکار و بەشێک لە سیاسەتڤانانەوە پێشوازیی لێکرا.
ئەو شاعیرە کوردە لە تەمەنی 22 ساڵیدا خرایە گرتووخانە و لە تەمەنی 52 ساڵیدا لە زیندان دەرچوو؛ لە 30 ساڵی ڕابردوودا لە چەند گرتووخانەیەکی جیاوازی تورکیا سزاکەی بەسەربرد.
ئەو کاتەی ئیلهان سامی چۆماک لە ساڵی 1994 دەستگیر کرا، خوێندکاری بەشی جوگرافیا بوو لە زانکۆی ئیستەنبووڵ.
چۆماک چەند تۆمەتێکی درابووە پاڵ کە وەکوو هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەت سەیردەکران؛ بۆ نموونە، تۆمەتبار کرا بە سووتاندنی دارستان و ئەنجامدانی چالاکی بۆ
پەکەکەپەکەکە، دواجار سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەردا سەپێنرا.
دادگەیی ئیلهان سامی چۆماک لە ساڵی 1994 دەستی پێ کرد و شەش ساڵی خایاند؛ ساڵی 2000 دادوەر بڕیاری سزای زیندانیی بەسەردا خوێندەوە.
چۆماک لەو ماوەیەدا ژمارەیەک پەرتووکی نووسیوون، لەوانەش، بۆ تۆ هاتم، دەریای کراوە، دابەشنەکردنی ڕێسای مێرووەکان، دواجار لە ژیانداین و زۆرم خۆش دەوێیت.
زیندانی تاهەتایی لە تورکیا ماوەکەی 30 ساڵە. [1]